دیاردەی گێچەڵ و دەستدرێژی کردنە سەر ژنان لە شوێنی کار و تەنانەت دامەزراوە فەرمییەکانیشدا، بووەتە مۆتەکەیەک بۆ ئازادیی کارکردنی ژنان، زۆربەی جاریش ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی گێچەڵ دەبنەوە، بەهۆی تێڕوانینی کۆمەڵگا و بێ متمانەییان بە یاسا و دادگاکان بێ دەنگبوون لێی هەڵدەبژێرن یاخود دەستبەرداری کار و پیشەکانیان دەبن.
ڕێژەیەکی زۆری ژنان لە باشووری کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی گێچەڵ پێکردن یاخود دەستدرێژی دەبنەوە، جا لە شوێنی کار بێت یاخود ناوماڵ یان شوێنە گشتییەکان، کە بووەتە دیاردەیەک و پیاوان هەندێک جار لە ڕێگەیەوە دەیانەوێت باڵا دەستی خۆیان بەسەر ژناندا بسەپێنن.
لە ئەنجامی بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی دیاردەکە دۆخێکی دەروونی ناتەندروست بۆ ژنان دروست دەبێت، کە وا دەکات کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای کاریان دابنێت، یان دەستبەرداری کارەکانیان ببن کە ئەمەش بۆخۆی سەردەکێشێت بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی دیکە وەک توندوتیژی ئابووری.
ژنانی چالاکوان و ڕاگەیاندنکار، لەشاری سلێمانی لەبارەی کاریگەری و دەرئەنجامەکانی دیاردەی گێچەڵپێکردن یان دەستدرێژی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن:
ڕەنگین عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەنەکە پێیوایە، ژنان لە ماڵەوەشدا ڕوبەرووی گێچەڵ پێکردن دەبنەوە و دەڵێت: بابەتی دەستبردن بۆ ئازادییەکانی ژنان بە پێی تایبەتمەندی شوێنەکان دەگۆرێت، پێویستە بەردەوام قسەی لەسەر بکرێت، لە ئێستادا ژنان لە شوێنی گشتی و تایبەتدا کاردەکەن، بابەتەکە لەوەدا نەماوەتەوە کە کێشەکە تەنها دەستبردن و گێچەڵکردنێکی ڕووبەڕوو بێت، لە ماڵەوەشدا ڕووبەروی گێچەڵیەکان دەبنەوە، کاتێک بابەتێک لە ڕێگەی پەرەی کۆمەڵایەتی خۆیان بڵاودەکەنەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنە و کۆمێنتی نەشیا دەبنەوە، هەمووی دەچێتە ژێر باری دەستبردن بۆ ماف وئازادییەکانی ژنان.
دەشڵێت: کۆمەڵگەی ئێمە ناهۆشیارە بەرامبەر ئەو گێچەڵانەی بە ژنان دەکرێت، تەنها ئەوە نیە ژنان لە شوێنی کاردا گێچەڵی سێکسی بەرامبەر بکرێت، بەڵکو هەر دەست بردنێک بۆ ئازادیەکانی بە گیچەڵ هەژمار دەکرێت، تەنها بە شێوازی هاوسەرو خۆشەویست سەر ژنان دەکەن، نەک هاوڕێ و هاوکار لە کارووباری ڕۆژانەدا، ئەم شێوازی بیرکردنەوەیەش وایکردووە، بەردەوام ڕووبەرووی ئاستەنگەکانی کۆمەڵگە ببنەوە.
باسی لەوەش کرد، سەرەڕای هەبوونی چەندین ئاستەنگ لەبەردەم کارکردنی ژناندا و هەبوونی کاریگەری لەسەر دەروونیان، بەڵام ئەوە وای نەکردووە بگەڕێنە دواوە و دەستبەرداری کەرکەیان بن و وتی: ئێمە دەبێت تواناکانی مرۆڤ بەرز بکەینەوە وایان لێ بکەین ڕۆشنبیرو هۆشیار بن، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت لە خیزانەکانەوە دەست پێبکەین، بەشێوازێک جیاوازی نەکەین لە نێوان مناڵی کوڕ و کچ لە پەروەردەکرنیاندا، کاتێک قۆناغەکانی خویندن بەسەرکەوتووی دەبڕێت و ئەی خەیتە ناو کۆمەڵگەوە، تاکێکی هۆشیارە ئەزانێت چۆن ڕێز لە هاوڕێ کچەکەی بگرێت، کچەکەش فێر دەکەیت کاتێک پیاوێک دەست بۆ ئازادییەکانی دەبات چۆن بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات.
شانیا محەمەد، ڕۆژنامەنووسە و نایشارێتەوە لە شوێنی کاردا مامەڵەی نەشیاو بەرامبەر ژنان دەکرێت و دەڵێت ژنان لە شوێنی کاردا وەک کاڵا سەیردەکرێن، کاری زیاتریان پێدەکرێت و لە کاتی خۆیاندا مووچەیان پێ نادریت، ژنان دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کاتێک دەڕۆن داوای کاردەکەن دەبێت بزانن موچەکەی چەندە، یاساکانی چین شیوازی کاردنیان چۆنە، چونکە لەوانەیە نەگونجێن لەگەڵ ڕێساکانی ژیانیدا.
شانیا باسی لەوەشکرد، ژنان کاتێک ڕووبەرووی گێچەڵ پێکردن دەبنەوە لە شوێنی کارکردن بەشێکیان کاردەنەوەیان نابێت بۆ ئەم شێوازی مامەڵەکردنە، ئەمەش لەبەرئەوەی لە کارەکەیان دەرنەکرێن یاخود کۆمەڵگە نیشانەی پرسیاریان نەخاتە سەر، چونکە ڕووبەرووی ڕەخنە دەبنەوە و ئەمەش وادەکات کاریگەری نەرێنی دروست بکات لەسەر دەروونیان.
ئەو ڕۆژنامەنوسە، خێزان بە فاکتەری هەرە گرنگە بۆ کارکردنی ژنان ناوبرد و وتی: پێویستە ئاستێکی زانیاری باشیان هەبێت بتوانن هاوکاری ژنان بن لە کاتی ڕووبەروونەوەی کیشەکاندا، نەک بە شیوازێک لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەیەکدا ڕێگریی کارکردنیان لێ بکەن