چەند شیعرێکی “سابیر هاکا”

چەند شیعرێکی “سابیر هاکا”
شاعیری کرێکاران
و/ دلاوەر قەرەداغی:
(۱)
ئەگەر ڕۆژێک مردم
هەموو ئەو کتێبانە لەگەڵ خۆمدا دەبەم
کە خۆشم دەوێن
گۆڕەکەم پڕ دەکەم لە وێنەی ئەو کەسانەی
کە خۆشم دەوێن
بۆ خۆم؛ خۆشحاڵ لەوەی
هۆدەیەکی بچووکم هەیە و
بێ ئەوەی هیچ ترسێکم لە ئایندە هەبێ،
ڕادەکشێم
جگەرەیەک دادەگیرسێنم
بۆ هەموو ئەو کچانە دەگریم
کە حەزم کردووە لە ئامێزیان بگرم
بەڵام لە توێی هەر چێژێکدا
ترسێکی گەورە خەوتووە
ترس لەوەی
بەیانی شەبەقیی
کەسێک شانت ڕاوەشێنێ و بڵێ:
هەستە سابیر…
دەبێ بۆ ئیش بڕۆین!
(۲)
تاقە هۆکارێک کە لەگەڵ خودادا نەبوومەتە هاوڕێ
بۆ ڕابوردوویەکی دوور دەگەڕێتەوە
بۆ ئەو کاتەی خێزانە شەش کەسییەکەمان
لە ژوورێکی بچووکدا دەژیاین
خوداش کە هەر خۆی بە تاقی تەنیا بوو
ماڵەکەی،
لەوەی ئێمە گەورەتر بوو
(۳)
چەندین جار ڕووی داوە؛
خشتێک لە دەستی وەستایەک،
کیسەیەک چیمەنتۆ لە سەرشانی کرێکارێک،
یان چینکۆیەکی ئاسن
لە قولاپی سڵینگێک
خزاوە و کەوتووەتە خوارەوە
هەندێ ئازار تا ئەبەد مرۆڤ دەکرۆژن
کەواتە حەقم بدەیێ
کاتێ ترس ئەوەندە لە بوونمدا چێ بووبێ؛
هەر کاتێ لە ئامێزت بگرم
لە زرینگەی لەرەی گوارەکانت بترسم
(٤)
من هەرگیز ناتوانم
ببمە کارمەندێکی سادەی بانق
ببمە وشکەفرۆش
ببمە سەرۆک حیزب
ببمە شۆفێری تەکسی
یان ببمە دەڵاڵی دۆزینەوەی ڕاگەیاندنکار
من هەمیشە حەز دەکەم
بە سەعات لە بەرزاییەکی سەرووتر لە شار
ڕاوەستم
تا لە ئاپۆرەی خانووەکاندا
بە دوای ماڵی کەسێکدا؛ کە خۆشم دەوێ،
بگەڕێم!
من هەر لەبەر ئەمە
بوومەتە کرێکار!
(٥)
باوکم کرێکار بوو
پیاوێکی ئیماندار
هەر جارێک نوێژی دەکرد
خودا شەرمی لە دەستوپلی دەکرد
(٦)
کرێکاران
ژیانێکی سادە و
ژنی جوانیان هەن
ئاخر ئەوان هەموو ڕۆژێک
کە لە ئیش دەبنەوە؛
هەوری سپیی تەڕوتازە
لە هەوربڕەکانەوە
بۆ ماڵەوە دەبەنەوە
(۷)
تا ئێستا
شاتووت بینیوە کە دەکەوێتە خوارەوە؟
بینیوتە چۆن لە سوورایی خۆی
بەشی ئەرز دەدا؟
(هیچ شتێک وەک بەربوونەوە بەسۆ نییە)
من زۆر کرێکارم بینیون
کە لە ئاپارتمانێک بەربوونەتەوە،
بوون بە شاتوو

 

(٨)
بڕیار بوو
وەک باڵندەیەک لە دایک بم،
کە هێشتا بە ئاسماندا نەفڕیبێ
کە گۆرانی نەچریبێ
دایکم کۆچی کرد و
بە تەنیا جێی هێشتم
بڕیار بوو
وەک درەخت بێمە دونیا
بەڵام بەر لەوە درەختێکم ناسی
ئەقڵی لەدەست دا
چونکە هەموو شەوێک
خەونی بە دارستانێکی سەوزەوە دەبینی کە دەسووتا
بڕیار بوو ببمە ئاو
بەڵام بەر لە من
ڕوبار بۆ دەریا ڕۆیشت و نەهاتەوە
بیستبووم ڕوبار زارۆکی دەریایە
نازانم کام فریشتە
بە هەڵە بانگی بە گوێی چەپمدا دا و
بووم بە مرۆڤ
ئێستا کرێکارێکم
کە هەموو بەیانییەک لەگەڵ باڵندەکاندا
وەئاگا دێمەوە و
دەخوێنم،
لەسەر هەوربڕەکان
لەگەڵ فڕۆکەکاندا پەراوەی فڕین دەکەم
وێڕای ئەوەش بێئەندازە دڵتەنگم
دڵتەنگم لەوەی هاوڕێکانم
بووبن بە درەخت،
باڵندە،
یان بە ئاو!
(٩)
ئەگەر دەستبەردارم ببیت
بەدبەخت دەبم
وەک کرێکارێک کە دەردەکرێ لە کار
(١٠)
هەندێ شت
تەنها لە دوورەوە ڕواڵەتێکی ئارام و جوانیان هەن
وەک عەشق
سیاسەت و
کۆچ
مرۆڤ دەبێ بۆ نزیکبوونەوە لێیان
پێداگریی نەکات
من لەسەر هەوربڕەکان
زۆر باڵندەی کۆچەرییم بینیون
کە فرمێسک زاوەتە چاوانیان!
(١١)
هەمیشە بۆ خۆدزینەوە لە کار
تا ئەو جێیەی دەتوانم
خۆم بریندار دەکەم
یان دەچمە تەوالێت
هەمیشەش بۆ خۆڕزگارکردن
لە هەستنەکردن
بە غەریبیی،
دوای ئیش
لە سەر هەوربڕێک دادەنیشم
دەنۆڕم کە چۆن شەو
هێور هێور
لە دووکەڵکێشەکانەوە دێتە دەر
(١٢)
هەموو ژیانم باوەڕم وا بووە
درۆ نەکەم
دڵی کەس نەشکێنم
ئەوەشم قەبوڵ بووە کە فەوتان بەشێکە لە ژیان
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
لە مردنی خۆم دەترسم
دەترسم دوای مردنم
هەر بە کرێکاریی لەدایک بم!
(١٣)
کرێکاریی ئیشێکی ئاوڕوومەندانەیە
مرۆڤ نانی بەری ڕەنجی خۆی دەخوات
ئەگەرچی زۆر جار
برسیی بووم
درۆ و جنێوم بیستوون
بێ کار بووم
بەڵام هەرگیز ئامادە نیم
ئیش لە ئاپارتمانێکدا بکەم
کە بڕیار بێ سبەی
لێی بنووسرێ؛
زیندانی ناوەندیی!
(١٤)
هەندێ جار هێندەی مردوویەک شەکەتم
هێند شەکەتم کە دەترسم
خەوم لێ بکەوێ و
چیدی هەرگیز وەئاگا نەیەم!

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە