.
ک.م.م.ک:
بەپێی زانیاریەکان، پارێزەری زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی لە زیندانی اوین، پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی موکلەکەی لە دادگای باڵا ڕاگەیاندووە.بە وتەی ئەو پارێزەرە، لقی ٣٩ی دادگای باڵا بەبێ گوێدانە ئەو کەموکوڕییە زۆرانەی لە پەروەندەکەدا هەیە، داواکاری پێداچوونەوەی ڕەتکردووەتەوە و سزای لەسێدارەدان لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانی پشتڕاستکردەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی “بغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە گروپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران, سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ئەم بڕیارە لە دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری دەرچووە و ئێستا بە پشتڕاستکردنەوەکەی دادگای باڵا لە کاردایە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان KMMK بە توندی نیگەرانیی خۆی لە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەردەبڕێت و ئەم کارە بە پێشێلکردنی گەورەی مافی ژیان و بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەزانێت. ئەم ڕێکخراوە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات کە ڕێز لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانیان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بگرن و دەستبەجێ خۆیان لە جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی خاتوو عەزیزی و زیندانیانی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دیکە بەدوور بگرن و هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسی لە ئێراندا دەکات.
ئە.ش
The post سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە دادگای باڵا پشتڕاستکرایەوە appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.