دواهەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

عەبدولڕەحمان گەورکی

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

وەک زۆرێک لە یارییەکان، “دۆمینۆ” یارییەکی سەرنجڕاکێش و ئامانجدارە کە گوزارشت لە راستییەکی رەق و توند دەکات بۆ مرۆڤ. کە دەستی پێکرد بەرەو کۆتایی دەچێت. رەنگە “سەرەتای کۆتایی” ئاماژە بێت بۆ بابەتێکی لەمجۆرە. مەگەر هۆکارێک هەبێت بۆ وەستاندنی. فاکتەرێک کە بەزۆری بەدەست مێعمارەکەیەوەیە! بەڵام ئایا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مێعمارێکی لەمجۆرە هەیە؟

درووستکردنی یاریی “دۆمینۆ” پرۆسەیەکی درێژخایەنە و خاوەن وردبینی و حیساباتی وردە. وەک وەبەرهێنانی ٤٥ ساڵەی رژێمی ئێران لەسەر دیکتاتۆریی ئەسەد. بەڵام کۆتاییهێنان بە “دۆمینۆ”کە، کاتێکی زۆر کەمتری دەوێت. وەک رووخاندنی دیکتاتۆریی ئەسەد کە لە ١٢ رۆژ زیاتری نەخایاند. تا ئێستا دەتوانین بڵێین دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری تا زیاتر لە وڵاتێکدا بمێنێتەوە، لە ناوچوون و رووخاندنی ئاسانتر دەبێت. چونکە کۆتاییهێنان بە سەختییەکان هەمیشە ئاسانکاری لەگەڵدایە. بە پێچەوانەی دیکتاتۆریی “نوێ”، دەسەڵاتێکی “دیکتاتۆریی کۆن” بە خێرایی دەڕوخێت! بە واتایەکیتر لە رووی یاساییەوە رووخاندنی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی، کە هەم مێعمار و هەم ئەکتەری کۆتایی دۆمینۆکەیە، زۆر خێرا دەبێت!

رەنگە یەکێک لە هونەرەکانی بەرخۆدان لە دژی دیکتاتۆرییەت، کەشفی وردبینی و حیساباتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بێت کە شتێکی بە هەڵکەوت و لە ناکاو نییە. پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن و پێکهاتەیەکی سەقامگیر و ئیرادەیەکی بەهێز و پلانێکی روون و رێکخراوێکی رووخێنەر هەیە. بە واتایەکیتر، هێزی بەرخۆدان دەبێت تایبەتمەندیی “ئەڵتەرناتیڤێکی واقیعی و دیموکراتیک”ی هەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە کە دەگوترێ تاکە هێزی ئەڵتەرناتیڤی راستەقینە و دێموکراتیک لە دژی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران، “ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ە. هەر لەو روانگەیەوەیە کە دەگوترێت دەبێ نەیاربوون و بەرەنگاربوونەوە لە دژی دیکتاتۆرییەت، بە پشتیوانیکردن لە وەها بەدیلێک تەواو بکرێت.

دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی لە ئێران بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ وەبەرهێنانی کرد لە رژێمی دیکتاتۆریی سوریادا. ساڵانە دەیان ملیار دۆلاری خەرج دەکرد بۆ ئەوەی ئەسەد لە سەر پێ بمێنێتەوە. چونکە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئەسەد جێگەیەکی تایبەتی هەبوو بۆ رژێمی ئێران. رەنگە ئەوە درووست بێت کە یەکێک لە فاکتەرەکانی مانەوەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی بوو. بێ هۆ نییە کە دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی وەک “قوڵایی ستراتیژی”ی خۆی ئاماژەی بە سوریا دەکرد. هەروەها بێ هۆش نییە کە دەگوترێ سووریا بە نهێنی و ناڕاستەوخۆ لە لایەن رژێمی ئێرانەوە کۆنترۆڵ و ئاڕاستە و رابەرایەتی کرابوو!

