قەیرانی ئابوری و چارەسەر

نسار مستەفا:   
هەر لە سەرەتای دروست بونی مرۆڤایەتی یەوە سیستەمی ئابوری یەكێك بووە لەو فلتەرانەی كە ئاراستەی جیهان و میژوی مرۆڤایەتی گۆریوە، بەكاریگەری لەسەر بەركەوتنە شارستانیەتەكان.

كەواتە ئابوری پلە یەكی ئەو گۆرانكاریانەیە كەكار لە ئامانج و بەرژەوەندیە باڵاكانی ووڵات و شكۆی وڵات و هاوڵاتیان دەكات، هەمیشە پێوەرێك بووە بۆ دەرخستنی گەشەی ئابوری و سەرخستنی پرسی سیاسەتی ئابوری لە وڵاتدا بە پێچەوانەشەوە.

كەوایە سەقامگیری ئابوری یەكێكە لە زەروریەتەكان كە دەبێت حكومەت هەنگاوی بۆ بنێت بەتایبەت لە ئێستادا كە جیهان ڕووبەرووی قەیرانی ئابوری بۆتەوە، هیچ بەرچاوڕوونیەك نیە بۆ تێپەراندنی قەیرانی ئابوری و دارایی كە بۆتە هۆی خاوكردنەوەی سوری ئابوری، لە ئاكامی كەڵەكەبوونی یەك لە دوایەكی كێشەكان لەگەڵ بەغداد و بوونی گەندەڵی و ڕەشوەو بەرتیل .

سەبارەت بەریفۆرمی ئابوری هەمەڕەنگكردن و بەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و كەمكردنەوەی رادەی پشت بەستن بە نەوت و گاز و كەمكردنەوەی خەرجی و لەبەین بردنی گەندەڵی ئەركی سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە دەبوو لەسەرەتای كابینەی نۆیەم هەوڵی جدی بدایە، نەك قۆناغی ئێستا كەپێشبینی داهاتوویەكی باشتر بەو ئاسانیە ڕوون نیە لە كاتێك دا كە جیهان لە حاڵەتی ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە خەریكە سیستەمی سیاسی و ئابوری دەخاتە بەردەم چارەنوسێكی نادیاری پڕ قەیران. دیاریش نیە ئەم كارەساتە تاكەی بەردەوامی دەبێت و كۆتایی پێدێت.

ئایا حكومەتی هەرێم دەتوانێت ڕووبەرووی ئەم كارەساتە مرۆییە بێتەوە بە دۆخی نالەباری ئابورییەوە بە كەمترین تێچون؟، لە كاتێكدا بەردەوامی هەڵئاوسان و ناڕەزاییەكانی شەقام و شلۆقی كەرتی ئابوری و دارایی و كورتهێنانی بودجە و موچە و سستی جوڵەی بازارو بەكەرەنتینەكردنی خەڵكی حكومەتی هەرێمی بەرپرسیار كردووە لە ئاست نەبوونی بەرنامەو بێ‌ پلانی لە وەها دۆخێكدا .

