درێژەی شەپۆلی دەسبەسەری هاوڵاتیان ئەمجارە لە پیرانشار

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکان، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو، لەگەڵ دەسبەسەری هیوا شوجاعی ٣٤ساڵ تەمەن خەڵکی پیرانشار، ئەنوەر ئیبرایمی ٣٧ساڵ تەمەن خەڵکی گوندی کۆنەلاجان و جێگر موجاهیدی ٢٥ساڵ تەمەن و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەو شارە بۆ حەوت کەس هەڵکشا.

هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم پێشتر چوار هاوڵاتی دیکە بەناوەکانی فەردین مەحموودی، نێعمەت ئەحمەدنەژاد، مراد ئوستوار و محەممەد زۆرابی، دەسبەسەر کردبوون.

شیاوی باسە کە، هیوا شوجاعی و محەممەد زۆرابی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا بووەن کە لەلایەن سیستەمی قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بە زیندان و دووتخستنەوە مەحکووم کرابوون و هەروەها فەردین مەحموودی چالاکێکی دیکەی ژینگەیی پیرانشارە.

جێی سەرنجە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاوڵاتیانە، تا ئێستە زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەری، تۆمەت و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاوڵاتییانە بەردەست نییە.

ق.ش

The post درێژەی شەپۆلی دەسبەسەری هاوڵاتیان ئەمجارە لە پیرانشار appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە