بۆچی خامنەیی لە دانوستان تۆقاوە؟

عەبدولڕەحمان گەورکی

عەبدولڕەحمان گەورکی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

خامنەیی رۆژی ٨ی مارس بە ئاشکرا وەڵامی نامەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکای سەبارەت بە دانوستانەکان دایەوە و رەتی کردەوە. بۆچی؟ ئایا مەگەر سیاسەتی “دانوستاندن” یەکێک نەبووە لە ئامرازەکانی سیاسەتکردنی ئەم حکومەتە بۆ پاراستنی دیکتاتۆرییەت؟

خامنەیی وتی: “هەندێک لە حکومەتە چەوسێنەرەکان پێداگری لەسەر دانوستان دەکەن، دانوستانەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکو بۆ سەپاندنی هەژموونییە، بە لای ئەوانەوە دانوستان رێگەیەکە بۆ هێنانە ئاڕای داخوازیی نوێ. مەسەلەکە تەنها مەسەلە ئەتۆمییەکە نییە کە ئێستا باسی دەکەن. داخوازیی تازەیان هەیە کە بە دڵنیاییەوە لە لایەن ئێرانەوە قبووڵ ناکرێت”.

 

راستییەکە؟

یەکەم راستی ئەوەیە کە رژێمی ویلایەتی فەقیهی کە حوکمی ئێران دەکات لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە. ئەم دەسەڵاتە لە هەردوو بواری ناوخۆیی و دەرەکیدا رووبەڕووی گەلێک قەیران بووەتەوە کە قەیرانی “ڕووخاندنی رژێم” لە پێش هەموو قەیرانەکاندایە. هەر بۆیەش لە دانوستان لەگەڵ لایەنێکی بیانی تۆقاوە. چونکە دەزانێت هیچ رێگایەکی دەربازبوون نەماوەتەوە. بۆ ئەوەی زیاتر فریو بدات و کڕیار بۆ قسەکانی بدۆزێتەوە. “ڕەتکردنەوەی دانوستان” لەلایەن خامنەییەوە بەرهەم و دەرئەنجامی هەلومەرجی ئێستای دەسەڵاتی ئایینییە کە لە لێواری داڕماندایە.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە ساڵی رابردوو، دەبینین ئەم رژێمە، دەسەڵاتی دیکتاتۆریی سوریا (بەشار ئەسەد) و هێزە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا و بەتایبەت حزبوڵڵای لەدەست داوە و لە ئەنجامدا ئەو “هیلالە”یشی لەدەستداوە کە بۆ خۆی کێشابووی و بەرەو تەواوکردنی دەچوو. رۆژانەیش زیاتر لەدەستی دەدات!

دۆخێکی لاواز و ناسک!

ئەوەی بۆ شارەزایانی کاروباری ئێران گرینگترە ئەوەیە کە، دۆخەکە زۆر ناسک و لەرزۆکە و پێگەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ناوچەکە زۆر لاوازە. عەلی خامنەیی، لە سەرووی هەموواندا، ئەمە دەزانێت. لە هەر ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم دیکتاتۆرییەتە لە لایەن خەڵکی ئێران و ناوەندەکانی شۆڕشەوە بڕوخێنرێت کە رەنگە “پرێشك”ێک بەس بێت بۆ کۆتاییهێنان بەو رژێمە. هەربۆیە رژێمی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران، پێش هەمووان، کۆتایی خۆی بینیوە و رۆژانە ساتەکانی “مەرگ”ی خۆی ئەزموون دەکات.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی رووخاندنی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ئێران، سیاسەتی “دانوستاندن”یش لە دەستی ئەم رژێمەدا نەماوەتەوە و لێی تۆقاوە. لە سیاسەتی ئەم رژێمەدا، دانوستاندن کاتێک باشە کە خزمەت بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە بکات. رەنگە دانوستان لەسەر “بۆمبی ئەتۆمی” باشترین نموونە بێت. رژێمی ئێران تا ئەو جێگەی توانیبووی، ئەم سیاسەتەی لە سەر “چەکی ئەتۆم” و پڕۆژە ئەتۆمییەکان بە کاری هێنابوو.

خامنەیی دوژمنی دانوستانە!

ئایا لەوە بەدەرە کە ئەم دەسەڵاتە، بەم سیاسەتەی، بە راییکردنی دانوستان، بە نیاز بوو بۆمبای ئەتۆم” بەرهەم بهێنێت و ببێتە خاوەن چەکی تۆم و بەم رێگەوە چارەنووسی گەلانیتری جیهان بە بارمتە بگرێت؟! هەربۆیە چارەنووسی “دانوستاندن”ی رژێم لە رابردوودا، بەڵگەیە لەسەر ئەوە راستییە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران دوژمنی “دانوستاندن”ە. چونکە لە بنەڕەتدا دژی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئاسایشە لە ناوچەکە و جیهاندا.

