عەبەدوڵڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
پێشەکی
رژێمی ویلایەتی فەقیهی کە زیاتر لە چل ساڵە دەسەتدارە لە ئێران، بناغەکانی خۆی لەسەر سەرکوتکردن، توندوتیژی، تۆقاندن و سیاسەتی فێڵبازانە لە ناوخۆ و دەرەوەدا بنیات ناوە کە ئەمەش درێژەی رژێمە دیکتاتۆرییەکانی پێشووە و خەڵکی ئێران نایانەوێت. ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە نەک هەر ئازادییە سەرەتاییەکانی خەڵکی سەرکوت کردووە، بەڵکو بە سیاسەتی فراوانخوازی و پشتیوانیکردن لە گروپە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا، هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەکات. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ئەم رژێمە چاکسازی هەڵناگرێت و تاکە رێگە بۆ کۆتاییهێنانی، گرتنەبەری سیاسەتیکی قاتع و بڕەڕ و توندە کە ئەمەش بە خەڵک و موقاوەمەتی ئێران دەکرێت و پشتیوانیکردنی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
سەرکوتی ناوخۆیی، بەردی بناغەی مانەوەی دیکتاتۆرییەت
لە یەکەم رۆژەکانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیەوە، سەرکوتکردنی دڕندانەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ژنان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و رۆشنبیران لە بەرنامەی کاری ئەم رژێمەدا بووە. زیندانە پڕ لە زیندانییە سیاسییەکان و ئێعدامی بەکۆمەڵ و سنووردارکردنی توندی ئازادیی قسەکردن و گردبوونەوە، هەموویان رەنگدانەوەی پێکهاتەی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانە کە بە تیرۆر و تەقینەوە و هەناردەکردنی کۆنەپەرستی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تەواوکراوە.
بەڵام سەرکوتکردنی خەڵک لە ناوخۆی ئێران تەنیا بەشێکە لە ئامرازەکانی مانەوەی ئەم دیکتاتۆرییەتە. رژێمی ویلایەتی فەقیهی هەمیشە بە فێڵ و بەڵێنی درۆ، هەوڵی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی داوە. خەڵکی ئێران زۆر جار نیشانیان داوە کە بەو تاکتیکانە فریو نادرێن. خەڵک نەک هەر دەستیان بە راپەڕین کردووە لە دژی ئەم دەسەڵاتە و قوربانییەکی زۆریان داوە، بەڵکو دەستیان لەسەر دەست دانەناوە و بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت. چونکە نایانەوێت دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیاندا حوکم بکات. ئەوان خوازیاری ئێرانێکی ئازاد، دیموکراتیک و سەربەخۆن کە لە ئاشتی و پێکەوە ژیان و ئاسایشدا بێت لەگەڵ وڵاتانیتر و بەتایبەت لەگەڵ دراوسێکانی.
سیاسەتی ناوچەیی و هەڕەشە جیهانیەکان!
رژێمی ئێران جگە لە سەرکوتی ناوخۆیی، سیاسەتی دەستێوەردانگەرانەی لە ناوچەکەدا پەیڕەو کردووە. پشتیوانیکردنی لە تاقمە تیرۆریستییەکان، پارەدارکردن و پڕچەککردنی هێزی بە وەکالەت لە وڵاتانی دراوسێ و هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە، لەو سیاسەتانەن کە ئەم رژێمە بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی بەکاری هێناوە. ئەم رێوشوێنانە نەک هەر وڵاتانی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکو بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشی خستووەتە ژێر هەڕەشەوە.
هەڵوێستێکی توند و قاتع، وەک پێویستییەک لە بەرامبەر رژێمی ئێراندا
ئەزموونەکان دەریانخستووە کە سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی تەنیا یارمەتیدەر بووە بۆ بەردەوامبوونی سەرکوتکردن و تاوانەکانی ئەم دەسەڵاتە لە دژی خەڵکی ئێران. هەر هەوڵێک بۆ چاکسازیی لەم دەسەڵاتەدا مەحکومە بە شکست. چونکە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی هەر لە بنەڕەتدا دژە دیموکراسییە و دیکتاتۆری. بۆیە تاکە رێگای کاریگەر بۆ کۆتاییهێنان بەم دیکتاتۆرییەتە، گرتنەبەری سیاسەتێکی چارەنووسساز و توندە لەلایەن خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. سیاسەتێکی راست و درووست، پێویستە پشتیوانیکەری کردەیی بێت لە هێزە دێموکراتیکەکان و بەرخۆدانی رێکخراو.
