بەیاننامەیەک لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە
بەپێی هەواڵێک کەلەکارگەی گرین عێراقەوە، بەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکار گەیشتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕیکەوتی ٢٩/ ٤/٢٠٢٣، لەکاتێکدا کەکرێکاران بەرەو یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاران دەچن، بەڕێوەبەرایەتی کارگەکە، بڕیاری لەسەرکار دەکردنی ژمارەیەک کرێکاری لەهەرسێ شێفتی کارکردن بەکرێکارەکان ڕاگەیاندووە. پاساوی بەڕێوەبەرانی کارگەکەش بۆ ئەم بڕیارە دژی کرێکاریەی ئەوەیە کەلە “تێست” دەرنەچون!. ئەمە لەکاتێکدایە کەلە نێوان ئەو کرێکارانەی کەبەم پاساوە ناڕاست وزاڵمانەیە، ڕووبەڕووی لەسەرکار دەرکردن کراونەتەوە، زیاتر لەساڵێک و دووساڵ وتەنانەت سێ ساڵیش خزمەتی کارکردنیان لەکارگەکەدا هەیە وهیچ کێشيیەکیان نەبووە و بەکردەوە پڕۆسەی”تێستیان” تێپەڕاندوە وژمارەیەکیشیان کرێکاری ئافرەتن.
ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتی کارگەی گرین عیراق، لەگەڵ ئەوەدا هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە، هاوکات دەستدرێژی وغەدرێکی ئاشکرایە بۆ سەرکرێکاران وهیچ پاساوێک هەڵناگرێ. تەنها ئامانجی خاوەنکار لەم بڕیارەیدا لەلایەک تۆڵەکردنەوەیە لەکریکارانێک کەلەسەرەتای مانگی ئازاردا، بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیانیان چەند ڕۆژێک مانیان گرت ولەلایەکی تریشەوە ڕووی لەسەرکوتکردن وبێدەنگ کردنی سەرجەم کرێکارانەو ڕازی کردنیانە، بەدۆخێکی سەختی کارکردن، تا لەسەر ڕەنجو ماندوبوونی کرێکاران قازانجی ڕادەبەدەر بخاتەگیرفانەوە. ڕەفتارو مامەڵەی بەڕیوەبەرانی کارگەی گرین عیراق لەرابردوودا، جگەلە هەڵسوکەوتێکی دژەئینسانی و دژە کرێکاری شتێکیتر نەبووە، تەنانەت زوڵم وزۆر وپێشیڵکردنی مافەکانی کرێکاران وچاوچنۆکیەک کە بەڕیوەبەرانی کارگە دەستیان داوەتێ، بەڕادەیەکە کەسنوری ئەو یاسایانەش ببڕیت کەلەهەرێم بەرکارە وهیچ حسابێکی بۆ نەکەن. بەتایبەتیش دەرکردنی کرێکاران لەسەرکار بەبێ هێچ پێشینە و حسابکردنێک بۆ ژیانی کرێکاران و خێزانەکانیان، بەبەرچاوی وەزارەتی کار وحکومەت وسەندیکاکانی سەربەحزبەکانی دەسەڵاتەوە، لەکاتێکدا کەخۆیان ئاگاداری دەسترێژیەکانی خاوەنکارگەی ناوبراون و گوایا یاسای کارێکیان لەخزمەت بەکرێکاراندا دەرکردوە، ئەو ڕاستیەمان پێدەڵیت، کەیاسا ودەسەڵات لەدژی مافەکانی کرێکاران، لەبەرەی خاوەنکارو کۆمپانیاکاندایە.
بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار وەک ئەوەی هەمیشە لەپشتی کرێکاران ڕاوەستاوە، ئەم بڕیارەی بەڕیوەبەرانی کارگەی گرین عیراق، بەبڕیارێکی زاڵمانەو هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەرکرێکاران دەزانێ و بانگەوازی سەرجەم کرێکارانی کارگەکە دەکات کەبەپشتبەستن بەخۆیان وبەیەکڕیزی ویەکگرتوویان بەتەواوی تواناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە لەهەوڵدابن. هەروەک ئەوەی بڕیارەکەی بەڕیوەبەرانی کارگەی گرین عێراق لەسەرکار دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکارانە، ئیتر هیچ دڵناییەک بۆ مانەوەی هیچ کرێکارێک لەسەرکارەکەی ناهێڵێتەوە، بۆیە دەبێ چ ئەو کرێکارانەی هەڕەشەی بڕیارەکەیان لەسەرەو چ ئەوانەش هێشتا ناویان لەلیستی دەرکراوەکاندا تۆمار نەکراوە، دەست بخەنە ناودەستی یەکتر وپێکەوە لەدژی بڕیارەکە ڕاوەستان. بێگومان سازدانی کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران وهەڵبژاردنی نوێنەرانی دلسۆز وهوشیاری کرێکاریی وپشت بەخۆ بەستن ودورکەوتنەوە لەهەر هەنگاوێک کەڕیزی یەکگرتوو سەربەخۆی کرێکاران دەپارێزی هۆکارێکی کارێگەرە لەهەوڵەکانی کرێکارن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێک کەبەرەوڕویان کراوەتەوە.
هەرلێرەدا ئێمە داوا لەکرێکارانی کارگەکانی تر ولاینەگرانی بزوتنەوەی کرێکاری دەکەین کەکرێکارانی گرین عێراق بەتەنها جێنەهێڵن وبەشێوەی گونجاو پشتیوانی و هاوپشتی خۆیان دەرببڕن و فشارەکانیان لەسەر وەزارەتی کارو بەڕێوەبەرانی کارگەی گرین عێراق توند بکەنەوە. بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار چ لەناوخۆی کوردستان وچ لەئاستی دەرەوەدا، هەموو هەوڵو توانایەکی خۆی بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم بڕیارە دژەکرێکاریە دەخاتەگەڕ.
٢٩/٤/٢٠٢٣
27