ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو

عومەر محەمەد:
ئەو کاروانەی بۆ هەواری ئێمە نەچوو. ناوی کتێبێکی قەبارە ئەستوری ٦.٢ لاپەڕەیە، یادەوەری لاوێکی تێکۆشەرو خوێنگەرمی شاری کەرکوکە، کتێبێکی گرنگ و شایان بەخوێندنەوەو توێژینەوەیە. بە پێنوسی کاک سالار ڕەشید بەوردی و سەلیقەیەکی باش و بەئەمانەتەوە نوسراوە. هەتا ئەو ئاستەی رۆژی روداوەکانیش فەرامۆش نەکراون، بەڵکو وادەو رۆژی رووداوەکان وەک بەڵگەی سەلمێنەر نوسراون. لەیادەوەرییەکەیدا نوسەر لەوێناکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیان و زەحمەتی دایک وباوکی و خوشکەکانییەوە رۆدەچیتە ناو رۆژگاری ستەمکاری بەعس و پێویستی کاری سیاسی و میژووی کۆمەڵەی رەنجدەرانەوە لەشاری کەرکوکدا، ئەگەرچی دواتر بەهۆی جموجۆڵ وچالاکیەکانیەوە هەر لەکەرکوکدا قەتیس نامێنێ، بەڵکو دەگاتە هەولێرو زانکۆو چەمی رەزان و ئاوەژێ و کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەو رایەڵەکانی تری رێکخستن لە شارەکانیتری کوردستاندا. بەڵام زیاتر لەسەر تەوەری رێکخستنەکانی کۆمەڵە بەتایبەتیش کۆمیتەی ئاگر لەکەرکوکدا دەخولێتەوە .
وێنایەکی ڕون و هێڵکاریی جموجۆڵی سیاسی و رێکخراوەیی ساڵانی هەشتاکانە کە سەدان لاوی هاوشێوەی خۆی بەئازایەتی و دڵگەرمییەوە یاریان لەگەڵ مەرگدا کردووەو لەبەردەم ماشێنێکدا، کە بەعسیەکان بۆ هاڕینی هەر سیاسیەکی دژیان خستبوویانەگەڕ، بەشێکی یادەوەرییەکانیش ئاوڕدانەوەیەکی زیرەکانەی نوسەرە بۆ دۆخی هاوڵاتی کورد لەسایەی دەسەڵاتێکی تۆتالیتار، کە هیچ لاری نەبوو لەوەی لەسەر قسەیەک مرۆڤ لەسێدارە بدات چ جای وێڵ و عەوداڵی ئازادی و سەربەستی بێت!
هەڵوەستەیەکی گرنگە کەنوسەر دەربارەی کۆمەڵە کردوویەتی : کۆمەڵە ئەگەرچی رێکخراوێکی مارکسی لینینی و کۆمۆنیستی بوو، بەڵام هیچ قسەو باسێکی دەربارەی ئاین نەبوو ! لەبەرنامەکانیدا تێڕوانینی خۆی دیاری نەکردبوو…هتد ! ل ١٣٤
زیرەکی نوسەر ئەوەیە تەنها لە رابوردودا رامان ناگرێت، بەڵکو دەمانهێنێتەوە بۆ ئێستا هەرلە سۆنگەی رەخنە لەکۆمەڵەوە دەمانباتەوە بۆ ئەزمونە ناوازەو سەرکەوتووەکەی رۆژئاوای کوردستان، کە ئازایانە بەرنامەی خۆیان خستووەتەروو دینیان لەدەسەلات جیاکردووەتەوەو ژن و پیاویان لە ئەرک و مافدا یەکسان کردووە. ل ١٣٧
لەیادەوەرییەکانی کاک سالاردا ئەوەش دەخوێنینەوە کە رێکخستنەکان چۆن و بەچ دژوارییەک هەڵسوڕاون و سیاسیەکان لە شاخ چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەم تێکۆشەرانەدا کردووە. تیشکی لەسەر وریایی و لاموبالاتی هەندێک لە ئەندامانی رێکخستنیشە، کە نهینی پارێزێکی باش و گونجاو نەبوون بۆ ئەو دۆخە، بەڵکو موجازەفەیان بەمەرگی خۆیان و هاوڕێکانیشیانەوە کردووە، بەڵام سەرئەنجام ئەوەی ڕوونە و لە تایتڵی کتێبەکەوە تێدەگەین، کە زۆربەیان نامورادبوون و کاروانەکەیان نەگەیشتووەتە هەوار، چونکە کاروانەکە بەنەخشەیەکی تردا دەڕواو جڵەوی کەوتووەتە دەست کەسانێک دوربوون لە خەونی هەمووان و بێباکیش بوون لە گیان و خوێنی ئەو گەنجانەی بە دڵسۆزی بەڵام سەرکێشانە کەوتوونەتە شوێنیان و خۆیان بە کوشتداو بوونە قوربانی ئەو رێگەیەی کە باوەریان پێ بوو، بەڵام لەراستیدا رێگەکەیان هەڵەبوو.
