مەترسی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی زیندانی سیاسی کورد جیدییە

‏ک.م.م.ک:

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ ی کوردی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان (KMMK) ڕایگەیاند کە دادگای باڵای ڕێژیمی ئێران، داوای دووبارە دادگایی کردنەوەی پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسی کورد ڕەت کردووەتەوە. ئەمەش مەترسی لەسێدارەدانی لە ناکاوی ئەم توێژەر و چالاکوانە کۆمەڵایەتیەی زیاد کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی KMMK، ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕایگەیاندووە، لقی نۆی دادگای باڵا داوای دووبارە دادگاییکردنەو و پێداچوونەوەی دۆسیەی پەخشان عەزیزی ڕەتکردووەتەوە. ئەم بڕیارە لە ٦ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٢٤ی کوردی دەرچووە و لە ١٧ی ڕێبەندان، بە پارێزەرەکەی ڕاگەێندراوە.

لەگەڵ ڕەتکردنەوەی داواکاری پێداچوونەوە و دووبارە دادگاییکردنەوە، پەخشان عەزیزی مەترسیی جیدیی و گەورەی لەسێدارەدانی لەسەرە. (KMMK)وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵ لەم دۆخە، داوای دەستێوەردانی خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان و ئازادکردنی پەخشان عەزیزی و هەموو زیندانیانی سیاسی کورد لە ئێران.

پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی مافی ژنان، بە تۆمەتی “یاخیبوون” و “ئەندامبوون لە گرووپەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە. ناوبراو لە دادگای ئینقلابی تاران دادگایی کرا و حوکمی سێدارەکەی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و دەوڵەتانی جیهان دەکات کە گوشار بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن و ڕاوەستاندنی لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و زیندانیانی سیاسیی دیکەی کورد.

ب.س

The post مەترسی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی زیندانی سیاسی کورد جیدییە appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە