عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت، نیگەرانییەکانی وەلی فەقیهی ئێران زیاتر دەبن. چونکە پڕۆسەی ئەو پێشهاتانەی چەند هەفتەیەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە و بە تایبەتی کە بە رووخانی (بەشار ئەسەد)ی دیکتاتۆر لە سوریا، بەرەو ئێران دەچێت و هەموو لایەک یەکدەنگن کە بە رووخانی ئەسەدی دیکتاتۆری سوریا، ئێستا پێشهاتەکان نەک هەر خێراتر بوون، بەڵکو ئامانجی نزیکی ئەم پرۆسەیە، رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی ئێرانە.
ئێستا هەموو ئێرانییەکان، بە هەر ئاڕاستەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە، بەرەو “ئامادەکاری” دەچن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم “گۆڕانکارییە گەورەیە”. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نەک هەر چاوی لە پێشهاتەیەکی ئاوا دڵخۆشکەرە، بەڵکو رووبەڕووی “پرسیارێکی گرنگ” بووەتەوە کە چی بکات!
هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە بەرپرسانی رژێمی ئێران چوونەتە وڵاتانی رۆژئاوا و هەریەکەیان پێش یان دوای سەفەرەکەیان، ملیارەها دۆلاریان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران گواستووەتەوە و هەندێک جار بنەماڵە یان منداڵەکانیان رەوانەی وڵاتانی رۆژئاوا کردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا هەڵهاتن و گواستنەوەی زیاتر ببینین!
پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە پێچەوانەی نەخشەڕێگای ویلایەتی فەقیهی، رۆژانە خێرایی و پانتایی زیاتر بە خۆیەوە دەگرێت. ئەم پرۆسەیە ناتوانێت لە ژێر کاریگەری پێشهاتە جیهانییەکاندا نەبێت و لەوانەش، گۆڕانکاری یان گۆڕینی ئیدارەی حکومەت لە ئەمریکا. وا بڕیارە لە ٢٠ی مانگی یەکەمدا (دۆناڵد ترەمپ) شوێنی (جۆ بایدن) بگرێتەوە و خولی ٤٧ی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە دەست پێ بکات.
پێشهاتەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ناوخۆی ئێران و هەنگاوی سەرکوتگەرانەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران، لەوانەش، زیادبوونی رێژەی گرتن و ئێعدامکردنەکان لە ئێران. هەموومان لەبیرمانە کە دیکتاتۆری سوریا لە دوایین شانۆی هەڵبژاردنیدا ئیدیعای کرد، زیاتر لە ٩٦٪ی خەڵکی ئەم وڵاتە دەنگیان بە “بەشار ئەسەد” داوە! لەکاتێکدا لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، جیهان شاهیدی ئەم “درۆ گەورەیە” بوو و دۆخی دڵتەزێنی مافی مرۆڤ لە سوریای ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئەسەدی بە هەمووان نیشان دا کە بەمزووانە ئازارەکان ساڕێژ نابنەوە. تاوانەکانی دیکتاتۆرییەتی ئەسەد لە کۆمەڵگای سوریا و بەتایبەتی لە زیندانەکاندا، جیهانی بە تەواوی تووشی شۆک کرد. هەر لە تاوانەکانی ناو زیندانەکانەوە بگرە تا بەکارهێنانی چەکی شیمیاوی و کوشتنی نەیارانی دیکتاتۆری لەم وڵاتەدا.
هەرچەند بەم ئەزمونەوە، زۆر ئەستەمە بتوانرێت بخرێتە بەرچاو کە لە ناوخۆی ئێراندا چی دەگوزەرێت، بەڵام بێگومان بارودۆخی کۆمەڵگای ئێران زۆر زۆر خراپترە لەوەی سوریا! سەرەڕای بوونی بەرخۆدانێکی سەرتاسەری لە ئێران و پێشکەوتنی بەرچاوی ئەم بەرخۆدانە لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا، کارنامەی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی زۆر زۆر قورسترە لە کارنامەی دیکتاتۆرییەتی ئەسەد. ئەزمونی شۆڕشی گەلی سوریا لەدژی دیکتاتۆریی ئەسەد، تین و پاڵێکی زیاتر دەدات بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بەتایبەتی بە خەڵک و موقاومەتی ئێران، بۆ کورتکردنەوەی “کات” بەرەو گەیشتن بە دوا ئامانج، واتە روخاندنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی!
هەرچەندە بە وتەی خامنەیی و کاربەدەستانی رژێمی ئێران و پزیشکیان و ئیمامانی ریاکاری هەینی ئەم رێژیمە لە سەرانسەری ئێرانەوە را دیارە کە تا چەند تۆقاون لە رق و تووڕەیی گەل، بەڵام پێویستە بوترێت کە لێدوانەکانیان بێ بنەمان و کردەی بە دوادا نایەت. هەروەک رێبەری موقاومەتی ئێران، بەڕێز مەسعوود رەجەوی رایگەیاندووە، لەم پێشهاتانەدا “دۆڕاوی ستراتیژیکی” وەلی فەقێی دەسەڵاتدار و رژێمە دیکتاتۆڕەکەیەتی. ئەمە ئەو راستییەیە کە رۆژ بە رۆژ ئاسەوارەکانی بینراوە و هیوای بە دڵەکان بەخشیوە و ئیرادەی گەلی پۆلێش کردووە بۆ ئەوەی دوا هەنگاو بنێنت.
ئەگەر رژێمی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی و لایەنگرانی کۆلۆنیالیستی ئەم رژێمە لە راپەڕینی ساڵی ١٤٠١دا توانیان بە پڕۆژە و دروشمی لادەرانە، رووخانی ئەم رژێمە بۆ ماوەیەکی کاتی دوابخەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن بە بێژنگ بەری خۆر بگرن. رزگارکردنی ئێران بەڕێوەیە. رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی، وەک بەرخۆدانی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە، کار و ئەرکی گەل و موقاومەتی ئێرانە و بەس. بە هۆی بەرخۆدانی مێژوویی دژ بە دیکتاتۆرییەت، پڕۆژەی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیستی شکستیان هێناوە و ئێرانێکی ئازاد، سەربەخۆ، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران دادەمەزرێت، کە تێیدا هەموو کەس، بە تایبەت ژنان و گەنجانی ئێرانی لە هەموو نەتەوە و ئایینەکاندا، حزووریان هەیە و ئامادەن و بە مافەکانیان دەگەن. ئێران وڵاتێکی گشتگیر و فرەیی و سکولار دەبێت کە تێیدا ئایین لە دەوڵەت جیایە. بێگومان پلاتفۆرمی خانمی مریەم رەجەوی، کە ساڵانێک لەمەوبەر لە (١٠) خاڵدا راگەیەندرا، وێنەیەکی روونی ئێرانی ئازادی دواڕۆژ دەخاتە بەرچاو. ئێران شوێنی دیکتاتۆرییەت نییە. شوێنی دیکتاتۆرییەت زبڵخانەی مێژووە!
***