سەرەتای دواقۆناغی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!

عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لە دواقۆناغی کۆتایی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتین لە ئێران. لەم قۆناغەدا زۆر شت روودەدەن کە پێشتر نەمانبینیوە. چونکە “گۆڕانکارییەکی گەورە” لە ئارادایە، کە بە دڵنیاییەوە روودەدات. گۆڕانکارییەک کە تەنیا خەونی خەڵکی ئێران نییە، بەڵکو خەونی گەلانی جیهانە. لە مێژوودا هەندێک شۆڕش، جیهانیان هەژاند. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە، کاریگەرییە ناوازەکەیەتی لەسەر کۆمەڵگەی جیهانیدا!

گۆڕانکاریی گەورە، رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لە ئێراندا!

گرینگترین پرسیار لە پێشهاتەکانی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە دیکتاتۆریی ئێران لەم دوو رێیانەدا، کام رێگا دەگرێتە بەر؟ تەسلیمبوون و وتووێژکردن و دانوستاندن لەگەڵ رۆژئاوا یان وەستان و درێژەدان بە هێڵی ویلایەتی فەقیهی؟

رژێمی ئێران چ بژاردەیەک هەڵدەبژێرێت، رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بێ مشتومڕە و نزیکیشە. چونکە بژاردەکانی بەردەم دیکتاتۆرییەت لە ئێران، لە نێوان “خراپ” و “خراپتر”دایە. خەڵک و موقاومەتی ئێران بە هیچ شتێکی کەمتر لە کۆتایی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەی خۆیاندا رازی نابن. بەو پێیە کە “ناسکبوونی هەل و مەرج” یەکێکە لە دواهەنگاوەکانی دیکتاتۆرییەت، وا دیارە دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهیش بژاردەی “خراپ” بگرێتەبەر. واتە تەسلیمبوون و خۆ بەدەستەوەدان بەرامبەر بە رۆژئاوا. بەڵام بەپێی پەندە هاوشێوەکانی ناو هەموو کولتوورەکاندا، “ئاوەکە رژاوە و کۆناکرێتەوە”.

دۆخی لەرزۆکی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!

بەڕێز مەسعوود رەجەوی، رێبەری موقاومەتی ئێران، لە پەیامێکی ئەمدواییەیدا، بە ئاماژەدان بە حیکایەتێکی کۆن و بە گێڕانەوەی حیکایەتێک، باس لە دۆخی ئێستای رژێمی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقێ دەکات و دەڵیت: “من نەمگوت رەشکەیە.

کەسێک بارووتی بە قاچاخ دەبرد”. لە دەروازەی شار پۆلیسێک گرتی و لێی پرسی ئەمە چییە و بۆ کوێی دەبەیت؟ وتی رەشکەیە و دەیبەم بۆ نانەواخانە! سەرپاسەوانەکە گەیشتە لای و وتی باروتەکە بخەنە ژێر ردێنە درێژەکەی و ئاگری تێبەردەن! دوکەڵەکە بەرز بووەوە و ردێن سووتا! بەو حاڵەش بە دەنگی بەرزەوە هەر دەیوت: “نەمگوت رەشکەیە!”

ئێستا کە هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە لاوازترین خاڵدایە، عەلی خامنەیی دەسەڵاتەکەی بە “بەهێز” ناودەبات کە هێندەیتریش “بەهێزتر” دەبێت! بەڕێز رەجەوی لە پەیامەکەیدا وتی: بزوێنەری ژیۆپۆلەتیکی، کە ساڵانێک بوو تایبەت بە شەڕی دژەنیشتمانیی خومەینی و بە دروشمی (دەستبەسەرداگرتنی قودس بە رێگەی کەربەلاوە) دەمانگوت، بە چڕی و بە توندی وەکار کەوتووە و سەردەمی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بەرەو کۆتایی دەچیت. سوریا و لوبنان لەدەستچوون و زەوی لە عێراق، لەژێر پێی ویلایەتی فەقیهیدا وەلەرزە کەوتووە.

دۆخی حەشدی شەعبی لە عێراق!

ئێستا کە زەوی لەژێر پێی وەلی فەقێ و رژێمەکەی لە ئێران و ناوچەکەدا دەلەرزێت و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر ساتێکدا، ئەم دیکتاتۆرییەتە بە دەردی چارەنووسی دیکتاتۆرییەتی (بەشار ئەسەد) بجێت، خامنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بوکەڵەکەی لە عێراق، سەبارەت بە هێزەکانی بە وەکالەت لە عێراق وتی: حەشدی شەعبی یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی دەسەڵات لە عێراقدا و دەبێ بپارێزرێت و بەهێز بکرێت!.

لێدوانەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە خەڵکی عێراق لە سەرەتای دەرکەوتنی “حەشدی شەعبی”یەوە دەڵێن و چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە حەشدی شەعبی لە “داعش” مەترسیدارترە. لەم ساڵانەی دواییشدا لەوە بەدەر نەبووە کە “حەشدی شەعبی” سەر بە سوپای پاسدارانی رژێمی ئێرانە و دژ بە خەڵکی عێراق کاری کردووە و هەر ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە دەیانەوێت ئەم هێزە لە چەک داماڵڕێت و هەڵبوەشێتەوە و لەم دواییانەشدا وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە جەختی لەسەر کردۆتەوە.