ئێستا دوای رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئەسەد، پەردەکان لادراون و ئەوەی هەبووە، بۆ هەموو لایەک ئاشکرا کراوە. بێگومان وابەستەیی و بێ ریشەیی و داڕمان و رووخانی دیکتاتۆرییەتی ئەسەد هەڵگری وانەی زۆرە بۆ بزووتنەوە و هێزە ئازادیخوازەکان. بەڵام گرنگترین وانە دەتوانێ ئەوە بێت کە “دیکتاتۆرەکان” و “دیکتاتۆرییەکان”، هەرچییەک بن، لە بەرامبەر “هێزی گەل”دا لاواز و ناسکن! وانەیەک کە تۆوی وانەکانیترە و لە مێژوودا چەندین جار دووبارە بوونەتەوە! گرنگ ئەو ئیرادەیەیە کە پێویستە هەمیشە پۆلێش بکرێت و هیوای پێ بدرێت و بەهێز بکرێت! لە بیرمان نەچێت کە باوباپیرانمان بەڕاستی “نائومێدی”یان بە گوناهێکی گەورە ناودەبرد! دەبێت ئومێد بچێنیت و هەمیشەیی و ئایندە بچنیتەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە ئەوەیە کە هەمیشە راستییەکان بشێوێنێت بۆ ئەوەی هێزی سەرەکی بەرخۆدان پەراوێز بخات. وەک ئەوەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە چوار دەیەی رابردوودا نیشانی داوە. ئەم دەسەڵاتە هەمیشە هەوڵدەدات بڵێت “هیچ بەدیلێک بۆ دەسەڵاتەکە بوونی نییە” یان “ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەمێنێت، ئێران تووشی ئاژاوەگێڕی دەبێت” و هتد.

بۆ بەردەوامیی دیکتاتۆرییەت، سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت” بە هانای دیکتاتۆرییەوە هاتووە لە دژی بەرخۆدان. جاروبار بێ تیشک و نیشانە جووڵە دەکات و هەندێک جاریش بێدەنگی دەگرێتە بەر کە دەرەنجامەکەی، رازیبوونە بە رازیبوونی دیکتاتۆرییەت. چونکە پشتیوانانی ئەم سیاسەتە تەنها بیر لە بەرژەوەندی ماددی خۆیاندا دەکەنەوە و بە دیاریکراوی، بە دوای (دۆلار و نەوت)ەوەن. رەنگە گوناهی پشتیوانانی ئەم سیاسەتە، کە لێخۆشبوون هەڵناگرێت، ئەوە بێت کە چاو بە سەر راستییەکاندا دادەخەن و بەبێ ئەوەی بزانن یان بفامن، دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دیکتاتۆرییەت و دەڵێن هیچ “ئەڵتەرناتیڤ”ێک بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری نییە!

ئەوە ئەرکە بۆ هێزە راستەقینەکانی دژبەری دیکتاتۆرییەت کە لە شەڕدا بن لە دژی دیکتاتۆرییەت و لە دەوری “هێزی سەرەکی بەرخۆدان” کە هەمان “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک”ە کۆببنەوە و پیلانەکانی دیکتاتۆری و لایەنگرانی پووچەڵ بکەنەوە. ئەگەریش نەیکەن، ئەوە نەک هەر لە دژی خۆیانە، بەڵکو هۆکارە گەورە و گرینگەکەی، واتا “کات”یش پشتگوێ دەخەن و دەبنە هۆکاری مانەوەی دیکتاتۆرییەت، کە دەرئەنجامەیشەی، بەردەوامیی دۆخی ئێستای ئێرانە.

دوا وشە!

ئێستا رژێمی ویلایەتی فەقیهی، “قووڵایی ستراتیژیک”ی خۆی لەدەست داوە و هەوڵ دەدات ئەو (دۆمینۆ)یە بوەستێنێت کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی دەستی پێکردووە. ئەمە ئەو گەردەلولەیە کە لە ئێراندا دێتە ئاراوە. چونکە “سەری رەشەماری ویلایەتی فەقیهی لە تاران”ە. خامنەیی و کاربەدەستانی رێژیمەکەی زۆر جار رایانگەیاندووە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران سەنگەریان لێداوە بۆ ئەوەی لە ئێراندا نەڕوخێن! ئەوان لە راپەڕینی گەلی ئێران و موقاومەتی ئێران تۆقاون. چونکە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا سەنگەری وایان بۆ نەماوەتەوە.

بەمزووانە ئێران دەبێتە گۆڕەپانی راپەڕین و شۆڕشی گەل. خەڵک و موقاومەتی ئێران لە ئامادەکاریدان بۆ دروستکردنی گەورەترین و شکۆمەندترین شۆڕش. “ناوەندەکانی شۆڕش” شانەی سەرەکین بۆ ئەڕتەشی ئازادیبەخشی نەتەوەیی و جەماوەری لە ئێران. خەڵکی ئێران نەک هەر بە قەدەر پووشێک بۆ لێدوانەکانی ئەمدواییەی خامنەیی بەها قایل نین، بەڵکو زیاتر ئیرادەیان بۆ بەدواداچوونی خواستی خۆیان، واتە رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی پتەوە. خەڵکی ئێران بڕیارە دیکتاتۆرییەتی هەرە گەورە و سامناکی ناوچەکە بخەنە زبڵدانی مێژووەوە!

***

لێدوانێک بەجێ بهێلە