ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران حەسەن کاکایی، هونەرمەند و سترانبێژی جڤاکی کوردیان چەندد جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان کردووە و خستوویانەتە ژێر گوشار.
ئەم هونەرمەندە کە بەهۆی چالاکی کەلتووری و میووزیکی کوردی لە نێو خەڵکدا خۆشەویستە، هەڕەشەی لێکراوە کە مافی بەشداری لە هیچ ڕێوڕەسمێکی نەورۆزی نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە حەسەن کاکایی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەردەوام بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان کراوە و پاش ڕاگرتنی درێژماوە بەبێ نواندنی هۆکارێکی دیاریکراو، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی، لێپرسینەوەی لێکراوە، لە ڕەوتی لێپرسینەوەکە بەڵێنی زۆرەملێی لێوەرگیراوە و هۆشداری پێدراوە کە نەک تەنیا مۆڵەتی بەشداری لە جێژنەکانی نەورۆزی نییە بەڵکوو تەنانەت ڕێگری لێکراوە لە چوونەدەرەوە لە ماڵ و ئامادە بوون لەو ڕێوەڕەسمانە وەکوو تماشاکەریش.
ئەمە یەکەمجار نییە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هونەرمەندانی کورد بەبۆنەی چالاکی کەلتوورییە دەخەنە ژێر گوشار.
حەسەن کاکایی ساڵی ڕابردوویش پاش وتنەوەی سروودی ئەیڤوەتەن لە جێژنی نەورۆزی ئاڵیکەند سەربە بۆکان دەسبەسەر کرابوو. خوێندنی ئەم سروودە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی دایەوە، ڕقی بەرپرسانی ئەمنییەتی ورووژان و بووبە هۆی دەسبەسەری کاتی ئەم هونەرمەندە.
ق.ش
The post بۆکان؛ بانگهێشت و هەڕەشە لە حەسەن کاکایی هونەرمەندی کورد لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.