خاڵێک کە زۆر جێ سەرنج بو بۆمن ئەوەیە کە ڕزگار عومەر پێی وایە لە دنیایەکدا کە ترەمپ دروستی دەکات جۆن لۆکی فەیلەسوف و چەمکی لیبرالیزمی ڕاستەقینە تەنیا و بێکەسن. ئەم تێڕوانینە لە لیبرالیزم وەک بەرگریکەر لە تاکگەرایی و دژ بە پۆپۆلیزمی شوناسگەرا و کۆمەڵگەرا ناتوانێت واقیعی ئێستای سەرمایەداری بخوێنێتەوە، هەم شێواندنی مێژووە و هەروەها بانگەشەشە بۆ “لیبرالیزم”.
تێڕوانینی ڕزگار عومەر بۆ لیبرالیزم ( لەو وتارەدا) تێڕوانینێکی ئەبستراکتی نا مێژووییە، چونکە باس لە یەک “لیبرالیزم “دەکات ئەویش وەک بەرگریکار لە “ تاک “؛ لە کاتێکدا ئێمە چەندین جۆری لیبرالیزممان هەیە. لیبرالیزم هەیە سەرچاوە و هاودەستی فاشیزم بوە ( لیبرالیزمی ئابوری)، لیبرالیزم هەیە یەکسانی و ئازادی بە جدی وەرگرتوە سەریکێشاوە بۆ سۆسیالیزم ( لیبرالیزمی سیاسی) ، لیبرالیزم هەیە شەرعیەتی داوە بە ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم ، هەشە بەناوی لیبرالیزمەوە دژی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم وەستاوەتەوە. لیبرالیزم هەیە دەوڵەت و دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە گەرەنتی ئازادی دەزانێت ، هەیە هەمو دەستێوەردانێکی دەوڵەت ( کە لە بەرژەوەندی سەرمایە نەبێت) بە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی دەزانێت.
لە ڕوی مێژوویشەوە لیبرالەکان تا ئەو کاتە بەرگریکاری ئازادی و دیموکراسی و مافی جەماوەر بون کە پشتیوانی جەماوەریان بۆ لاوازکردنی ئیمتیاز و دەسەڵاتی ئەرستۆکراتی پێویست بو، لەگەڵ بەهێزبونی بزوتنەوەی کرێکاری و سەرهەڵدانی بزوتنەوە کۆمۆنیستی و سۆسیالیستیەکان ، وەک یشای لاندا دەڵێت، گەشبینی لیبرالیزم بەرامبەر بە جەماوەر و دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ ڕەشبینی و تیۆریاکانی خانەدانگەرایی، دەستەبژێرگەرایی، رڕابەرپەروەری، دەساتی کاریزمای، تیۆریای ڕەگەزی و سۆسیال داروینیزم دەبن ئایدۆلۆژیای دڵخوازی دنیای لیبرالی.
ئەم تێڕوانینە نامێژوویەی ڕزگار عومەر ناتوانێت پێمان بڵێت کە تاک لای باوکی لیبرالیزم، جۆن لۆک، کام تاکەیە و ئازادییەکەی چی جۆرە ئازادییەکە. جۆن لۆک کە باس لە ئازادی تاک دەکات دەیبەستێتەوە بە مافی بەکارهێنانی خاوەندارێتی تایبەتەوە (بە چاک و بە خراپ)، خاوەندارێتی تایبەت لای جۆن لۆک مافی سروشتی مرۆڤە و خاوەندارێتی ئازادی بە مرۆڤ دەبەخشێت.
جۆن لۆک بە ئایدیاکانی بەرگری لە ماف و سەروەری هەمو تاک و هەمو ئازادیەک نەکردوە. بەڵکو بەرگری لە ئازادی خاوەن موڵکەکان کردوە.
ئەو دنیا لیبرالیەی کە جۆن لۆک بانگەشەی بۆ دەکرد نەک مافی ئازادی و یەکسانی لەبەرامبەر یاسای بە کۆیلەی ڕەشپێست و دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا ڕەوا نەدەبینی، بەڵکو بە هەمان بنەماکانی لیبرالیزم پاساوی بۆ زەوتکردنی موڵکی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا و تاڵانکردنی سامانیان و کۆیلایەتی دەهێنایەوە. جۆن لۆک خاوەن پشک بو لە کۆمپانیای شاهانەی ئەفریقی کە بازرگانیی کۆیلەی ڕەشپێستی قۆرخ کردبو، هەروەک بەشداربو لە نوسینەوەی دەستوری کارۆلینادا کە ڕێگەی بە خەڵک دەدا کۆیلە ڕابگرن. لە دنیای لیبراڵی جۆن لۆک دا کرێکاری ڕۆژانە، سەپان و وەرزێر، ژن، کۆیلە و دانیشتوانی ڕەسەنی دونیای نوێ وەک تاکی خاوەن ماف و سەروەری سەیر نەکراون. هەمو تەقەلای لیبراڵەکان لەم چاخەدا، کە ڕزگار عومەر بە ڕەسەنی دەزانێت، ئەوە بو کە چۆن خاوەندارێتیی تایبەت بپارێزن. لیبرالیزمی لۆک دژ بە ئەو سنورانە بو کە دەوڵەت بۆ بۆرجوازی خاوەن موڵکی دادەنا و بەرگریکردنەکەی بەرگریکردن بو لە خاوەندارێتی تایبەت نەک لە ئازادی تاک وەک مافێکی گەردونی بۆ هەمو مرۆڤەکان.
سیاسەتی ترەمپ لە بەهێزکردنی سەرمایە و لاوازکردنی دەسەڵاتی سیاسیی هێزی کار، لە سەیر کردنی وڵاتان وەک کۆڵۆنی و بابەتی مامەڵە، لە ڕاگەیاندنی جەنگی ئابوری، لە وەدەرنان و پەراوێزخستنی چینە بێ موڵکەکان، ئەو نەک ناکات بە دوژمنی لیبرالیزمی ( ڕەسەنی) جۆن لۆک، بەڵکو وەجاخی لۆک ڕۆشن دەکاتەوە و نایەڵێت ئەم نەریتە کوێربێتەوە.
مەسەلە ئەوە نیە کە لیبرالیزمی فەیک و ڕەسەنمان هەیە، بەڵکو ئەوەیە کە ئایدۆلۆژیای لیبرالیزم لە ئایدیاڵترین فۆرمیشدا بە چەمکەکانی یەکسانی و ئازادی ئەو ڕاستیەمان لێ دەشارێتەوە کە مرۆڤەکان لە واقیعی سەرمایەداریدا یەکسان و ئازاد نین، ئازادی و یەکسانی بە ئەبستراکتی دەمێننەوە و تەرجومە نابن بۆ ئازادی و یەکسانی واقیعی.
لیبرالیزمی نوێ لە لابردنی لەمپەرەکان لە بەردەم کەڵەکەکردنی سەرمایەدا ، لە تاڵانیی سروشت و هێزی کاری مرۆڤ گەڕانەوەیە بۆ ئەو لیبرالیزمەی کە ڕزگار عومەر ناوی دەنێت بە “لیبرالیزمی ڕەسەن”، لیبرالیزمی لۆک و جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمریکا ، لیبرالیزمێک کە دەوڵەتی تەنها بۆ پاراستنی خاوەندارێتی تایبەت و سەرمایە دەوێت، پاراستنی لە خودی دەوڵەت و چینە بێ موڵکەکان. ڕزگار عومەر با خەفەت بۆ بێکەسیی جۆن لۆک نەخوات : تا سەرمایەداری مابێت، جۆن لۆکیش بێکەس و تەنیا نابێت.