نوسەر بەدیدێکی رونەوە پەلکێشمان دەکاتەوە ناو سەردەمی کاری نهێنی و لە هەندێک وێستگەدا راماندەگرێ و دەمانخاتە بەردەم پرسیاری قوڵ، ئەمە بۆ وابوو ؟ چۆن دەکرا وابێت ؟ خوێندکارانی زانكۆکان چۆن شوێن کەسانێک کەوتن، کە سادەترین خوێندنەوەیان بۆ شکۆمەندی مرۆڤ نەبووە !؟ زانکۆکان چۆن بوونە شوێنی رێکخستنەکانی ئەو حزبە سیاسیانەی سیاسەتیان پێدەکراو خەریکی سیاسەت نەبوون.!؟ ئینجا ناچارت دەکات لەگەشتەکەیدا لەگەڵیدا بێت، گەشتێکی درێژ کە هەندێک چیژی یادەوەری رۆژانی کاری رێکخراوەیی و زۆرتریش تراژیدیای کوردو دۆخی کەرکوک و رۆڵی کۆمیتەی ئاگر. کە ئەندامەکانی کۆمەڵە لەناو خانووی هەژاران و کۆڵانە فەرامۆشکراوەکانی شاری (زێڕی ڕەش) کەرکدا گیانبازییان کردووە. مامۆستا قادر و ئەسعەد عەزیز لەو ناوانەن کە لەکتێبەکەیدا زۆر باسکراون. بەداخەوە کە ( ئەسعەد) دەگیرێ و دوای ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر لە زیندانی موسڵ ئەو شوێنەی کورد ناوی قەسابخانەی لێنابوو. لەسێدارە دەدرێت.
خاڵێکی گرنگی بۆ هەڵوەستەکردن و تێڕامان ئاماژە پێداوە، کە ئاوێنەیەکی رونی ئەم دۆخەی ئێستایە، لە کەمتەرخەمی بەرانبەر ژیان و رێزو شکۆی خەڵکی کوردستان. ئەویش ئەوەیە کە سەرکردایەتی کۆمەڵەو یەکیتی لەو رۆژانەشدا بەرانبەر ژیان و سەلامەتی ئەندامەکانیان بێ باک بوون. “سەرکردایەتی دوای کارەساتەکە تەنانەت ھیچ تێبینی و روونکردنەوەیەکیان نەدایە ئێمە” ئەوە ئاوێنەی ئەم رۆژگارەیە کە چەندە بەرانبەر خوێنی ئەندامانی کۆمەڵە خەمساردو بێباک بوون.
لەڕوی کۆمەڵایەتیەوە دەمانخاتە بەردەم وێنەیەکی رون، کە نیشاندەری ژیان و کولتورو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و ئاستی تێفکرینە بۆ ژیان و چارەسەری کێشەکان. جابا کارەکتەرەکان کەسانی ئاسایی و نەخوێندەواریش بن، ئەو نادیدەیان ناگرێت چونکە تێدەفکرێت. ئیتر هەرلە شێوەی دروستکردنی خانووەکەیانەوە هەتا بە گەڕەک و دراوسێیەتی ماڵی شیخ دەگات، لە وێناکردنی مانگا دۆشینی دایکی و ماندووبوونی بە ماڵداری و نان ئامادەکردن و چیرۆکی گۆلکەکەیان، کە باوکی بۆ مەلای ئەگێرێتەوەو ئەویش لە ئەللحمدواللە زیاتری پێنیە. بەخێرایی ئاماژە بەو کلتورەش دەدا کە ژنان یان دایکان زیاتر گرنگی بەکوڕ دەدەن، ئەو دەڵێت : باوکم ئەگەرچی حاجی بوو بەڵام ئاینی وەک کولتور گرتبوو، وەک دایکم جیاوازی لە نێوانماندا نەدەکرد.ئەوە کورەو ئەوە کچەو ئەوە گەورەیەو ئەوە بچوک.
