بێناسنامەکان، گۆڕستانی ئەو ژنانەی بێکەسکوژ کران

ئا: ڕێژنە سەردار

بێناسنامه‌کان له‌گردی سه‌یوانی شاری سلیمانی، کۆمەڵە گۆڕێکی بێنازی ئەو ژنە خنکاوو کوژراوانەن کە لەژیان‌و مردنیشیاندا بەدبەخت‌و دڵشکاو بون.

“بێناسنامەکان” دەکەوێتە بەشی خواری خوارەوەی گۆرستانی سەیوان، ئەوانەی لێرەدا بەخاک سپێردراون ئەوەندە بێکەسن کە ساڵ دێت‌و ده‌ڕوا که‌سێک نابینی بێت‌و فرمێسکێکیان بۆ هه‌ڵڕێژێ یاخود گوڵێک بخاتە سەر گۆڕیان.

گۆڕی ناڕێک‌و به‌گڵ داپۆشراویان باشترین گوزارشت لەبه‌دبه‌ختی ئەوانە دەکات کە له‌م روبه‌ره‌ په‌راوێزو له‌بیرکراوه‌ی گۆڕستانه‌ ناوداره‌که‌ی سلیمانیدا بەخاک سپێردراون.
له‌به‌شی ‌سه‌ره‌وه‌و خواره‌وه‌ی هه‌ر گۆڕێکیاندا دو کێله‌ بەردی کورت‌و خوار دانراوه‌و زۆربه‌یان له‌بری ناوو بەرواری مردنیان، ژماره‌یه‌کیان به‌بۆیه‌ی سورو په‌مه‌یی له‌سه‌ر نوسراوه‌، کە دەریدەخات ئەوانەی لەژیانیاندا بەدبەخت بون، لەمردنیشیاندا داماوو بەدبەختن.

رێژه‌یه‌کی به‌رچاو له‌گۆڕەکانی ئەم گۆڕستانە که‌ ژماره‌یان زیاتر له‌2000 گۆڕ دەبێت، ئه‌و کچ‌و ژنانه‌ن له‌لایه‌ن که‌سوکار یان که‌سانی نه‌ناسراوه‌وه‌ کوژراون‌و زۆربەشیان قوربانی توندوتیژیی کۆمه‌ڵایه‌تین. به‌پێی ئه‌وه‌ی “عوسمان”ی گۆڕهه‌ڵکه‌ن پێى وتین.

عوسمان که ‌بەدرێژایی دوانزه‌ ساڵی رابردو ‌مردوشۆرو گۆڕهەڵکەنی ئەو مردوانە بوه‌ بێ‌ ناسنامەن‌و رێی مردن‌و بەخاک سپاردنیان کەوتوه‌ته‌وه‌ ئەم گۆڕستانەوە، بەدەم سەیرکردنی گۆڕە زۆرو زەبەندە بێنازه‌کانی بەردەمیەوە، بەدەستی ئاماژەی بەروبەری گۆڕستانەکە کردو وتی “ئەوانەی له‌م روبه‌رده‌دا بەخاک دەسپێردرێن خاوەنیان نیە‌و بێکەسن، دوای ئەوەی چەند مانگێک لەبنکەی پزیشکی دادوەریی دەمێننەوە دواتر لێرە بەخاک دەسپێردرێن”.

وتیشی “هه‌مو ساڵێک چه‌ند ژنێکی کوژراو لێره‌ ده‌نێژرێن، له‌ئه‌مساڵی 2019دا ژنێکی گه‌نجی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانم به‌خاک سپاردوه‌ که‌ پاش کوشتنی ته‌رمه‌که‌یان لەناوچه‌ی شارباژێر فڕێدابو، تەمەنی 30 ساڵ بوو، ماوه‌ی 3 مانگ لەبنکەی پزیشکی دادوەریی مابۆوه‌، کەس نەبوو بەخاوه‌نی، کەسیش نەیزانی لەسه‌رچی کوژراوە”.

ئه‌م گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات ژماره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی به‌هۆی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ده‌کوژرێن‌و که‌س لێیان ناپرسیته‌وه‌، له‌ساڵێکه‌وه‌ بۆ ساڵێکی تر جیاوازه‌، ئه‌و وتی “ساڵی وایه‌ 10 ژنی کوژراوم له‌م گۆڕستانه‌دا به‌خاک سپاردوه‌، که‌ دوای به‌خاک سپاردنیان من‌و خوا نه‌بێت کەس نەهاتوەتە سەر گۆڕەکەیان”.

