ئێوارەی پێنج شەممەی ٢٢ حوزەیران، لەشارۆچکەی چەمچەماڵ گەنجێک بەناوی “خواناس وریا” دەدرێتە بەردەستڕێژی گوللە و تیرۆردەکرێت. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، ڕایگەیاندوەکە کەئەم کردەوە تیرۆریستیە بەهۆی بیروڕای جاوازەوە بوە. بەم جۆرەش تاوانی “خواناس وریا” وەک کەسێکی هونەرمەندو ئازادیخواز وئینساندۆست، سوربونی بوە لەسەر باوەڕەکانی وبەم هۆیەشەوە فتوای تیرۆری بەسەردا دەدرێت.
بێگومان خەڵکی کوردستان بەدرێژایی چەند دەیەی ڕابرودو کارنامەی ڕەش وئینسانکوژی ئەم ڕەوتانەی لەبەرچاوە کەچۆن کوشتنی ژنان وتیرۆری کەسانی سکولار وئازادیخوازیان، لەپاڵ بانگەشەکردن بۆ کۆنەپەرستی و هەوڵەکانیان بۆ حجابکردنی کچانی منداڵ وهەڕەشەکردن لەنوسەرو هونەرمەندان وڕێکخراوەکانی ژنان وهەرکەس ولاینێک کەهەڵگری بیروڕای ئازادیخوازی ویەکسانی خۆازی بێت، کردۆتە گۆشە سەرەکیەکانی ئەم کارنامە ڕەشەیان، کەبێگومان ئامانج لێی سەرکوتی کۆمەڵگا و لە قاڵبدانی ژیانی مەدەنیانەی هاوڵاتیانی کوردستانە، بەپێی یاساو شەریعەتێک کەنەک هەر جێگایەک بۆ بیروڕای جیاواز وچاولێکردنی ژنان وەک ئینسانێک ناهێڵێتەوە، بەڵكو تیرۆرو سەرکوت وکۆنەپەرستی وڕەشەکوژی پەرەپێدەدات. خەڵکی کوردستان تاوانەکانی داعشیان لەبەرچاوە کەچۆن بەحوکم وباوەڕی ئیسلامی دیلەکانیان بەبەرچاوی کۆمەڵگاوە سەردەبڕێ و لەقەفەزدا ئاگریان تێبەردەدا. بەمجۆرەش بکوژی خواناس و ماریاکان وهەموو ئەوانەی کەدەستی ئینسانکوژی ئیسلامی سیاسیان پێگەیشتوە، هەر بەتەنها خودی ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستیەکە نیە، بەڵکو کارەکتەرەکانی پشتی ئەو ژینگەیەیە کەمەلاو سەلەفی وبانگخواز وڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی، دەمی فتوایان تێدا کراوەتەوە وجاڕ بۆ تیرۆرو ئینسانکوژی دەدەن.
بەڵام ئەگەر کارنامەی ئیسلامی سیاسی و ڕەوتەکانی بۆ خەڵک ئاشکرابێت، ئەوە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانن کەئەم ئینسان کوژانەیان بەرداوەتە گێانی کۆمەڵگاوە وئەوە ئەوانن کەفرسەتیان داوە لەمینبەری مزکەوتەکانەوە فتوا دەربکەن وهەڕەشە لەژنان ونوسەران و هونەرمەندان و هەڵگرانی بیروباوەرێ ئازادیخوازی وسکولار بکەن، ئەوە ئەوانن کە پارەوپول ودەزگاکانی میدیایان خستۆتە ئیختیاریانەوە و وەزارەتی ئەوقاف ویەکیەتی زانایانی ئاینیان بەسەرسەری کۆمەڵگاوە ڕاگرتوە وشەریعەتی ئیسلامییان لەیاساکانی هەرێمدا جێگیرکردوەو لەپەرلەمان و حکومەتدا جێگای بۆ کردونەتەوە. تەنانەت ئەوە ئەوانن کەبۆ ڕاگرتنی هاوکێشەی سیاسیان لەبەرامبەر بەیەکدا، مەلا وبانگخواز وسەلەفیەکان بگرنە باوەش ولای سەروخۆیانەوە دایان بنێن. لەکاتێکدا کەئەوە هەر مەلاو بانگخواز وزانایانی ئاینی وڕەوتە ئیسلامیەکانن کەدەستی فتوادانیان لەدژی بیروڕای جیاواز ونوسەران وهونەرمەندان و ڕیکخراوەکانی ژنان درێژکردوە. داخستنی ڕیکخراوی ڕاسان لەلایەن فەرمانگەی ڕیکخراوە ناحکومیەکانەوە، تا داخستنی کەیسی جێندەر وڕێگەنەدان بەکوڕوسمیناری ڕوشنبیرانێک لەکەلارو سلێمانی.. هەموو ئەمانە بەڵگەن بۆئەوەی کەلەپشت هەر تیرۆرو ئینساکوژیەکەوە، لەپشت هەر فتوادەرو مەلاو بانگخواز و هەرسەلەفیەکەوە ئەوە حزبە دەسەڵاتدارەکانن کەبۆ هێشتنەوەی پایەکانی دەسەڵاتیان وبردنەپێشيوەی سیاسەتەکانیان وەک کارتێک ئیسلامو ئسیلامی سیاسی بەدەستەوە دەگرن، ئەمەشیان لەسەر حسابی زاڵکردنی سەرکوتی بیرورای ئازادو پەرەدان بەکۆنەپەرستیو تیرۆرۆ ترسوتۆقاندن، تابتوانن جەماوەری نارازی بێدەنگ ڕابکرن وبازاڕی کۆمپانیاکانیان بچەرخێنن.
کۆتایی هێنان بەم تیرۆرو ئیسنان کوژیە وبەستنی دەمی فتوادەرانی ئیسلامی کاری بەرەی ئازادیخوازی کۆمەلگای کوردستانە. هاتنەمەیدانی یەکگرتوانەی بەرەی ئازادی خوازی، لەدژی تێرۆری”خواناس وریا” ودانانی سنورێک بۆ مەلاو بانگخوازو سەلەفیەکان وهەمو ئەوانەی لەپشتی ئەم تاوانەوەن، کارێکی دەستبەجیەو نابێ ڕێگە بدرێت بەوەی کەهیچ کەسێک لەسەر رەخنەگرتن یان دەربڕینی بۆچوون و بیروڕا، ڕوبەروی هەرەشەو کوشتن بکرێتەوە، دەبیت ئەوانەی لەپشت ئەم تیرۆرەوەن ئاشکرا بکرێن و ڕووبەڕوی دادگا بکرێنەوە. هاوکات دەبێ دەسەڵاتداران ناچار بکرێن بەوەی کە ئازادی بێمەرجی سیاسی، ئازادی بیروراو ڕەخنە لەهەر باوەڕیک، بەڕەسمی بناسێنی وسەرپێچی کەرانیان وەک تاوانبار بناسرێن. بێگومان دەستکۆتاکردنی یەکجارەکی کۆنەپەرستی و دورخستنەوەی دەستی ئیسلامیەکان لەسەر کۆمەڵگە، بە خەبات بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا و کۆتایی هێنان بەهەژمونی ئەحزابەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر ژیانی خەڵک و جێگرتنەوەیەتی بە دەسەڵاتێکی سکولار وجەماوەری ڕێکخراو لە شوراکاندا گرێی خواردوە. دەسەڵاتێک کە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزانی بۆ هەموان دابین بکات.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٣/٦/٢٠٢٣