خامنەیی لە وتارەکەیدا وتی: دەڵێن “فڵانە کار مەکەن و فڵانە کەس مەبینن و فڵانە شوێن مەچن ، فڵانە شت بەهەم مەهێنن. مەوادی مووشەکەکانتان فڵانە رەقەم زیاتر نەبێت”. هەروەها وتی: “بێگومان ناوی دانوستان دووبارە دەکەنەوە بۆ ئەوەی فشار لە بیروڕای گشتیدا دروست بکەن و بڵێن لایەنی بەرامبەر ئامادەیە بۆ دانوستان، ئێوە بۆچی ئامادەنین بۆ دانوستان؟” خامنەیی ئەوەشی زیاد کرد: “ئەوە دانوستان نییە، زۆرەملێیە، سەپاندنە، ئەمە جگە لە لایەنیتر کە لێرەدا ناکرێت باسی بکرێت”

لەگەڵ نزیکبوونەوەی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، “ئامرازەکانی سیاسەت” یەک لە دوای یەک، لە دەستی ئەم رژێمە دەردەهێنرێن. خەڵکی ئێران دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیاندا رەت دەکەنەوە. گەل دیکتاتۆرییەتی شایان رووخاند و ئێستا بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی لە مەیداندان. نەک هەر ماندوو و بێ ئومێد نین، بەڵکو بەهێزتر و تەیارتر و ئەزمووندارتر و ئامادەترن! خەڵک، دیکتاتۆریی شا و دیکتاتۆریی مەزهەیبییان بە ئەزموون کردووە.

دۆناڵد ترەمپ و داوای دانوستان لەگەڵ خامنەیی

ئەم قسانەی خامنەیی دوای ئەوە هات کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس بزنس) کە لە ٨ی مارس پەخشکرا، سەبارەت بە پڕۆژەی ئەتۆمی رژێم وتی: دوو رێگا هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، یان سەربازی یان دانوستان. من دانوستانم پێ باشە، چونکە نامەوێت زیان بە ئێران بگەیەنم لە رووی سەربازییەوە. ئەگەر ناچار بین بە کاری سەربازی، ئەوە شتێکی ترسناک دەبێت بۆ ئەوان.'” ترەمپ رایگەیاندبوو: “لەگەڵ رژێمی ئێران گەیشتوینەتە قۆناغی کۆتایی و بە تەواوی لە ساتەکانی کۆتاییداین.” نابێت رێگە بەم رژێمە بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت. پێم باشترە رێککەوتنێکی هێمنانەمان هەبێت تا بژاردەیتر. بەڵام بژاردەیتر کێشەکە چار ناکات”.

ڕووبەڕووبوونەوەی سەرەکی لە ناوخۆی ئێراندایە!

ئێستا کە ماوەیەک بەسەر “دانوستاندن”دا تێپەڕیوە، بەردەوامیدان بەو رووبەڕووبوونەوەیە هەستیار و گرینگەین. خامنەیی دەیەوێت خۆی لە رووبەڕووبوونەوە سەرەکییەکەی نێوان رژێمی مەزهەبی و خەڵکی ئێران بدزێتەوە و وا نیشان بدات کە خەڵکی ئێران لاگری رژێمن! لە کاتێکدا هەمووان زۆر باش دەزانن کە ترسی سەرەکیی خامنەیی، رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆریی ئایینییە لە سەر دەستی خەڵک و بەرخۆدانی ئێرانەوە.

ترسی خامنەیی لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا

خامنەیی رۆژی ١٢ی ئادار گوتی: ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو بەهێزترین! لەم وتارەیدا بە ئاماژە بە حکومەتی نوێی ئەمریکا وتی: بانگەوازکردن بۆ دانوستاندن و بانگەشەکردنی دانوستان فێڵکردنە لە رای گشتی… ئەنجامی دانوستانەکان، لابردنی سزاکان نابێت لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە، واتا سزاکان هەڵناگرێت. گرێ کوێرەی سزاکان چەند هێندە دەکات. فشارەکان زیاد دەکات، دانوستان لەگەڵ ئەم حکومەتە فشارەکان زیاتر دەکات. … بابەتی نوێ دەوروژێنن، چاوەڕوانیی نوێ دەوروژێنن، داواکاریی زیاتر دەوروژێنن، کێشەکە زیاتر دەبێت لەوەی ئەمڕۆ هەیە. کەواتە دانوستان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، هیچ گرێیەک ناکاتەوە.

وشەی کۆتایی!

وشیاری و ئامادەیی خەڵک و موقاوەمەتی ئێران، بۆ رۆڵگێڕان لە پێشهاتەکانی داهاتووی پێوەندیدار بە ئێرانەوە، لەم هەلومەرجە هەستیارەدا پێویستییەکی بەپەلەیە. ئێستا هەمووان چاویان بڕیوەتە موقاومەتی ئێران و ناوەندەکان شۆڕش لە سەرتاسەری ئێران. ئەوەی حاشا هەڵنەگرە، رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیکە لە ئێران کە بەم زووانە دەبێتە ئەمرێکی واقیع!

***

لێدوانێک بەجێ بهێلە