جیاوازیی نێوان سیاسەتی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری
یەکێک لەو هەڵە ستراتیژییانەی هەندێک کەس و لایەن دەیکەن، بەراوردکردنی دانوستانی هێزێکی ئێرانییە لەگەڵ رژێم یان دانوستانی وڵاتێکی دەرەکی لەگەڵ ئەم رژێمە. ئەم دوو دانوستانە تەواو جیاوازن و نابێت وەک یەک دابنرێن. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر روونە کە دانوستانی هێزێکی ئێرانی لەگەڵ رژێمی ویلایەتی فەقیهی (هێڵی سوور)ە. چونکە میتۆدێکی لەو شێوەیە، شەرعیەتدانە بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی. لە کاتێکدا دانوستاندنی وڵاتان و دەوڵەتان لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی دەتوانێ هۆکاری جیاوازی هەبێت. هەر هێز و لایەنێکی ئێرانی ئەم بەراوردکردنە بکات یان لاسایی بکاتەوە، زۆر هەڵەیە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لەبەر چی (عەلی خامنەیی) نەک هەر لە بارودۆخی ئێستادا پێشوازیی لە دانوستان لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئەمریکای نەکردووە و نایکات، بەڵکو هەمیشە خۆی لێ دوور خستووەتەوە!
ئامانجی دانوستانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی، ئەوەندە کاری دانوستاندنی بۆ دانوستانخوازانی ناوخۆی ئێران قورس کردووە کە ناتوانن ئەم شێوازە بکەنە “هێڵی سوور”ی خۆیان و رەخنە لە رابردووی خۆیان بگرن! لەکاتێکدا رژێمی ویلایەتی فەقیهی نەک هەر “دانوستان” وەک ئامرازێک بۆ کڕینی “کات” لە بەرژەوەندی و سەروەری خۆیدا بەکاردەهێنێت، بەڵکو بۆ فریودانی نەیاران و بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی بەکار هێناوە بۆ سەپاندنی دووبەرەکی و پەرشوبڵاوی بەسەر ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دوورکەوتنەوە لە گرتنەبەری سیاسەتێکی توند و بڕەر. کە ئەمەش زۆر کوشندە بووە. ئەو لایەنانە بۆئەوەی رووبەڕووی لێپرسینەوەی خەڵک نەبنەوە کە لەمەڕ دانوستان لەگەڵ رژێم، دانوستانەکانی حکومەتێکی دەرەکی لەگەڵ رژێمی ویلایەتی فەقیهی وەک پاساو بەکار دەهێنن کە خۆی هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە.
دەرەئەنجام!
رژێمی ویلایەتی فەقیهی تەنیا بە “سیاسەتی توند و بڕەڕ” دەڕوخێنرێت. هێشتنەوەی زەمینەی دانوستان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت، یارمەتیدەر بووە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێراندا. خەڵکی ئێران زۆر جار بە راپەڕین و دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئازایەتیی خۆیان لە دژی دیکتاتۆری نیشانداوە و ئامادەن ئەم دەسەڵاتە فڕێ بدەنە زبڵدانی مێژووەوە. هەربۆێە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی رابگرێت و پشتیوانی بکات لە ئازادیخوازانی ئێران. ئازادی و دێموکراسی لە ئێران، نەک بە دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری، بەڵکو بە خۆڕاگری و خەبات و تێکۆشانی توند و بڕەر لە دژی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بەر دەگرێت و بە ئامانج دەگات، کە ئەوەش بە دانپێدانانی مافی رەوای بەرخۆدان بۆ خەڵکی ئێران دەگاتە لوتکە!