عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
هەر لەو کاتەوە کە دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی جێی دیکتاتۆریی شای گرتەوە لە ساڵی ١٩٧٩، لایەنگرانی دیکتاتۆری لە ئێران هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە کە ئێران لە ژێر دەسەڵاتی ستەمکاریدا بهێڵنەوە و نەهێڵن خەڵک بە ئارەزووی لە مێژینەی خۆیان واتا ئازادی و سەربەخۆیی بگەن. هەربۆیە بە هەموو شێوەکان هەوڵیان ئەوەیان داوە پێش بە “گۆڕینی دەسەڵات” لە ئێران بگرن و خەڵک بە (زیندانی) بمێننەوە. بەڵام مێژوو دەریخستووە کە هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت.
لە بەرامبەردا، (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) کە ئەندامە سەرەکییەکەی، (سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران)ە، هەموو رێگاکانی بەسەر دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا داخستووە. ئەم ئەنجومەنە، بە پێچەوانەی هەموو لایەنە لاواز و وابەستە و سازشتکارەکان، هەرگیز رازی نەبووە لەگەڵ دیکتاتۆرییەتدا دانوستان و سازش بکات.
ئەزمونەکان دەریانخستووە کە هەر سازشتکردن و دانوستانێک لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی، تەنها یارمەتیدەر بووە بۆ مانەوەی دیکتاتۆرییەت. ئەزمونەکان هەروەها ئەوەی دەریخستووە کە دانوستان لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی، نکۆڵیکردنە لە ئازادی و دیموکراسی لە ئێران. بەتایبەت بۆ هێزێکی ئێرانی، دانوستان لەگەڵ دیکتاتۆری، هێڵێکی سوورە کە دەبێت بە سوور بمێنێتەوە و بپارێزرێت. نموونەی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان لە جیهان زۆرن کە تەنها بە ئیرادەی گەلەکەیان کەوتوون نەک بە دانوستان!
یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، پشتیوانیکردنی شاراوە و ئاشکرای زلهێزە دەرەکییەکانە لە دیکتاتۆرییەت و بە تایبەت لە لایەن سازشتکارانە رۆژئاواوە. لەم ساڵانەی دواییدا راپەڕینە جەماوەرییەکان و چالاکییەکانی ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکان) دەریانخست کە سەردەمی ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت لەم وڵاتەدا کۆتایی هاتووە. راپەڕینە جەماوەرییەکانی ساڵانی ٢٠١٦، 2019 و 2022 نیشانیان دا کە خەڵکی ئێران ئامادەن بۆ رووخاندنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە مەزهەبییە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، چەندین جار سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران و ئێعدامی بەکۆمەڵ لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوەیان ئاشکرا کردووە، بەڵام ئەم رژێمە بە گوێنەدان بە خواستی خەڵکی ئێران و شەرمەزارکردنە نێودەوڵەتییەکان، درێژە بە سیاسەتە سەرکوتکەرییەکانی خۆی داوە.
ئامارە ئابوورییەکانیش، بەڵگەیەکیتری بێ توانایی رژێمی ئێرانە لە بەڕێوەبردنی وڵات و داخوازییەکانی گەل. رێژەی هەڵاوسان و هەژاریی بەربڵاو و بێکاری و هەڵاتنی سەرمایە و نوخبەکان لە ئێران نیشان دەدات کە ئەم دەسەڵاتە هیچ پلان و ئاسۆیەکی نییە بۆ باشترکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و بارودۆخی ژیانی گەل. لە ئێستادا خەڵکی ئێران لە دۆخێکی سەختی ئابووریدان. حکومەت بە ملیارەها دۆلار بۆ شەڕە بە وەکالەت و بەرنامە ئەتۆمییەکانی خەرج دەکات. ئەم پرۆسەیە ناڕەزایی کۆمەڵایەتیی چڕتر کردووەتەوە و بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی کردۆتە تاکە بژاردەی مومکین. خەڵکی ئێران ئەم رژیمەیان بەدڵ نییە و خواستی ئەوان ئەوەیە کە دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیاندا بڕووخێنن. تاکە رێگەی گەیشتن بە سەرکەوتن، لە پتەوکردنی ئیرادەیە لە شەڕەکەدا. ئەم ئەرک و پەیامە مێژووییە ئێستا لەسەر شانی ناوەندەکانی شۆڕش لە سەرتاسەری ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهیدا. ئەوان بەردوامن لە خەبات و تێکۆشان لە دژی دیکتاتۆرییەت.
