“پرسی ئاشتی” و مەسەلەی کورد لەتورکیا
گفتوگۆ لەگەڵ خەسرەو سایە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزب
ئۆکتۆبەر: ماوەیەکە “پرسی ئاشتی” بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد لەتورکیا، بەگەرمی لە میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە بۆتە بابەتی هەواڵ و جیگای مشتومڕێکی فراوان. بەتایبەتیش ئەم پرسە هەم لەپەرلەمان و میدیاکانی سەربە دەولەتی تورکیاوە و هەم لەلایەن خودی پەکەکا و لایەنەکانی سەر بە پەکەکە، لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، قسەوباسی لەبارەیەوە دەکرێ.. تەنانەت دەوترێت هەنگاوەکانی گفتوگۆ دەستی پێکردوە و ئۆچەلانیش ئامادەیی دەربڕیوە. ئێوە چۆن لەو گفتوگۆ و پرۆسەیە دەڕوانن کە بە پرۆسەی “ئاشتی” ناوی دەبەن؟
خەسرەو سایە: بازنەی مفاوەزات و ڕیکەوتن گۆشەیەکی سەرەکی و بگرە ئامانجێكی بنەرەتیە، لەستراتیژی حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا. ئەوان پاش هەر دەورەیەکی چەند سالە لەشەڕو خەباتی چەکدارییان، ڕێگای مفاوەزات و ڕێکەوتنیان لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزیدا گرتۆتەبەر، بەرادەیەک ئەگەر چاو لەمێژوی حیزبی دیموکراتی ئێران، پارتی و یەکیتی لەعێراق وخودی پەکەکەش بکەین، دەبینین دوای هەر مفاوەزاتێک دەورەیەک لەشەڕ و دوای هەر شەرێکیش مفاوەزاتیان کردوە و هەرجارەش بۆ چاوبەستکردنی خەڵکی کوردستان ناوێکیان لێناوە. لەڕاستیدا ئەوەی کە لەئێستادا بە”پرۆسەی ئاشتی لەتورکیادا” ناو دەبرێ، هەرلەم مێژووە و لەم چوارچیوەیەدایە و شتێکی زیاتر نییە لە ڕیکەوتن و موساڵەحەی نێوان دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا و پەکەکە.
هەرچەندە ناوەڕۆکی ئەم ڕیکەوتن و موساڵەحەیە هێشتا بەڕۆشنی و بەڕەسمی لەلایەن هیچ لایەکیانەوە ڕانەگەیاندراوە، بەڵام ئەوەی لە میدیاکانەوە لە زاری هەردولاوە ئاشکرابووە، ئەوەیە کە حکومەتەکەی ئۆردوگان و هاوپەیمانانی باس لە چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە و بونی بە حیزبێکی سیاسی لە تورکیا دەکەن. لەبەرامبەریشدا، پەکەکە و خودی ئەوەی کە ئوچالان لەزمانی وەفدەکەی دەمپارتیەوە، ئاماژەیان پێداوە، ئەوەیە کە کورد لەتورکیا لەبەرامبەر چەکدانان و کۆتاییهێنان بەشەڕدا، ڕێگەی پێبدرێت بەزمانی کوردی بخوێنێ و بدوێ و هەندێک مافی کەلتوری و ئیمتیازاتی تری بۆ دەستەبەربکرێ. ئەمە بەبێ ئەوەی کە بەڕۆشنی هیچ ئاماژەیەک بە ئازادیی زیندانیەکان بکرێ و تەنەنەت مەعلوم نیە ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، ڕیگای مانەوە و ئازادی هەڵسورانی سیاسی پێدەدرێت یان نا. وەک هەردولاش دەیڵێن، هێشتا پڕۆسەکە لەسەرەتادایەو مەعلوم نیە حکومەتەکەی ئۆردوگان تاچەند ئەم موسالەحەیەی کەناویان ناوە ئاشتی، بەدەردی ڕێکەوتنەکانی پێشووتر نابات. بەتایبەتی کە هەر لەم سەرەتایەوە، ڕۆژ نیە هەواڵی هێرش و پەلاماردانی ئۆفیسەکان و زیندانیکردنی لایەنگرانی دەمپارتی و پەکەکە لەشارەکانی کوردستان و تورکیا، تا سەپاندنی سیاسەتی “قەیوم” بەسەر شارەوانیەکاندا، لەلایەن حکومەتەکەی ئوردوغانەوە نەبیسترێت. بەلام نیازی هەردولا هەرچییەک بێت، وەیا پڕۆسەکە بەهەر ئاستێک گەیشتبێت، من پێموایە هەردولا لەژێر کاریگەری دۆخی ناوچەکەو کۆمەڵێک فاکتۆردا، پێویستیان بە موساڵەحەیەکی لەمجۆرە هەیە، تەنانەت ئەگەر تاکتیکی و ماوەکورت و ناپایەداریش بێت.
ئۆکتۆبەر: کەوایە ئەو زەمینەو هۆکارانە چین کە دەسەڵاتدارانی تورکیا و پەکەکەی لەئێستادا خستۆتەسەر ئەو بڕوایەی کە پەنا بۆ گفتۆگۆ و دانوسان بەرن و ئەمەش بە “پڕۆسەی ئاشتی” ناوببەن؟ هەروەها مەبەستی هەرلایەکیان لەگرتنەبری ئەم سیاسەتەیاندا چیە و بەدوای چ ئاماجێکەوەن؟
خەسرەو سایە: مەسەلەی کورد وەک کێشەیەک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەمیشە لەسەر زەمینەی کێشمەکێشی دەوڵەتانی ناوچەکەو هێزە ئیمپریالیستیەکان و ئەو گۆرانکاریانەی ڕووی لەڕۆژهەلاتی ناوەراست کردووە، بەپێویست هەڵکشان و داشکانی بەخۆیەوە گرتوە. لەئیستادا کە رۆژهەڵاتی ناوەراست وەک بەرئەنجامێک لەکێشمەکێش و ملاملانێی جەمسەرە جیهانیەکان لەسەر دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوز و جێخستنی ئارایش و سیستەمێکی نوێی ئەمنی و ئابوری، جارێکی تر مەسەلەی کوردی لەئاست ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا، لەپاڵ کێشەی فەلەستیندا بەرجەستە کردۆتەوە. ئەگەر ووردتر بدوێم، ئەوا بەدیاریکراوی بەدوای ڕاوەستانی جەنگ لە غەزەو لوبنان و کەنار خستنی ڕۆڵی ئێران و هێزەکانی “بەرەی مقاوەمەت” و خودی روخانی ڕژێمی ئەسەد، هەم مەسەلەی کوردو هەم پێگەوڕۆڵی ئەحزابی ناسیونالیستی کوردی لەئاستێکی ناوچەییدا هێناوەتە پێشەوە. لەم نیوەدا هەڵکشانی ڕۆڵ و پێگەی تورکیا وەک جەمسەرێکی سەرەکی لەناوچەکەدا، کە هەم لەناوخۆی تورکیادا لەگەڵ پەکەکە و مەسەلەی کورد رووبەڕووەو هەم لەسوریاو عیراقدا، ڕۆڵی کاریگەری هەیە، ناچارە بەوەی بەهەرشێوەیەک بووە مامەڵەیەکی تر لەگەڵ کێشەی کوردو ئەحزابی ناسیونالیستی کورد لەناوچەکەدا بکات، بەتایبەتیش لەگەڵ پەکەکەدا، تا بتوانێ زەمینەیەکی سیاسی و ئەمنی لەبەردەم بەرژەوەندیە ئەمنی و ئابوریەکانی خۆیدا زامن بکا و پێگەو نفوزی خۆی لەبەرامبەر ڕکابەرە ناوچەییەکانیدا جێگیربکات. ئەگەر ئەمانە بەگشتی وەک چوارچیوە و زەمینەکانی سەرهەڵدانی ڕێکەوتن و موساڵەحەی نیوان پەکەکە و دەولەتی تورکیا وەربگرین، ئەوا هەردولای “پرۆسەی ئاشتی” مەبەست و ئامانجی دیاریکراویان هەیە:
لەتەرەفی تورکیاوە، ئۆردوگان ئەوە دەزانێت کە پەکەکە تەنها کۆمەلێک چەکدار نیە بەشاخەوە، کە بەهێزی سەربازی کۆتایی پێبهێنێت، تەنانەت ئەوە دەزانێت کە تەنها حیزبێک نیە لەناوخۆی تورکیادا، بەرامبەر بەدەسەڵات راوەستابێت، بەڵکو پەکەکە وەک هێزیك هەم لەناوخۆی تورکیادا و هەم لەئاستی ناوچەیی و ئەو ولاتانەی کە کێشەی کوردیان تێدایە، خاوەن نفوزە. لەمەش زیاتر ئۆردوگان ئەوە دەزانێت کە کێشەی کورد و ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد هەمیشە لەبەردەم ئەگەری ئەوەدان کە لەلایەن وڵاتانێکی نەیارەوە وەک کارتێکی فشار لەدژی بەکاری بەرن. لەئێستدا کە پەکەکە لەبازنەی سیاسەتەکانی ئێراندایە، مەبەستیەتی لەڕێگای ڕیکەوتن و سوڵحەوە لەو بازنەیە دەری بکێشێت، هاوکات وجودی هەسەدەو باڵەکانی پەکەکە لەسوریا، وەک بەربەستێک لە چونەپێشەوەی سیاسەتە ناوچەییەکانی تورکیا، حکومەتەکەی ئۆردوگانی بەو بروایە گەیاندوە، کە لەڕیگای سوڵحەوە ڕیگا تەخت بکات لەبەردەم هەژمونی خۆی بەسەر سوریادا. هەموو ئەمانەش وەک بەشەکانی سیاسەتێک بەدەستەوە گیراوە تا فەزایەکی سیاسی و ئەمنی لەبار بۆ جووڵەی ئابوری و سەرمایەگوزاری هەم لەسوریاو عێراقداو هەم لەناوخۆی تورکیادا بۆ خۆدەربازکردن لەو قەیرانە ئابوریەی تێیکەوتووە، سودی لێوەربگرێ.
