دەقی: شێرۆی پلکە زارێ
( هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیلبیلەکەی چاوی مندا دەکشێ تەمێکی تر
کە فرمێسکم لەسەر روخساری کیژی دڵشکاو بینی
وتم یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر)
“هێمن / موکریانی”
شایی خوێن
+ ژینا گیان.. ماڵئاوا.. چ باسە هەنووکە لە ئاسمانێ؟ یان بە رۆح و گیان و جەستە لەوە ماندووتری لەوەی کە ئەم سەرزەمینە بەجێبێڵێت، نۆستاڵژیای تۆ لەگەڵ خاك و خۆشی و ناخۆشی خەڵکانێکە کە کەمینەیەکی ئاشنان بە تۆ و هەم پەرۆشی ئەوانەشی کە نایانناسیت، من دڵنیام تۆ ناخوازیت کەس پەنجەیەکی بریندار بێت یان مەرگەساتی خۆت ئاسا.. بچێژێت، چونکە دەزانیت وەک تۆ ستەمدیدە و زامدار و لێوبەبار و زێدە پەژموردە بوون. ئاخۆ هەنوکە خەوتوویت یان بێداریت؟ تۆ بڵێیت ئاگات لەو شۆرش و هەرا و زەنا و گۆڤەندە بێت کە خوێن و خەنە و خەندە و خەم و خۆشنوودی و خەیاڵی ئاگرین و خولیای سەرفرازی و سەربەستی.. دونیای تەنیوەتەوە؟ بە هەزارەها نەوبووک و کچانی نەباڵق و بێوەژن و دەرۆزەکەر و کەلاوەنشین و کۆشکنشین هاوسۆزی تۆن، چ مێینە بن و چ نێرینە، لە خانمان و لە پیاوان، هەم یاخی و خەونبین بە ئایندەیەکی زێڕەوشان و مژدەبەر و مژدەهێن کە هاوسۆز و هاودەردی تۆن. کەمەکێ سەر هەڵبڕە و ببینە چ شایلۆغان و جۆش و خرۆش و جونبوشێکە کە دڵی هەر هەمووان دەخاتە سەر ریتمی سروودی “ئەی رەقیب” و “خوایە وەتەن ئاوا کەی”، هەم سەرقافڵەچی هەزارەها لەوانەی کە خەونیان بە شکاندنی قەفەزەکان و داڕووخانی قەڵا سەختگیرەکان بینیوە، کە ببوون بە زیندانی بۆ هەر هەموو ئەوانەی نەترسانە خەونیان بە دونیایەکی بەهادارتر و ئارامتر و یەکسانیخواز و مرۆڤپەروەرانەتر بینیوە کە بێتە بوون!
***
قۆچی قوربانی
گیانی گیانان..گوتیان کە گوایە جوانەمەرگ بوویت.. وەلی حاشا.. هۆ ‘بەور’ی ئازا و سەرمەشقی رابوونێک کە هەموومان خەونمان پێوە بینیوە، بێگومان جوانەمەرگ بوویت وەک خانمە شۆرشڤانی فرەنسایی “ژان دارک: ١٤١٢/١٤٣١””ی پاکیزە کە وەک تۆ دژی ستەم و بێدادی رۆحی کەڵەگایی نێرسالاری و دزسالاری جەنگا، بەڵام ئەوە هەر تۆ بوویت.. هۆ ‘تەوار’ی بەرزەفڕ کە باڵەکانت دەیدا لە بنی عەرشی فەلەک و هاوکات چریکەت تاریکپەرستەکانی کاس و هوڕ و گێژ کردووە و تۆقاندوونی، ئەوە تۆیت.. هۆ تاقانەترین مێینە کە وەک خانمە شۆرشڤانانی ” کوردستانی رۆژئاوا بە خوێنی پاکی خۆت دونیات بێدار کردەوە و گرەوت بردەوە، کە نەک بە تەنها “ئێران” و بەس، بەڵکو لەسەر کۆی نەخشە و جوگرافیای “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” تۆ بوویت بە بەیداغ و مەشخەڵ و نموونەی گیانفیدایی بە درێژی چەندین سەدە، دەنێو مەملەکەتێك و مێژوویەک کە زیندان و قەسابخانەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان بێ چەند و چوون، بگرە بانگی خوێنی تۆ هەر چوار قوڕنەی دونیای تەنیوەتەوە. ئەتۆی خۆشەویست لای ملیۆنەها بوویت بە سیمبول و سەرمەشقی شۆرش و بەرخودان، بگرە لە چاوی هەر هەموو هاوخوێن و هاوتوخم و هاورەگەز و هاوسۆزەکانت جوانییەکت بەجێهێشت کە بارتەقای خەون و خۆزگەی هەر هەموو مەردمگەلە ژیاندۆست و جوانناس و جوانپەرست و بەرزە دەماغەکانە کە بە چ ئەفسوونێکی سادەیی رۆحی پاک و خاکەڕای خۆت هەر هەموومانت لە دەوری خۆت کۆ کردەوە، دەنێو ئەم رۆژگارەی کە سیخناخە لە پیاوانی گرگن و خەسیو و دژە ژن و کۆی هاورەگەز و هاوتوخمەکەی تۆ!