ئەمڕۆ سوریا، سبەی ئێران!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

پڕۆسەی پێشهاتەکان، راست و درووستبوونی قسەکانی موقاومەتی ئێرانی سەلماند کە “سەری ماری ویلایەتی فەقێ لە تارانە”. رژێمی ئەسەی دیکتاتۆر رووخێنرا و ئەم رووخاندنە بوو بە زەمینەیەکی بێ مشت و مڕ بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی ئێران.

هەرچەندە سوریای ژێر دەسەڵاتی “ئەسەد” لە قۆناغی هەرە سەختی خۆیدا بوو، بەڵام تێپەڕی و ئێستا خەڵکی ئەم وڵاتە مافی خۆیانە دڵخۆش بن و ئاهەنگی سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا بگێڕن، بەڵام پێویستە لەبیرمان بێت کە شۆڕشی گەلی سوریا، زۆرێک دۆست و هاوسۆزیان لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە کە گەل و موقاومەتی ئێران لە لوتکەی هەموویاندان. چونکە دیکتاتۆرییەتی بنەماڵەی ئەسەد، لە ماوەی دەسەڵاتی شوومی خۆیاندا، هەمیشە خزمەتکارێکی نزیکی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی ئێران بوون.

پەیوەندیی نێوان دوو رژێمی دیکتاتۆریی ئێران و سوریا!

لە رۆژی 10ی حوزەیرانی ساڵی 2000 و لە تەمەنی 69 ساڵیدا (حافز ئەسەد) بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا و دوای مردنەکەی، حیزبی بەعسی سوریا، کوڕی بەشار ئەسەدی وەک سەرۆکی داهاتووی حکومەتی بەعسی سوریا هەڵبژارد و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی خراپتریان بەسەر خەڵکدا فەڕز کرد. بەشار ئەسەد هەر لە سەرەتای ئیدارەکەیدا سەفەرێکی بۆ تاران کرد و خامنەیی سەرەخۆشی لێکرد بە بۆنەی کۆچی دوایی حافز ئەسەد باوکی و جەختی لەوە کردەوە کە: “بە کۆچی دوایی حافز ئەسەد، کۆماری ئیسلامی ئێران دۆست و برایەکی باشی لەدەستدا!. بەڵام بەردەوامبوونی رێگاکەی لە لایەن کوڕەکەیەوە، واتا بەشار ئەسەد، کە هاوشێوەی حکومەتەکەی حافز ئەسەدە، جێگەی هیوا و ئۆمێدە”. ئینجا، بەشار ئەسەدیش وتی کە هەروەک حکومەتی حافز ئەسەد “دیمەشق هەمیشە لە هەموو بارودۆخێکدا پشتیوانی تارانە، هەروەک چۆن حکومەتی بەعسی سوریا لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا پشتیوانی حکومەتی ئێرانی بووە”.

ڕووخاندنی بەشار ئەسەد لە روانگەی دیکتاتۆریی ئێرانەوە!

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی رژیمی ئێران وتی: خێرایی پێشهاتەکان هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد. چاوەڕوان نەکراو بوو. زانیاری تەواو لەو بارەیەوە هەبووە و بە دەسەڵاتدارانی سوریا گەیەنرابوو”. لە وەڵامی پەیامنێری تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران کە پرسیاری کرد، “تەنانەت هەندێک بە ئاشکرا دەڵێن، ئامانجی داهاتوو عێراقە، ئایا پێشبینییەکی واتان هەیە بۆ ناوچەکە؟” وتی: ئەم پێشبینیانە لە واقیعدا بنەمایەکیان هەیە. هەریەکەیان بە پشتبەستن بە شیکاری و هەندێک زانیاری، ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن. ئەگەری تەشەنەکردنی ململانێکان لە هەموو ناوچەکەدا نەک هەر دەگاتە عێراق، بەڵکو دەگاتە باقی ناوچەکەش (!).

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی دەستنیشانکراوی خامنەیی، لە کۆبوونەوەی دەستەی حکوومەتیشدا وتویەتی: ئەوە گەلی سووریایە کە دەبێ بڕیار لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە و سیستەمی سیاسی و حکوومەتی ئەو وڵاتە بدات! ئەو، کە هیوای خۆی دەربڕی کە گەلی سوریا بتوانێت لە ژینگەیەکی ئارام و دوور لە هەر دەستوەردانێکی وێرانکەری دەرەکیدا بژی! بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، پێویستە بڕیارێک بدەن کە شایەنی گەلی گەورەی سوریا بێت! (ماڵپەری پزیشکیان 18ی سەرماوەزی ئەمساڵ)