لەتەرەفی پەکەکەشەوە، مەبەست و ئامانج لە ئاشتی و ڕیکەوتن لەگەڵ حکومەتی تورکیادا، ئەوەیە کە لەلایەک ئەو فشارو پەلامارە سەربازی و ئەمنیەی لەسەر هیزەکانیەتی چ لەناوخۆ و چ لەئاست ناوچەکەدا، لابەرێ و لەلایەکی تریشەوە ڕیگایەکی سیاسی و قانونی بکاتەوە بۆ وەرگرتنی ئەو ئیمتیازاتانەی کە لەدواجاردا، شەراکەت لەدەسەلاتدا بەدوای خۆیدا دێنی. بەدیوێکی تردا ئۆچالان لەمێژە لەوە گەیشتوە کە ئەو هێزە چەکدارەی کە پەکەکە هەیەتی، نەک هەر ئەو کاریگەریەی نیە لەسەر گۆڕینی هاوکێشەی هێز لەناوخۆی توکیادا، بەڵکو گۆردراوە بەبارگرانیەک بەسەریەوە، وەک بەرئەنجامێک لە شەری چەکداری پەنجا ساڵە، کە بە هەزاران کوژراوی لێکەوتۆتەوە، ئێستا کۆتاییهێنان بەشەڕو کوشتار بۆتە خواستێکی خەڵکی کوردستانی تورکیا. لەمەش زیاتر لەدۆخی ئێستای ناوچەکەدا، کە ئۆردوگان و سوپاکەی تەرکیزی چۆتە سەر کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی هەسەدە و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری لە باکوڕ و رۆژهەڵاتی سوریا، تا پێگەو نفوزی خۆی لەسەراسەری سوریادا، جیگیر بکات، پەکەکە و ئۆچەلان چاویان لەوەیە کە لەڕیگای ڕیکەوتن و موساڵەحەوە، نفوزی هیزەکانی خۆی ڕزگار بکات و ڕێگایەکی سیاسی بۆ مانەوەی بدۆزێتەوە… بەگشتی ئەمانە مەبەست و ئامانجەکانی تورکیاو پەکەکەیە لەم پڕۆسەیەدا کە ناویان ناوە پرۆسەی ئاشتی.