كەوایە سەقامگیری ئابوری بەندە بە پلان و بەرنامەی كارو ستراتیژی كار و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبار و دەركردنی یاسای پێویست بۆ بەرەو پێش بردنی توانا مرۆییەكان و هاریكاری كردنی، بەتەواوی رۆلی حكومەتی هەرێم لەم چەند ساڵەی دواتردا دووچاری ئیفلیج بون بووە لەڕووی گەشەو سەقامگیری ئابوری و دارای و تەنانەت ڕووبەرووبونەوەی گەندەلیش یەكێكی ترە لەو فایلانەی كە حكومەتی هەرێم بە داخراوی بەجێی هێشتووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیان ڕووبەروی دەیان قەیران بون دیارترینیان :
1- قەیرانی مووچە :
2- قەیرانی كارەبا
3- قەیرانی سوتەمەنی و بەنزین و وزە
4- قەیرانی خزمەتگوزاری
1- قەیرانی موچە : نەبونی بودجە و موچەی فەرمانبەران كاریگەری راستەخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دروست كردووە، سەرەتای ئەم قەیرانەش هاوكاتە لەگەڵ ساڵی 2014 كە حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ و تاك لایەنە دوور لە دەستور نەوتی هەناردەی توركیا كرد بەو واتایەی سیاسەتی ئابوری خۆی لەگەڵ عێراق جیاكردەوە ئەم پرسە بۆچوونی هێزو لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی گۆری لە نێوان دژایەتی و پشتیوانی كردن دا، چونكە حكومەت بەم هەنگاوەی سنوری سەروەریەكانی دەوڵەتی بەزاند بەبێ‌ ئەوەی بیر لە داهاتووی كۆمەڵانی خەڵكی بكاتەوە. لەگەڵ ئەوەی نەوت دەبێتە مایەی دروستكردنی بایەخ و گرنگی ڕوانین لە داهاتوی كوردستان لەلایەن ئەو وڵاتانەی پێویستیان بە وزە هەیە بەمەش دەبێتە سەرچاوەی گرنگی داهات بۆ ئابوری كوردستان پەرەپێدانی داهاتەكانی تر هەروەها بە ستراتیژی كردنی پەیوەندییەكانی هەرێم بە وڵاتانی دیكەوە بەڵام ئەم ڕوانینە زۆر نەخایەند و حكومەتی عێراق بەشە بودجە و موچەی هەرێمی بڕی و سەرجەم هاوكێشەكانی سەرەو لێژكرد.

هەرێمی كوردستان لە ڕووی دەستوری و یاساییەوە وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە دەستوری عێراق دا دانی پێدا نراوە. بەڵام پێگەیەكی فەرمی باوەرپێكراوی نیە، دەبینین ئەو كاتەی حكومەتی هەرێم بریاری فرۆشتنی نەوتی دەركرد بە مخالفی دەستوری عێراق و خۆی جیاكردەوە لەدەوڵەتی فیدراڵی عێراق، چۆن توشی لەرزەی سیاسی ئابوری و دارایی بویەوە بیانوی قانونی و دەستوری و سیاسی دایە دەست حكومەتی عێراق بۆ بڕینی بەشە بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە تا ئێستاكە بە ئاڵۆزی ماوەتەوە لەنگەری نەگرتووە بەڵكو بەردەوام قەیران لە دوای قەیران ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پاشەكەوتی موچە یەكێكی تر بوو لەو بریارە چەوتانەی حكومەتی هەرێم پەنای بۆ برد لەویش دا سەركەوتوو نەبوو، هەر وا ئاسان نیە بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە ئەگەر پشتگیری نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی لەگەڵ دا نەبێت عێراق نەرمی بنوێنێت یان رێگاچارەیەكی تر ئەویش قایل بوونی هەرێم بەو مەرجانەی عێراق بۆی دیاری كردووە ئەوانیش :
– ڕادەست كردنی تەواوی داهاتی فرۆشی نەوت
– رادەست كردنی تەواوی داهاتی فرۆشی غازی سروشتی .

– رادەستكردنی لە 50% ی داهاتی ناوخۆی هەرێم بەهەموو خاڵە گومرگی و دەروازە سنورییەكان.
– چارەسەری قەیرانی موچە و ریفۆرمی ئابوری لە ئێستادا بە هەنگاونان بۆ هەر پرۆژەیەكی چاكسازی دەبێت ستراتیژییەكەی بریتی بێت لە كەمكردنەوەی خەرجیە ناپێویستیەكان و زیادكردنی داهات وەك /
– بە شەفاف كردنی داهاتی خاڵە سنورییەكان و مەرزەكان و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە خاڵە سنورییەكان دا هەنگاوێكی پێویستە ، دۆسیەی باج یەكێكی ترە لە سەرچاوەكانی تری دەست كەوتنی داهات وەك ( باجی دەرامەت ، كۆمپانیاكان ، زەوی ، باجی سەرپیشە، خانووبەرە، خاوەنكار و ماركێت و مۆڵەكان، خاوەنكارو كارگەكان و چێشتخانەكان و هۆتێل و مۆتێل و هایپەرماركێت و سەنتەرەكانی تری لەش جوانی و جوانكاری ) چەندی تریش.

– رسومات و كرێی خزمەتگوزاری یەكان ئەو رسوماتانەی لە بری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان وەردەگیرێت وەك ( نەمامگەكان ، بەنزینخانەی پلە 1 – 2 ، خواردنگەی گەس و فلال فل ، فرۆشیاری گۆشت و ماسی، سەوزە فرۆشەكان، چاپخانە ئەهلیەكان، كۆگاكانی دەرمان، نەخۆشخانە ئەهلیەكان،دوكانەكانی فۆتۆكۆپی …..زۆر تریش بەهەمان شێوە كاریگەری دەبێت لە سەر داهات.
– دۆسیەی قەرز و نەوت و كۆمپانیاكانی سكوریتی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە موچەی خانەنشینی و هەمواری یاسای وەبەرهێنان، یاسای تایبەت بە رێگری لە قاجاغی دەرمان ، پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی .

دۆسیەی نەوت /یەكێكە لە دۆسیە هەرە ناشەفافەكان وەك تاكە داهاتی سەرەكی ئابوری كوردستان ئەژماردەكرێت، ئەمەش راستەخۆ كاریگەری خراپی لەسەر كەرتی ئابوری دروست كردووە لەكاتێكدا دەبێت حكومەت بیرلە هەمەجۆركردن و هەمەڕەنگكردنی سەرچاوەكانی تری داهاتی هەرێم بكاتەوە لەوانە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشت و گوزار ، نەوتیش وەك هەرسەرچاوەیەكی تر دەكرێت كۆتایی بێت و ئەو دەورو ڕۆڵەی ئێستاكەی نەمێنێت لەبەر ئەوە بیركردنەوە لە جێگرەوەی نەوت كاری لە پێشینە و هەنگاونانی دەوێت، بەتەنیشت نەوتەوە هەمەڕەنگكردنی سەرچاوەكانی تر ئەركێكی پێویست دەبێت روونتر بڵێن لە ئاكامی دابەزینی نرخی نەوت لەماوەی چەند مانگی رابردوو زۆرێك لەو وڵاتانەی پشتیان بەسەرچاوەی نەوت بەستوە توشی شۆك كردووە چونكە كاردانەوەی خراپی لەسەر دارایی و ئابوری وڵات هەیە زەرەرمەندی یەكەمیش هاوڵاتیانن.

ئەو رێكارانەی سەرەوە هەنگاوێكە بۆ تێپەراندنی قەیرانی موچە و ریفۆرمی ئابوری و دارایی وەك سەرەتایەك.
2- قەیرانی كارەبا : چارەسەر كردنی قەیرانی كارەبا لە ئەستۆی حكومەتی هەرێم دایە بە درێژایی چەندین ساڵەی رابردوو بەرپرسانی هەرێم بەڵێنی جۆراوجۆریان لەبارەی باشتركردنیان داوە، لە ئێستادا حكومەت بۆ رووبەرووبونەوەی دۆخی قەیراناوی دەتوانێت وەزارەتی كارەبا بكرێتە دامەزراوەیەكی تایبەت بە كۆمپانیا بكرێت بەمەش داهاتێك بۆ حكومەت پەیدا دەبێت وە هاوڵاتیانیش سودمەند دەبن هەر بۆ بەرچاو ڕوونی لە لەم ماوەی بەكەرەنتینەكردنەدا كە بەلایەنی كەمەوە لە 70% ی دامەزراوەكانی حكومەت و شوێنەگشتیەكانی تر داخراون و كارەبا نیە حكومەت نەیتوانیوە 24 سەعات كارەبای نیشتمانی بدات.

3- قەیرانی سوتەمەنی و بەنزین ، لە 80% بەنزینی سلێمانی لە توركیاو ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، بڕێكی كەمیشی هی پاڵەگەی بازیانە ئەم قەیرانەش وەك قەیرانەكانی تر ڕووبەرووی كێشەی سیاسی و ئابوری دەبێتەوە بەكورتی وەك قەیرانەكانی تر لەبەردەم كۆمەڵێك مەترسی دایە. حكومەتی هەرێم لەم ڕووەشەوە نەیتوانیوە وەك پێویست سوتەمەنی بەسەر هاوڵاتیان دابەش بكات لە وەرزی سەرمادا بەتایبەت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو كە نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی بۆ خوار 30 دۆلار نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 60 دۆلار بوو مانگانە 700 ملیۆن دۆلار داهاتی بوو .

4-قەیرانی خزمەتگوزاری : خزمەتگوزارییەكان زۆر و هەمەنەوعن لەوانە خزمەتگوزاری تەندروستی ئەویش بە دابین كردنی پێداویستی پزیشكی لە دەرمان بەكەمترین نرخ و رێگری كردن لە بە قاچاغ بردنی دەرمان و بازرگانی پێوەكردنی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، خزمەتگوزاری فێركردن و پاك راگرتنی شەقام و شوێنە گشتیەكان و سەوزكردنی شار بەداخەوە لە قەیرانی ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنادا ئەم خزمەتگوزاریانەش لە پاشەكشەدان.

*- خەسلەتەكانی ئابوری هەرێم :
– پەكخستنی كەرتی كشتوكاڵی ئەویش لە دەرئەنجامی سیاسەتی بە موچەخۆركردنی خەڵك و گۆرینی كۆمەڵگای كوردی لە بەرهەمهێنەوە بۆ بەكاربەر .
– تەلبەند كردنی بەشێكی شوێنە گەشتیارییەكان لەلایەن دەسەڵاتداران مۆنۆپۆلكردنی یەكێكی تری ئەو گەندەڵیانەیە كە حكومەتی هەرێمی بەرپرسیاركردووە لەبەرامبەر نەبوونی یاسایەكی گشتی بۆ پارێزگاری كردن لە شوێنە گشتیەكان چونكە ئەم جۆری گەندەڵیانە لە خۆیدا كارەساتن بۆ باڵاكردنی كۆمەڵێك دەست ڕۆشتوو بەسەر كۆمەڵێكی تردا سەرچاوەیەكە لە ناعەدالەتی كۆمەلایەتی بەتەنیشت گەندەڵیە بالاكانی تر كە حكومەت پێیدا تێپەر دەبێت و دەیان قەیرانی تر بەداوایدا ریزدەكات. هەروەها شوێنە مێژوویەكانیش بەجۆرێك لە بیركراون كە بەرەو فەوتان نزیك دەبێتەوە دەیان و شوێنی مێژوی لەژێر هەرەشەی فەوتاندان .

– خاڵێكی تر دەست بەسەردا گرتنی بازار و جولاندنی بە ئاراستەی بەرژوەندی شەخسی لەلایەن كەسانی سەرمایەدارو ساغكردنەوەی بەرهەمی ولاتانی دەرەكی و وەلانانی بەرهەمی ناوخۆ .

– لە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم پرسانەی سەرەوە :
– بەرزبونەوەی رێژەی بێ كاری .
– كەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ .
– بەرزبونەوەی رێژەی هەژاری .
– لەكاركەوتنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان
– پاشەكشەی وەبەرهێنان .
– ساغ نەبونەوەی بەرهەمە خۆماڵیەكان بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان .
– دروست بوونی ناڕەزایی و ترس و دڵە ڕاوكێ‌ .
– سەرەرای بەدیار كەوتنی حاڵەتی وەك لایەنە كۆمەلایەتیەكان ئەوانیش بەرزبونەوەی رێژەی جیابونەوە بە هۆكاری ئابوری و زیادبوونی حاڵەتی دەرونی و ترس و سترێس بوون، لەبەریەك هەڵوەشانەوەی شیرازەی خێزان ، دواكەوتنی – زیان كەوتن بە بواری پەروەردەیی كاردەكاتە سەر خاوبونەوەی خوێندكاران و دواكەوتنیان لە خوێندن و كەمبونەوەی ئاستی زانستی .

– سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان :
1- داهاتی ناوخۆ .
2- داهاتی بەغدا .
3- داهاتی نەوت .
– لە چوارچێوەی داهاتی گرێبەستەكانی نەوت و گاز لەسەر بنەمای دەستور لەبەر رۆشنای یاسای نەوت و گاز بە ژمارە 22 ی ساڵی 2007 رێكخراون لە سندوقێكدا كۆدەكرێنەوە بەسەر 3 صندوقی دیكەدا دابەش دەكرێن ،
– خەرجیەكانی دەوڵەت .
– پاراستنی ژینگە .
– صندوقی نەوەكانی داهاتوو .
ئەم داهاتانە سەرچاوەی گرتووە لە هەناردەی نەوت و بەرهەمە پاڵێوراوەكان و پاداشتەكانی گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی نەوت. ئەوەی جێ ی سەرەنجە ئەم یاسایە تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە وا 13 ساڵ بەسەر تەشریعكردنی دا تێپەردەبێت .
– حكومەتی هەرێمی كوردستان كە توشی دارمانی ئابوری و دارایی بۆتەوە بەهۆكاری بێ‌ بەرنامەیی و بێ‌ پلانی و بێ‌ نەخشەیی بۆ گەشەی ئابورییەكەی، لە نەبوونی ستراتیژی ئابوری و ئامانج گەیشتۆتە ئەو دۆخەی ئێستا.

گەشەو پێشكەوتنی ئابوری هەرێمی كوردستان وەك پێویست دابەش نەبووە بەسەر جوگرافیای هەرێمی كوردستان دا دەبینین لەهەندێك لە پارێزگاكانی وەك هەولێر و دهۆك چەندین پرۆژەی وەبەرهێنان و گەشەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئەمە بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئەوانی تر وەك یەك نەبووە، هەر لە چاككردنی رێگاوبانەكان و دابین كردنی كارەبا و وزەو تۆری ئاوی خواردنەوەو ئاوەرۆكان و بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و فێركردن و گرنگی زیاتر بە نەخۆشخانەكان پرۆژەی خانوبەروە و بوونی دامو دەزگای ئابوری و یاسایی كەوایە گۆرانكاری لەهەریەكێك لەوانە كاریگەری ڕاستەخۆی دەبێت لەسەر تەواوی پێشكەوتنە ئابوریەكان كە ئەمانەش گۆرانكاری كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا كێش دەكات . سەرباری گۆرانكارییە سیاسیەكانیش، رونتر بڵێین هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دەربازی ببێت لە تەواوی ئەو گرفتاریانەی ڕووبەرووی بۆتەوە دەبێت ئەزموون لە وڵاتانی خاوەن نەوت وەرگرێت بۆ نمونە ئیماراتی عەرەبی و دوبەی لەهەمووش لە پێشتر دەبێت بیر لە ژێرخانی ئابوری بكاتەوە لە ماوەی چەندین ساڵەی ڕابردودا بەهۆی گرفتی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە بەشینەوەی داهات و دەوڵەمەند بوون و دەركەوتنی سەرمایەداری بوارە جیاجیاكان بە رێگاخۆشكەری دەسەڵاتی سیاسی و شەری دژ بە تیرۆر و ئەمانە ژێرخانی ئابوری هەرێمیان لە سفر نزیك كردۆتەوە، بەو ئاسانیەش حكومەتی هەرێم ناتوانێت دەربازی ببێت، بەڵام دەتوانێت بەسود وەرگرتن لە یاسای نەوت و گاز و پرۆژەكانی تری وەبەرهێنان و زیادكردنی باج و گەشەپێدانی كەرتی تایبەت و جوڵەی بازارو زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆو
كەرتی خانوبەرەو هەلێكی باشن بۆ گەشەسەندنی توانا مرۆییەكان ئەمانە بەتەنها ویستی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیە بەڵكو خواستی كۆمەڵانی خەڵكیشە.

چالاكی ئابوری كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەلی كارو خستنە سەركار هەیە وا دەكات تاك ببێتە خاوەن كاری خۆی و سەرمایەی خۆی هەبێت.

