ک.م.م.ک:
مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی چالاکی مەدەنی و یاریدەدەری کۆمەڵایەتی و بەندکراو له زیندانی ئێڤین، لە لایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، دەربڕی.
خاتوو ساتۆ لە گەڵ دووبارە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی کۆمەڵێک لە کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ئەم مانگە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” بڵاوکرایەوە، باسی لە ئەشکەنجەدانی پەخشان عەزیزی لە زیندانی تاکەکەسی و بێبەری بوونی له دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، کرد.
کۆمەڵێک لە کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاویان کردۆتەوە نیگەرانی قوڵی خۆیان لە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی عەزیزی دەربڕیوە. بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی پەخشان کراو، به پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، سزای لەسێدارەدان هەڵناگرن.
هەروەها کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختیان لە پێداچوونەوە بەم دۆسیە و ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان کردەوە و داوایان کرد له لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، گرینگییەکی تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ له ئێراندا، بدرێت.
خ.ع
The post نیگەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان له حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و پێشێلکارییەکانی رژێم appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.