ئۆکتۆبەر: لەدرێژەی ئەو پرۆسەیەدا، ئۆچەلان تیمەکەی دەم پارتی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردوەو لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی و نێچیروان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆبونەتەوە و سەبارەت بە مەسەلەی گفتوگۆ و رێکەوتنی نێوان تورکیاو پەکەکە ڕاوێژیان لەگەڵ کردوون. هەروەها ماوەیەك لەمەوبەر لەسەر داوای ئەمریکا مەزڵوم عەبدی سەردانی مەسعود بارزانی کرد و باسی یەکخستنی هەڵوێستی هێزە کوردیەکانیان کرد بۆ گفتوگۆ و بەشداری لە حکومەتی تازەی سوریادا. ئێوە چۆن دەڕواننە پێگەو نەخشی هەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی لەم پرۆسەیەدا؟
خەسرەو سایە: بەدڵنیایەوە هەموو ئەو سەردانانە، بەبێ ئاگاداری و ڕێنمایی تورکیاو ئەمریکا ئەنجام نەدراوە. هەم حکومەتی تورکیاو هەم پەکەکە و ئۆچەلان ئەوە دەزانن کە حکومەتی هەرێم دەتوانێ ڕۆڵی ڕاگوزەری پڕۆسەی موساڵەحەی نیوانیان بێت، واتە ئەگەر پەکەکە چەک دابنێ و ئاشتی بەکردەوە سەربگرێ، دەبێ پەناگایەک هەبێت بۆ داڵدەدان و لەخۆگرتنی هەموو ئەو فەرماندەو بەرپرسە سەربازیانەی پەکەکە کە چارەنوسیان لەتورکیای دوای ئاشتیدا نادیارە. بەتایبەتی کە نە دەولەتی تورکیا ئەگەری گەڕانەوەی ئەم کەسانەی بۆ ناوخۆی تورکیا قەبوڵکردوە و نە خۆشیان ئەم ئەگەرە بەڕیگایەکی سەلامەت و پارێزراو دەزانن. تەنانەت ئەمریکاو دەولەتانی ئەوروپاش، لەگەڵ ئەوەدا کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەڵێن پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن، بەڵام هیچ باسێک لەچارەنوسی ئەم کەسانە ناکەن.. لێرەوەیە کە هەرێمی کوردستان کە پارتی تێدا باڵادەستەو هاوپەیمانی تورکیایە، گونجاوترین جێگایەکە کە ئەم کێشەیەی تیا چارەسەربکرێت.
تا ئەو جێگایەی کە بە ڕۆڵی پارتی و یەکیەتیش دەگەڕیتەوە، سەرەتا ئەوە بڵێم کە ڕۆڵی یەکیەتی وەک ئەوەی لە بازنەی سیاسەتەکانی ئێراندا ڕاوەستاوە، بەهۆی پاشەکشەی پێگەی ئێران و هەڵکشانی دەوری تورکیا لە ڕوداوەکانی سوریادا، لاوەکی دەبێتەوە، بەلام بەپێچەوانەوە، ڕۆڵی پارتی و مەسعود بەرزانی، نەک هەر لە “پرۆسەی ئاشتی” نیوان تورکیاو پەکەکەدا دەچێتە سەرەوە، بەڵکو وەک ڕابەری مەسەلەی کورد لەئاست ناوچەکە و خۆهەڵخستنی بەوێنەی مەرجەعی بزوتنەوەی کوردایەتی دێتە سەر زاری هەموو بەرپرسانی پارتیەوە. بەدیویکی تریشدا پارتی لەم ڕۆڵەیدا نەک هەر لەموسالەحەی نیوان تورکیاو پەکاکەدا دەبێتە لایەنێکی سودمەند، بەڵکو لەسوریاشدا دەرگای ڕۆڵێگێڕانێکی کاریگەری بۆ پەیدادەبێت. هەموو ئەمانەش بەدڵناییەوە پێگەی پارتی و دەسەڵاتەکەی لەبەرامبەر خەڵکدا بەهیزتر دەکات.
ئۆکتۆبەر: لەئەگەری بەکردەوە دەرهاتنی ئاشتی نیوان پەکەکەو تورکیادا، لێکەوتەکانی بۆسەر خەڵکی کوردستان چیدەبێت؟
خەسرەوسایە: هەرچەندە هێشتا ئەوەی ناویانناوە “پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا” لەچوارچێوەی یاریەکی سیاسی دەرنەچووە، بەلام ئەگەر سەربگرێ و پەکەکە چەک دابنێت، ئیتر هیج بەهانەیەک بۆ مانەوەی بنکەو بارەگاو کردەوە سەربازیەکانی تورکیا لەکوردستانی عێراقدا نامێنێت. لەسەرێکی تریشەوە ڕیکەوتنی نیوان پەکەکەو تورکیا، ڕێگاش دەکاتەوە تا بەشێوەیەک لەشیوەکان ناکۆکیەکانی نیوان پەیەدەو هەسەدە، لەگەڵ تورکیادا بەلایەکدا بکەوێت. بەتایبەتی حکومەتەکەی ئوردوگان هەربەتەنها بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیەکانی خۆی چاوی لەم ڕیکەوتنە نەبڕیوە، بەڵکو لەڕووی ستراتیژی سیاسیەوە، دەیەوێت لەسەر حسابی لەناوبردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرێتی باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا و هەسەدە، هەژمونی خۆی بەسەر دۆخی سوریاو حکومەتەکەیدا داسەپێنێ. لەمانەش زیاتر ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەچەکدانانی پەکەکە تەواو ببێت، ئەوا بزوتنەوەی چەکداری حزبە ناسیونالیستەکانی تر، لەنمونەی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران ووپژاک و.. ئەمانە دەخاتە ژێر پرسیارەوەو بەجۆرێک لەجۆرەکان، هەقانیەتی دەسبردن بۆ چەکیان لێدەستێنیتەوە. بەگشتی دەمەوێت بڵێم سەرگرتنی” پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا” ڕەوەندی خەباتی سیاسی و چینایەتی بەگشتی و پێگەی ناسیونالیزمی کوردو حیزبەکانی، دەباتە دۆخێکی تازەوە.