عوسمان کە شەڕواڵ‌و مراخانێکی رەنگ کاڵەوەبوی لەبەردایە، له‌نێو ئه‌م هه‌مو گۆڕه‌ خوارو ناڕێکه‌دا وەک ئەوەی کارێکی پێچەوانەی یاساکانی سروشتی بەدیکردبێت، پەنجەی بەرەو گۆڕەکەی “سنور” راکێشا، ئەو کچەی کە ساڵی 2015 لەباخچەی دایک لەشاری سلێمانی لەلایەن که‌سوکاریه‌وه‌ کوژراو دواتر لەگۆڕستانی بێناسنامەکان بەخاک سپێردرا، ئەو وتی “12 ساڵە گۆڕێکی بێناسنامەم نەبینیوە کەسێک بێت سەردانی بکات یان گوڵێک لەسەریان دابنێت، تەنانەت ناویشیان لەسەر گۆڕەکانیان نەنوسراوە، بەڵام تەنها گۆڕێک کە هەڵبەسترابێت لەناو ئەم بێناسنامانەدا گۆڕی سنورە کە لەلایەن یەکیەتی ژنانەوە هەڵبەستراوە.”

دیاردەی ژن كوشتن یەكێکە لەو دیاردانەی کە تا ئێستا لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا بەردەوامە، تەنانەت پاش کوشتنیشیان گۆرەکانیان لەگۆڕی مردوەکانی تر جیا دەکرێنەوە، لەسلێمانی‌و هەولێریش دو گۆڕستانی تایبەت بەو کچ‌و ژنە کوژراوانە هەن.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتی ژنان، سەیوان ڕۆستەم جەغت لەوە دەکات كەم ڕۆژ هەیە هەواڵی كوستنی ژنێك لاپەڕەی یەكەمی میدیاكانی داگیر نەکردبێت.

سەیوان وتی “زۆر بەداخین کە ئێستا گۆڕستانێکی بێناسنامەی پڕ لەژن‌و کچی کوژراو لەوڵاتەكەماندا دەبینین”.
وتیشی “ڕاستە ڕێکخراوەکانی ژنان کاریان زۆر کردووە لەسەر ئەم پرسە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پیلانێکی ستراتیجی ژنان نەبێت بۆ کەمکردنەوەی پرسی کوشتنی ژنان”.

سەیوان ئەوە روندەکاتەوە کە چەندینجار سكاڵای ژن کوشتنیان گەیاندوە بە کاربەدەستان، بەڵام ئەوان وتویانە “کەس نایەت داوا تۆماربکات لەسەر ئەو کەیسانە، چونکە بەدەستی کەسوکاری خۆیان دەکوژرێن.”
بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتی ژنان وتی “ئێمە هەرگیز لەگەڵ جیاکردنەوەی ئەو گۆرستانەدا نین، ئەمە بۆ کۆمەڵگەش جۆرێک لە کاریگەری زۆر خراپ و ناخۆش دروست دەکات”.
وتیشی “پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەم حاڵەتە بکرێت‌و ئێمە وەک خۆمان ڕامان وایە پێویست نییە لە دوای مردنیش ژنە کوژراوەکان گۆڕەکانیان جیابکرێنەوە”.

هەرچەندە بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتی ژنان هیوای ئەوە ئەخوازێ لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا ژن کوشتن نەمێنێ، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لەشارەکانی هەرێمی کوردستان، 10 ژن کوژراون و 13 ژنیش خۆیان کوشتوە. زۆربەی کوشتن و خۆکوشتنەکانیش لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی 2019 لەپارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک بون.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی ئەو حاڵەتی کوشتنانە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی‌و لەلایەن خێزانەکانیانەوەیە، بۆ نمونە کچێک پەیوەندی لەگەڵ کوڕێک دەبێت‌و ئاشکرا دەبێت، یاخود بەهۆی کێشەی فەیسبوک‌و لەو جۆرەوە.
ئەو وتی “ئێمە دوای گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان ڕادەستی پزیشکی دادوەری دەکەین‌و ئەوانیش دەیدەنە شارەوانی‌و ئەوانیش بەئەمانەت لەشوێنێکدا دەەینێژن تاوەکو کەسێک، خێزانێک، عەشرەتێکی پەیدا دەبێت”.

رۆژنامه‌نوس دوای بەشداریکردنی لە خولێکی رێخراوی ( Internews ) لەسەر شێوازی نوسینی راپۆرتی هەستیاری جێندەری، ئەم چیرۆکەی لەسەر پرسی گۆڕستانی ئه‌و ژنانه‌ی بێکه‌سکوژ کران ئامادەکردوە.

سەرچاوە: ئاوێنە

لێدوانێک بەجێ بهێلە