 

– هەنگاوەكانی بوژانەوەی ئابوری :
دەستپێكی قەیرانی ئابوری جیهان بە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی لەسەر كاری وەبەرهێن و ئابوری وڵاتان بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەت پەیوەندی بە ناكارای سەرچاوەكانی تری داهاتەوە هەیە، بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش دیوێكی ترە، ڤایرۆسی كۆڤید سەرجەم جومگە ئابورییەكانی لەكارخست و كاری لەسەر سەرمایەی سەرمایەداران و ئابوری ولاتان كرد بە خێرایەكی چاوەروان نەكراو ، هەرێمی كوردستان كە خۆی لەبەردەم قەیرانێكی ئابوری سەخت دا تێپەردەبێت هۆكارەكەشی نەبوونی دەسەڵاتێكی سیاسی ڕەوا، ئیدارەیەكی حەكیم و ئابورییەكی سەربەخۆ، ناتەندروستی ئابوری بڵاوبونەوەی كۆرۆناش هێندەی تر دۆخەكەی لەسەری ئاڵۆزتر كرد و بەڕادەیەك كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمی شۆك و شپرز كردوە لێدوانە چاوەڕواننەكراوەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەبارەی 27 ملیار قەرزارییەوە ئەو ڕاستیەی خستەڕوو ئەمەش شەرمەزارییەكی تری ئەو هەڵە باوانەیە كە لەئەنجامی گەندەڵی و ناشەفافی یەوە سەری هەڵداوە، گەران بەدوای رێگاچارە لەگەڵ بەغداد و دابین كردنی موچەی فەرمانبەران كە حكومەت 6 موچەی ساڵی تازەی فەرمانبەران قەرزارە بێجگە لە موچە پاشەكەوتكراوەكانی ترو وا ئێستاش لەبەردەم تەقینەوەی جەماوەری دا خۆی دەبینێتەوە، دیاریش نیە رێكەوتنەكانی لەگەڵ بەغداد بەرەو كوێ‌ دەگات .

هەرچیەك بێت حكومەتی هەرێم دەبێت رێگاچارەی بەپەلەی هەبێت بۆ كەڵەكەبوونی قەیرانەكانی ئێستا، لەپێشتریش ئەوەیە هەنگاوەكانی فراوانتر بكات وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین لە دۆخێكی وادا گرنگە چاوێك بخشێنین بە سیستەمی ئابوری بۆ رێكخستنەوەی.
پەیوەندی سیستەمی ئابوری و سیستەمی سیاسی دوو دیوی دراوێكن لایەنێكی گرنگی ژیان پێك دەهێنن بەجۆرێك سیستەمی ئابوری هێندە لە خزمەتی سیستەمی سیاسی و سەرمایەداریدایە هێندە لە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی دا نیە، حكومەتی هەرێم لەم چەند ساڵەی دواتردا بۆتە پاسەوانی بەرژەوەندییەكانی سەرمایەداران و چارەنوسی خەڵكی و ڕادەستی كۆمپانیا و سەرمایەداران كردووە ئەگەر نا بەوجۆرە هەڵئاوسان ڕووی نەدەدا داهاتی تاك بەو جۆرە نەدەبوو و ناڕەزاییەكان تەشەنەی نەدەكرد و هەژاری و كەمدەرامەتی و برسێتی نەدەبووە كارەساتی دیاری كۆمەڵگا، بەهۆكاری سەرهەڵدانی سەرمایەداری كە مەترسیەكی گەورەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ و لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی دەڕوانێت ئەگەر یاسایەك نەبێت رێگری لە قۆرخكاری بكات ئەوا زەروزیانی مادی و گیانی لە كۆمەڵگاو بەتەواوی لەسەر چینێكی دیار دەكات دەبێتە هۆی بەردەست نەبوونی كار و بێ‌ كاری لە وڵاتدا تەشەنەبكات.

بەرنامەو ریفۆرمی بانكی جیهانی سەبارەت بە گەشەی ئابوری هەرێمی كوردستان و چارەسەری دۆخی نەخوازراوی ئابوری و دواكەوتنی لە گشت ڕەهەندەكانی ژیان لە رێگای گۆرینی ئابوری كوردستان و هەمەڕەنگكردنی بەسپۆنسەری كەرتی تایبەت، گرەوی بردنەوە و دەربازبوونە لەو قەیرانەی تێ ی كەوتووە، بەراست حكومەتی هەرێم مەبەستێتی هەنگاو بنێت بەتایبەت لە ڕووی سیاسەوە چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی لەگەڵ بەغدا وەك یەكەم هەنگاو دواترش دەرگای گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانی تری بودجە و ماددەی 140 و پێشمەرگەی لێدەكەوێتەوە .

لێدوانێک بەجێ بهێلە