لەناو ئەو هەموو تراژیدیایەدا لەو هەموو سەرئێشەو بێنەو بەرەی کاری رێکخراوەیی و گرتن و ترس و ئازاردانی ئەندامانی کۆمێتەی ئاگر، کەچی نوسەر بێبەشمان ناکات لە هەندێک بەسەرهاتی خۆش، ئاوڕدانەوە بۆهەندێک دیاردەو بەسەرهات خاڵی بەهێزی گێڕانەوەی یادەوەرین. بەتایبەتیش یادەوەری تاکەکەس و لەوەش گرنگتر لەناو چیرۆکێکی بەئازاردا. یەکێک لەوانە تێڕوانینی باوکێتی بۆ هاورێیەتی بۆیە کاتێک مامۆستا قادر دەچێتە ماڵیان باوکی دەڵێت : توسەیری ئەو زەلامە زلە هاتووە بۆلای منداڵێک ؟! بێ ئاگا لەوەی کە کوڕەکەی نەک منداڵ نییە بەڵکو سەرکردایەتی رێکخستنەکانی بەهێزترین رێکخراوی ئەوسەردەمەی لەئەستۆدایە ! لەوەش جوانتر کاتێک هاوڕێیەکی دەچێتە ماڵیان و لەکاتی رۆیشتندا توشیان دەبێت بەباوکیانەوەو لێی دەپرسێت ئەم هاوڕێیەت چی دەخوێنێ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت دەبێتە دکتۆر بەلام باوکی عەقڵی نایبڕێ و دەڵێت : دکتۆری چی دەستی دەڵێی کوتەکە. ل١٣٣.
نوسەر قسەیەکی تری باوکی دۆکیومێنت کردووە کە رەنگدانەوەیەکی واقعی تێفکرینی زۆربەی باوکان و کەسی کاسبکاری ئەو سەردەمە و قسەی باوی ناو کۆمەڵگە بوو، کەچی ئێمەی سەرگەرمی سیاسەت بەهەندمان نەگرت. ئەویش ئەوەیە کە دەیانگوت : (هەمووی بۆ گیرفانی خۆیەتی) لەراستیدا ئەم قسەیە چەندە ئومێد کوژە هێندە واقعی بوو، بەکردەوەش کارەکتەرە سەرەکییەکانی هەموو هێزەکان بە چەپ وڕاستەوە بە عەلمانی وئیسلامی و نەتەوەییەوە سەلماندیان بەرژەوەندی تایبەتی و خۆپەرستییان خستە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە. تەنانەت خوێنی گیانبازەکانیش کە بەراستی لەپێناوی بەرژەوەندی گشتیدا رژان نەک هەر لەلایەن حزبەکانیانەوە بەڵکو لەلایەن کەسوکاریشیانەوە هەر سەوداو مامەڵەیان پیوەکراو کرانە کارتی بەرژەوەندی تایبەتی. بەراستی جێگەی تیڕامانە دەسەڵاتداری کوردو تەنانەت ئەو سیاسیانەش کەنەچونە دەسەلاتەوە بە هەموو هێزی فیکری خۆیانەوە نەیانتوانیوە سنوری بۆچونی ئەو پیاوە نەخوێندەوارو سادەو ساکارەی کورد ببەزێنن! بەڵکو چۆنی بۆچووە رێک واکەوتەوەو قسەکەی هاتووەتە دی و ئەمرۆ ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنێن ؟! ئەوەش دەرئەنجامی ئەزموونی باب وباپیرانمانە لەگەڵ بزووتنەوەی کوردایەتی.
کتێبەی کاک سالار رەشید پێویستیەکی گرنگە لە کتێبخانەی کوردیدا چونکە یەکێک لە دەردی کورد، نەبوونی مێژووی تۆمارکراوە رەنگە بەشێکی ئەوەی خەڵک زۆر زوو روداوەکان لەیاد دەکات، هی ئەم نەبوونیە بێت نەک هی زۆری روداوەکان! یادەوەری زۆر نوسراون بەڵام بەداخەوە هەموویان نازانن باش بیگێڕنەوە، خۆشبەختانە یادەوەرییەکانی سالار پشتئەستورە بە بەڵگەو هونەری گێڕانەوە، راستە ژیانی کارەکتەرێکە بەڵام هاوکات مێژووی باری کۆمەڵایەتی و سیاسیی رێکخراوێکی سیاسی کاریگەریشە ” کۆمەڵەی رەنجدەران لەناو بەرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”دا
بۆیە شایان بەخوێندنەوەیەو دەهێنێت زۆری لەبارەوە بنوسرێ و بوترێت، چونکە لە زۆر دۆخ و قۆناغی جیاوازدا وەستاوەو هەمووشیان قسە هەڵگرن، ئیدی هەرلەتایتڵەکەوە ڕامانی دەوێ هەتا کۆتایی، بۆیە باشترە خوێنەران خۆیان بیخوێننەوەو شەن وکەوی بکەن و لەگەڵ خۆیاندا گفتوگۆ بکەن هەتا بپرسن ئەم کاروانە بۆچی بۆهەواری ئێمە نەچوو؟
دەستی کاک سالار خۆش بێ و هیوای تەمەندرێژی بۆ دەخوازم

سەرچاوە: فەیسبووکی نوسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە