ئەردۆغان لەکۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانیدا هەڕەشەی توندی بۆسەر چەکدارانی رۆژئاوا راگەیاند

ئەردۆغان

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، لەژێر سەرکردایەتییە ئیسلامییەکەی سوریادا “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان” لەو وڵاتەدا جێگەیان نابێتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە ئۆفیسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وتی “لێدوانەکانی ئەردۆغان لەکاتی کۆبوونەوەیەکیدا بووە لە ئەنکەرە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا”.

هەروەها ئەردۆغان بە مەسرور بارزانی وتووە “تورکیا کاردەکات بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا ببێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان” یاخود ئەوانەی سەر بەوانن لە داهاتووی سوریای نوێدا جێگەیان نابێتەوە.

جێی ئاماژەیە، ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ئەگەرەکانی دەستوەردانی تورکیای لە سوریادا دژی هێزە کوردییەکانی سوریا زیادکرد. ئەنقەرە هێزە کوردییەکانی سوریا بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنێت، بەڵام کوردەکان ئەوە ڕەتدەکەنەوە.

جگە لەوەش، لەدوای ڕووخانی ئەسەد، گروپە چەکدارە سوریاییەکانی سەربە تورکیا بە پاڵپشتی لەشکری تورکیا بەردەوام هێرش دەکەنەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون و زیانێکی ماددی زۆریش بەر ئەو ناوچانە کەوتوون.

هاوکات یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کە هێزی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتن، لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعش.

لێدوانێک بەجێ بهێلە