هەربۆیە “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” بە راگەیاندنی بەرنامەیەکی دێموکراتیک، لەوانە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، مافی یەکسان بۆ ژنان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکان و کۆمارێک لەسەر بنەمای دەنگی گەل، تاکە بەدیلی راستەقینەی ئەم دەسەڵاتەیە. چارەنووسی ئێران لە لایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە دیاری دەکرێت. بزووتنەوەی خەڵکی ئێران لە پڕۆسەی سرووشتی خۆیدا، بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی هەنگاوی ناوە و ئەو رەوت و لایەنانەی نوێنەرایەتی ئەمجۆرە ناوەڕۆکە ناکەن، بەرەو کاڵبوونەوە و لەناوچوونن. ئەمجۆرە هێزە بێ رەگ و ریشەیە، سەرەڕای پشتیوانیکردنی هەندێک دەوڵەتانی بێگانە، وەک بڵقی سەر ئاو دەتوێنەوە و نامێنن.
بە ئاوڕدانەوەیەک بۆ سەر بارودۆخی رژێم و هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە و جیهان، دەبینین دەسەڵاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی لە قۆناغی کۆتاییدایە و سەرمایەگوزاریکردن لەم رژێمەدا هەڵەیە. چونکە جارێکیتر ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە پێویستە میکانیزمی چەخماخە (واتا چالاککردن) لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایش “چالاک” بکرێت و سوپای پاسداران، کە ئامرازی سەرەکیی سەرکوت و شەڕخوازی و تیرۆرە لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، بخرێتە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و موقاومەتی رەوای خەڵکی ئێران و بە تایبەت چالاکییەکانی ناوەندەکانی شۆڕش لە ناوخۆی ئێران بە رەسمی بناسرێت.
خانمی مریەم رەجەوی ئەمساڵ لە ساڵیادی راپەڕینی دژە پاشایەتیی خەڵکی ئێراندا وتی: شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بە لای پاشماوەکانی (شا)وە شوومە!، بەڵام بە لای گەلەئەستێرەی شەهیدان و شۆڕشگێڕانەوە، جەژنی سەرکەوتنە بەسەر دیکتاتۆرییەتی پاشایەتیدا. هەرچەند ئاخوندان ئەو شۆڕشەیان دزی، بەڵام سەردەمی ئاخوندان کۆتایی هاتووە و شۆڕشێکیتر بەرپا بووە.” هەروەها وتی کە رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە هەموو لایەکەوە لە لایەن موقاومەتی خەڵکی ئێرانەوە دەورە دراوە و کۆمەڵگا پڕە لە توڕەیی و راپەڕین و، ناو حکوومەتیش لێوانلێوە لە ململانێی ناوخۆیی و جێگە و پێگەی ئەم رژێمە لە ناوچەکە لە هەڵوەریندایە. سەبارەت بە ئەگەری دانوستانی رژێم لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، خانمی رەجەوی وتی کە بە گوتەی جێگری وەزیری ئیتڵاعاتی رژێم، “دانوستان گەورەترین ژەهرە!” “خامنەییش دواقسەی کرد و وتی “دانوستان عاقڵانە نیە”. خانمی رەجەوی وتیشی “دۆخەکە بە شۆڕشێکیتر چار دەکریت. شۆڕشێک بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی ئیعدام و کۆمەڵکوژی”.
دوا وشە!
رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی و دامەزراندن و جێگیربوونی سەقامگیری و ئاسایش و رێگریکردن لە هەناردەکردنی تیرۆر لە ناوچەکە و جیهان، بەردەستە و گەیشتن بەم “گۆڕانکارییە گەورەیە” جگە لە داننان بە رەوایەتی موقاومەتی خەڵکی ئێران و تاکە ئەڵتەرناتیڤی (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) هیچ رێگاچارەیەکیتری نییە. ئەوان خوازیاری کۆتاییهێنانن بە دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیاندا. لە ژێر رۆشنایی “سەربەخۆیی و ئازادی”دا، هەموو نەتەوەکان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێران بە مافی خۆیان دەگەن. بە تایبەتی ژنانی ئێران لە هەموو ئاستەکانی ئیدارەی حکومەتدا پێگەی یەکلاکەرەوەی خۆیان دەدۆزنەوە.
***