ک. م. م. ک:
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بۆ kmmk نێردراوە، زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و لە زیندانی یەزد ڕادەگیرێت،لە وەرگرتنی چارەسەر پزیشکی بێبەش کراوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە، کە شانزە ساڵ لە زۆرێک لە زیندانەکاندا بەبێ یەک ڕۆژ پشوو بەسەربردووە، لە مێژە تووشی نەخۆشییەکانی وەک ئاوبڕکەی دەم و پتێڕێجمی چاو، کێشەی گورچیلە، کێشەی هەرسکردن و ئازاری توندی کەلەکە بووە و بەرپرسانی زیندان وەرگرتنی چارەسەرییان لێ ڕەتکردووەتەوە. جگە لەوەش بۆ ماوەی چوار مانگ سەردانەکردنی قەدەغە کراوە.
زەینەب جەلالیان لە ماوەی زیندانی بوونی بۆ چەندین زیندان دوورخراوەتەوە. لە ئێستادا هەزار وسێسەت کیلۆمەتر لە مەنزڵگەکەی دوورە و لە زیندانی یەزد ڕاگیراوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵییەوە لە زینداندایە و ئێستا تەمەنی نیزیکی چل ساڵە.
شایانی باسە، وەزارەتی ئیتلاعات بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی پێویست، تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی لە دۆسیەکەی هەڵوەشاندۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاوەتەوە. بەپێی یاسا دەبوایە ئەم زیندانییە دوای پانزە ساڵ لە زیندان ئازاد بکرایە، بەڵام هیچ هەواڵێک لە ئازادکردنی نییە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زەوتکردنی ئازادی،وەرگرتنی چارەسەر و قەدەخەی سەردانی خێزان پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
ئە.ش.
The post بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.