چاوخشاندنێک بەسەر هێزە بە وەکالەتەکانی دیکتاتۆرییەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

هاوتەریب لەگەڵ لاوازبوونی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی و لە ترسی لێکەوتەکانی پشتبەستنی سیاسی و سەربازی بە دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران، هێزە بە وەکالەتەکانی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقێ بەرەو داڕمان و هەڵوەەرین و دوورکەوتنەوە دەچن لە دیکتاتۆرییەتی ئێران. ئەگەرچی پێکهاتەی سەرەتایی ئەم هێزانە ئەندامانی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران بوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، رەنگ و بۆی “ناوچەکە”یان پێدراوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران هەوڵی ئەوەی داوە وا نیشان بدات کە ئەو هێزانە سەربەخۆ و رەسەنن!

لە رووی سیاسی و دارایی و سەربازی و لۆجستییەوە ئەم هێزانە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و هاوشێوەی “بەسیج”ن لە ئێران کە دەرکەوتەی سوپای پاسدارانن لە ئێران. دیارترینی ئەو هێزانە ئێستا لە فەلەستین و یەمەن و لوبنان بڵاوبوونەتەوە کە بەهۆی نەمانی دیکتاتۆری سوریاوە زەبری گەورەیان بەر کەوتووە.

کوژرانی دوو کەس لە بکوژان لە ئێران!

خێرابوونی پێشهاتەکان یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی پڕۆسەی رووخاندنی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقێ. چونکە خەڵکی ئەم وڵاتە لە بارودۆخی ئێستا بێزارن و بڕیاریان داوە تەمەنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیاندا کورت بکەنەوە. رۆڵەکانی ئەم خەڵکە پێشەنگی ئەم پرۆسەیەن. بۆیە سروشتییە لەمەودوا شاهیدی دووبارەبوونەوەی ئەو کردەوە شۆڕشگێڕانە و توڕەییانەی رۆڵەکانی گەل بین لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەتدا. کوژرانی دوو کەس لە بکوژانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ئەمساڵ (١٤٠٣) کە لە کاتژمێری ١٠:٤٥ خولەکی بەیانی رووی دا بە ناوەکانی (عەلی رازینی) و (موحەممەدی موقیسەیی)، کە وەک “دادوەر لە دەزگای باڵای رژێم” کاریان دەکرد و لە خزمەتی ویلایەتی فەقیهیدا بوون. ئەم هەنگاوە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێیە لە ناوخۆی ئێران.

نەخشەی رێگای گشتی!

نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکاندا، داخوازییەکی لە مێژینەی گەل و موقاومەتی ئێران بووە. ئێستا هێزەکانی بە وەکالەتی رژێم لە دەرەوەی سنوورەکاندا تا رادەیەکی زۆر کراونەتە ئامانج و پێشبینی دەکرێت ئەم رەوتە زیاتر بکرێت. بەڵام لەبیرمان نەچێت کە “سەری رەشە مارەکە لە تارانە” و شەڕی سەرەکی لە ناوخۆی ئێرانە.

لە ئێستادا بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقێ لەسەر چەند هێڵی هاوتەریبدا بەردەوامە. بە دڵنیاییەوە شەڕی گەل و موقاومەتی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت، شەڕی سەرەکییە لە ناوخۆی ئێراندا. هێرشکردەنەکان بۆ سەر هێزە بە وەکالەتەکانی رژێم لە دەرەوەی سنوورەکاندا بەردەوامە. بە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک ٤٧هەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا، “زۆرترین فشار” لە دژی رژێم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەڵوەرینی هێزەکانی دیکتاتۆرییەت لە هەر دوو دیوی سنوورەکاندا روو لە زیادبوونە. گەل و موقاومەتی ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا، چالاکییەکانیان لە دژی دیکتاتۆری زیاد کردووە. گەل و ناوەندەکانی شۆڕشی سەر بە موقاومەتی ئێران ئەوەیان سەلماندووە کە “کۆماری دێموکراتیک” لە ئێران جێگەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی دەگرێتەوە و ئەم بەدیلە جەماوەرییە خراوەتە بەردەستی رای گشتییەوە.

دوا وشە!

هەربۆیە گەل و موقاومەتی ئێران مافی خۆیانە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەن کە ناوی سوپای پاسداران بخرێتە نام لیستی تیرۆریستی لە جیهان و هێزە بە وەکالەتەکانی رژێم لە چەک داماڵڕێن و بڕگەی “چەخماخە” لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چالاک بکرێت. ئەمانه ئامادەکارییەکی پێویسته بۆ داننان به مافی موقامەتی بۆ خەڵک و موقاومەتی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی. بەمجۆرەیە کە ئیران (ئازاد) دەکرێت و لە بەر رۆشنایی ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییەدایە کە ناوچەکە و جیهان دەگەنە ئاشتی و ئاسایش!

***

لێدوانێک بەجێ بهێلە