ئۆکتۆبەر: هەڵویست لەم پڕۆسەیەی کە ناویان ناوە ئاشتی چیە؟ ئایا پێتانوایە پرسی کورد لە تورکیادا لەم ڕیگایەوە بەچارەسەری خۆی بگات و کۆتایی بەستەمێکی نەتەوەیی بهێنێت کە لەتورکیادا دژی کورد بەڕێوەدەبرێ؟ لەمەش زیاتر ڕاتان چیە لەسەر ئەوەی کە ئۆچەلان دەڵێت کە سەرکەوتنی پرۆسەی “ئاشتی” لە تورکیا کێشەی کورد لەناوچەکە چارەسەر دەکات. ئایا ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەم بانگەشەیەی ئۆچەلاندا؟
خەسرەو سایە: تا ئەو جێگەیەی “ئاشتی لەتورکیا” بەچەکدانانی پەکەکە و ڕاگرتنی کوشتار و خوێنڕێژی لەلایەن هەردوولاوە و سەرکوتی هاوڵاتیانی کوردزمان و کاولکاری ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەبیانوی شەڕ لەگەڵ تیرۆردا کۆتایی پێبێت، و لەوەبەدوا کێشەکان ڕێگای سیاسی بگرنەبەر، هەنگاوێکی موسبەتەو سەرگرتنی لەقازانجی خەڵکی کوردستانی تورکیاو ناوچەکەشدایە. بەلام موساڵەحەی نیوان پەکەکەو تورکیا یەکسان نیە بە چارەسەری کێشەی کوردو هەڵگرتنی ئەو ستەمەی بەسەر خەڵکی کوردستانی تورکیاوەیە. هەرچەندە هەم پەکەکە و خودی ئۆچ ئالان و دەولەتی تورکیا و هەم ئەحزابە ناسیونالیستەکانی کورد و ڕۆشنبیرانی دەوروبەریان وا باس دەکەن کە ئەم ڕیکەوتنە کێشەی کورد چارەسەر دەکات، لەکاتێکدا نمونەی ڕێگاچارەی ئەمریکایی و ئیمپریالیستی بۆ کێشەی کورد لەکوردستانی عێراق کە بەرگی فیدراڵیزمی قەومی بەبەردا کرا، نەک کێشەکەی چارەسەر نەکرد، بگرە خەڵکی کوردستانی روبەڕوی چەندین کارەسات کردەوە. ئەم نمونەیە کە زۆر زیاترو واوەترە لەو ڕیکەوتن و موساڵەحەیەی کە بڕیارە لەنیوان پەکەکە و تورکیادا بەڕیوەبچێت، بۆیە بەدڵناییەوە بەهیچ جۆرێک کێشەی کورد نە لە تورکیاو نە لە سوریاو نە لە ناوچەکە وەک ئەوەی ئۆچەلان بانگەوازی بۆ دەکات، چارەسەر نابێ و وەک برێنێک بە جەستەی کۆمەلگاکانەوە دەمێنیتەوە و لە هەر گۆرانکاریەک کە لە بارودۆخ و هاوکێشە سیاسیەکاندا ڕووبدات، دوبارە سەرهەڵدەداتەوە. کێشەی کورد کاتێک دەتوانێ ڕێگایەکی سیاسی بۆ پەیداببێت کە سیستەمی سیاسی لەو ولاتانەی ئەم کێشەیەیان تێدایە، بگۆڕدرێ بۆ سیستەمێکی ئازاد و سکولاری نەقەومی و نەدینی وا کەفرسەتی گەرانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردزمان بڕەخسێننێ تا بڕیاری ئازادانە لەسەر داهاتوی خۆیان بەمانەوە وەیا جیابونەوە و پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆی خۆیان بدەن. ئەمەش ئەو بابەتەیە کە”پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا”دا، بەهیچ جۆرێک بەلایدا ناچێت.
٢٢/٢/٢٠٢٥