ڕێکخراوی پەیامنێران: سزادانی شێروان شێروانی پێشێلکردنى یاسایە

لەبەردەم دادگای هەولێر ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، بڕیاری دادگای هەولێر بە چوارساڵ سزادانی شێروان شێروانی پێشێلکردنی یاسای ژمارە ٣٥ـی ساڵی ٢٠٠٧ رۆژنامەنووسانە و داوای هەڵوەشاندنەوەیان کرد.

رۆژی دووشەممە(٢٤\٧\٢٠٢٣)لەبەردەم دادگای هەولێر ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان گردبوونەوە و تێیدا کۆچەر عەلی مەنتک، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ڕێکخراوەکە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕاگەیەندراوێکى خوێندەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری دادگای هەولێر بە چوار ساڵ سزادانی شێروان شێروانی پێشێلی یاسای ژمارە ٣٥ـی ساڵی ٢٠٠٧ـی رۆژنامەنووسانە و هەروەها، دادگا زۆر کەمتەرخەم بوو.

ئاماژەى بەوەشکرد، داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاى هەولێر دەکەین لە بارەی سزادانی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و بە پێویستى دەزانین دادگاى هەولێر بە بڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوە و هەڵیبوەشێنیتەوە.

ئەوەش خرایەڕوو، بڕیار وابوو لە ٩ـی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی هەرێم ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و هاورێکانی ئازاد بکرێن، بەڵام نازانین دادگای هەولێر ئاگاداری ئەم بڕیارە نەبوون، یاخود دادگا وەکو پێویست ڕێزی لە بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم نەگرت.

باس لەوەشکرا، ڕۆژنامەنووسان لەکاتی کاری ڕۆژنامەوانیدا هێرشیان دەکرێتە سەر و بەبێ بڕیاری دادگا زیندانی دەکرێن، بۆیە ئەرکی حکومەت و لایەنە ئەمنییەکانە مامەڵەیەکى گونجاو لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بکەن.

هەروەها، ئاسۆ هاشم، پارێزەری ڕێکخراوی پەیامنێران لە کۆنگرەکەدا وتى، بڕیاری دادگا لەبارەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، چەند هەڵەیەکی یاسایی تێدایە، ناکرێت بە چوار ساڵ زیندانی سزا بدرێت، بۆیە تانە لە بڕیارەکەی دادگای هەولێر دەدەین، بۆ ئەوەی بڕیارەکە تێهەڵچوونەوەی بۆ بکرێتەوە.

ئاسۆ هاشم باسى لەوەشکرد، پێویستە دادگاکان بێلایەنی خۆیان بپارێزن، بەڵام لە کەیسی شێروان شێروانیدا داگای هەولێر بە جۆرێکی زۆر خراپ مامەڵەی کرد.

لێدوانێک بەجێ بهێلە