موتەلیب ئەحمەدیان: کێشەی قورسی جەستەیی، ناتوانێ ڕێگربێت لەبەردەم بەرنگاریم لەبەرانبەردڕندەیی و ستەمکاری

ک.م.م.ک:

شەممە٢٠ی ڕێبەندانی٢٧٢٤ی کوردی، موتەلیب ئەحمەدیان زیندانی سیاسیی خەڵکی بانە کە بەتۆمەتی محاربە لەڕێی ئەندامەتی لەحیزبێکی کوردی ئوپوزسیۆنی ڕێژیمی ئێران بە ٣٠ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، لە پازدەیەمین ساڵی زیندانییەکەی لە زیندانی ئێڤین، لە پەیامێکدا وێڕای ئاماژە بە کێشەی قورسی جەستەیی وەکوو: تەسکبوونی کەناڵی بڕبڕەی پشت، دڕان و هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ، لەکارکەوتنی گورچیلە، باسی لە هەبوونی ئیرادەی بەهێز لەبەرانبەر ستەم و نەترسین لە مردن لەڕێی ئازادی و باوەڕەکانی کردووە.

خەڵکی خەباتکار و بەڕێزی ئێران و کوردستان

من زیندانی سیاسیی موتەلیب ئەحمەدیان، لەدایکبووی بانە لە کوردستانم کە بە٣٠ساڵ زیندان مەحکووم کراوم و هەنووکە ١٥ ساڵیم بەبێ تەنانەت ڕۆژێک و کاتژمێرێک پشوو لە قورسترین دۆخدا تێپەڕاندووە. لە مێرمنداڵییەوە وێڕای تێگەیذتن لە ستەم و پێشێلکاری سیستەمانە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان، لەئاستی تێگەیشتن و زانینم بۆ ئازادی و یەکسانی تەواوی خەڵکی وڵاتەکەم خەباتم کردووە، لە ساڵی ٢٧٠٩ی کوردی، لەتەمەنی ٢٥ساڵان دەسبەسەر کرام و لەکاتی لێپرسینەوە هەموو چەشنە ئەشکەنجەیەکم لەسەر تاقی کراوە کە تەنانەت بیرلێکردنەوەیشی هەر مرۆڤێکی بەوێژدان دەهەژێنێت.
لەماوەی لێپرسینەوە و دەسبەسەریم لە ورمێ بۆ چەندد مانگ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرام، لەم ماوەیە لێپرسەران پێی چەپیان شکاندم، شانیان دەرهێنام، پەراسوەکانم شکا، هەموو ددانەکانم جگە لە سێیان لە زارمدا ورد بوون و کێبڵ و لەقە و مشتەکۆڵە توێشووی ڕۆژانەم بوو، ئەوەندی لەبیرم مابێت، زەبرێکی گورچکبڕ لە کەمەرم هەموو جیهانی لێ تار کردم، کاتێک بەئاگا هاتمەوە، لە ژوورە تاکەکەسییەکەی خۆمدا بووم، بەڵام نەمدەتوانی ببزووم و بۆ ماوەی شەش مانگ بەتەواوی ئیفلیج بووم و دایبیم لەبەر دەکرد، دواتر دەرکەوت کەبە هۆی زەبری شیشی ئاسن سیان لە کڕکڕاکانم( مۆرەی فەقەرات) شکاون و خەساری قورسیان بەرکەوتووە.
لە هەموو ئەم ١٥ساڵەدا تەنانەت ڕۆژێک قومێک ئاو بێگرێ لە گەرووم بچتە خوار و نەخۆشی دەستی لێهەڵگرتبێتم. بەڵام هەردەم هەستم بە شانازی دەکرد چونکوو بەپێی ئەزموونەکانم بەرنگاری دژی ستەم لووتکەی ژیانە و بۆ سەربەرزئ گەلەکەم هەردەم ئامادەی گیانبازیم. خەڵکی بەڕێزو خرباتکاری ئێران و کوردستان، گەرچی ئەم لاوە بچووکەی ئێوە هەست بە بەرنگاری و خەبات دەکات بەڵام ئەشکەنجە و ساڵانێک مانەوە لە زیندان، جەستەمی کردووە بە کولوکسیۆنێک لە نەخۆشییەکان، هەنووکە من تووشبووی تەسکبوونی کەناڵی بڕبڕەی پشت، هەوکردنی ئەندامی زاوزێ، هەوکردن و بەربوونی خوێنی قۆڵۆنی ڕیخۆڵە، پچڕانی فتق و پەردەی گەدە، پێچانی گەدە و ڕشانەوەی ڕۆژانە، دڵەتەپە، هەناسە تەنگی، بڕینی دوازدەگرێ و ناکارابوونی گورچیلە دەستەوداوێنم، بە چەشنێکە لە خواردنی خۆراک بێزاوم و کشم بەتەواوی دابەزیوە و گەدەم ئاوساوە بەهۆی ڕاگرتنی شلە. من هیچ باکێکم لە مردن لەڕێی ئازادی و بڕواکانم نییە، بەڵام ناتوانم بەبێ خەبات و لە بێدەنگیدا بمێنمەوە و لەم ڕووەوە داوا لە هەموو ویژدانە زیندوو و دامەزراوەگەلی مافی مرۆیی دەکەم ببن بە دەنگم و بە هەموو سەرچاوە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران، خاتوو مای ساتوو دەکەم کە بەرپرسایەتی ڕاستەوخۆئ گیانی من لە ئەستۆی ساڵحی دادستێنی تارانە. ئیدی بێدەنگ نابم و بە مافی ڕەوای خۆمی دەزانم بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایی خۆم بە هەر چەشنێک کە بووە بگەیەنم.

ژن ژیان ئازادی

زیندانی ئێڤین

ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی

ق.ش

The post موتەلیب ئەحمەدیان: کێشەی قورسی جەستەیی، ناتوانێ ڕێگربێت لەبەردەم بەرنگاریم لەبەرانبەردڕندەیی و ستەمکاری appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە