ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چل و شەش ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیک خەریکی چەوساندنەوەی گەلی کورد بووە و تەنانەت مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانی پێشێل کردووە و تا ئێستاش درێژە بەو چەوساندنەوە و نادادپەروەرییانە دەدات
هاووڵاتیانی کورد لەسەر خەبات بۆ مافی سروشتی و یاسایی خۆیان، له لایەن رژێمی ئێرانەوە بەردەوام رووبەڕووی سێدارە، تیرۆر، هەڕەشه، زیندانی و ئەشکەنجە بوونەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پێداگری لەسەر ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو نادادپەروەرییانە ئاگادار بکاتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئامارێک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی فێبریوێری2025 لە رۆژهەڵاتی کۆردستان دەخەینەڕوو، کە بەهۆی ئەو ئاستەنگ و رێگرییانەی ڕێژیمی ئێران لەسەر رێگای دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دایدەنێت، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە و تەنیا بەشێک لە پێشێلکارییە سیستماتیکی و ئامانجدارەکانی مافی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئاشکرا دەکات. بێ گومان ئاستی نادادپەروەری و سەرکوتکردن زۆر لەوە زیاتره کە بە بێ هاوکاری هاوڵاتییان له راپۆرتێکی لەم چەشنەدا بخرێنە روو.
سەرەتا هەواڵی لە سێدارەدانی هاووڵاتیان
لە مانگی پێشوودا سیاسەتی ئێعدامی هاوڵاتیان وەکوو پێشتر بەردەوام بووە، بە چەشنێ کە لەم مانگەدا ١٢ کەس له سێدارە دراون و هەروەها حوکمی سێدارە لە دژی پژمان سوڵتانی تازەلاوی دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا دەرکرا.
بانگهێشت، دەستبەسەری و زیندان
لە مانگی دووی ٢٠٢٥دا وەکوو پێشتر، بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی هاوڵاتییان بەشی هەرە زۆری ئامارەکان لە خۆ دەگرێ، بەشێوەیەک کە لەم مانگە دا بە گشتی زیاتر لە ٦٣کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشت یان دەستبەسەرکراون کە ٤ کەس لەو هاوڵاتییانە ژن بوون.
هەروەها لەم مانگەدا بە تۆمەتگەلی بێ بنەما بە گشتی سزای ١٤ساڵ و یازده مانگ بەندکران بە سەر چوار چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزدا سەپێندراوە.
قەتڵ و خۆکوژی
بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕێژەی خۆکوژی و کوشتنی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕوو لە هەڵکشانە، بە جۆرێک کە ٣٢ هاووڵاتی لە رێگای خۆکوژییەوە گیانیان لە دەست داوە کە یازده کەسیان ژن و ٢١ کەسیان پیاو بوون. هەروەها ١٣هاوڵاتی لە لایەن کەسانی دیکەوە کوژراون، کە دوو لەو هاوڵاتییانە ژن بوون.
لە گەڵ ئەوەشدا سێ گەنجی خەڵکی شاری کوئەشت له ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتیزامییەکانی رژێم کوژران.
کۆڵبەر و کاسبکار
کاسبکارەکان و هاووڵاتییان لە کاتی کۆڵبەریدا کە وەکوو هەردەم دەکرێنە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران، لەم مانگەدا چوار کەسیان کووژران، و هاووڵاتییەکی دیکەش بەر هەرەس کەوت و گیانی لەدەستدا.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز دەکات کە بە ناردنی ڕاپۆرت و هەواڵ، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافە سروشتیەکانی گەلی کورد هاوکارمان بن، بۆ ئەوەی پێکەوە ببینە دەنگی نەتەوەی کورد
The post ڕاپۆرتی پێشێلکاری مافی مرۆڤی مانگی فێبریە ۲۰۲٥ appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.