گۆڕانکاریی ستراتیژیکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

دوابەدوای رووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد، میدیا نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان نووسیویانە کە ئەم رووداوە، هاوکێشەکانی دەسەڵات لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت و تەنانەت کاریگەری لەسەر ئایندەی سوریا و هاوپەیمانەکانی رژێمی ئێرانیش دەبێت. رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری ئەسەد لە سوریا، خاڵی وەرچەرخانە لە کۆتایی رۆڵی سەربازی و سیاسی دیکتاتۆرییەتی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆ ئەوانەی تۆزێک زانیارییان لەسەر پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، روونە کە لە درێژەی شەڕی ١٤ مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس و حزبوڵڵا و هێزەکانیتری بە وەکالەتی رژێمی ویلایەتی فەقیهی، “مێحوەری موقاومەتی رژێمی ئێران” خاڵێکی ستراتیژیکی تێپەڕاندووە و ئەوەیش ئاسانکاریی کردووە بۆ گەیشتن بە پانکردنەوەی “سەری ماری ویلایەتی فەقیهی” و سەرکەوتنی گەلی بەسەر ترسناکترین دیکتاتۆرییەتی سەردەم خستووەتە بەردەستەوە. لەناوچوونی دیکتاتۆریی “ئەسەد” لە سوریا هاوواتای “رەتکردنەوەی شوێنپێی رژێم”ە لە پێکهێنانی هێزی بە وەکالەت و بەهێزکردنیان و هێڵی دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە. بەتایبەت حزبوڵڵای لوبنان.

چارەنووسی هاوپەیمانەکانی ئەسەد!

بێگومان چارەنووسی هاوپەیمانانی دیکتاتۆریی ئەسەد زۆر بە ئازارتر دەبێت. چونکە دیکتاتۆرییەتی ئەسەد، لقێکی دیکتاتۆرییەکی گەورەتر بوو کە دوا قسەی لە ناوچەکەدا هەبوو. ئێستا هاوتەریب لەگەڵ نیگەرانییەکانی دەسەڵاتدارانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران، هێزە بە وەکالەتەکانی رژێم و بە تایبەت لە عێراق، لە ترس و دڵەڕاوکێدان و هاوشێوەی هێزەکانی دیکتاتۆرییەتی ئەسەد، ورە و مۆڕاڵی خۆیان لەدەست داوە و زۆر بە خێرایی لە بەرانبەر رق و توڕەیی گەل هەڵدەوەرێن.

ئەوەی روونە، ئایندەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا رادەیەکی زۆر بەندە بە وریایی حکومەتی نوێی سوریا لە گرتنەبەری هەنگاوەکانی داهاتوو لە دژی رژێمی ئێران و خزمەتکردنی خەڵکی ئەم وڵاتە و هەروەها وریایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لەم رێگایەدایە کە گەل و موقاومەتی ئێران نزیکترین و دڵسۆزترین دۆستی ئەوانن و لە تەنیشتیان دەوەستن. وە ئەمەیش شۆڕشێکە تا سەرکەوتن.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە موقاومەتی ئێران هەمیشە دۆست و پشتیوانی گەلی سوریا بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی شوومی ویلایەتی فەقیهی بەسەر ئێراندا و ئێستاش کە گەلی سوریا دەستکەوتێکی وەها گرنگیان بەدەستهێناوە، خۆیان بە “بەختەوەر و “سەرکەوتوو” لە تەنیشت ئەواندا دەزانن. بەڕێز مەسعوود رەجەوی رێبەری موقاومەتی ئێران بە دوای نەمانی دیکتاتۆریی ئەسەد لە پەیامێکدا رایگەیاند:

• پیرۆزبایی بە بۆنەی رووخاندنی دیکتاتۆری سوریا، رێگەخۆشکەری رووخاندنی حەتمی فاشیزمی ئایینی لە ئێران.

• پیرۆزبایی لە گەلی قارەمانی سوریا بە گەلەئەستێرەیەک لە شەهیدان و زیندانیانی خۆڕاگر و پێشەنگانی شۆڕشگێڕ لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و شۆڕشێکی دیموکراتیک.

• پیرۆزە لە گەلانی برا لە ناوچەکە کە زیانێکی زۆریان بەر کەوتووە لە لایەن رژێمەکانی خامنەیی و ئەسەدەوە.

• پیرۆزبایی لە گەلی قارەمانی ئێران، لە موقاومەتی ئێران، لە موجاهیدین، لە ئەڕتەشی ئازادی و ناوەندەکانی شۆڕش بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری سوریا، کە نزیکترین هاوپەیمانی خامنەیی بوو و موژدەهێنەری رووخاندنی حەتمیی فاشیزمی ئایینییە لە ئێران.

• شۆڕشی دیموکراتیک و کۆماری دێموکراتیک لەسەر دەستی بەتوانای گەل و پێشەنگان و شۆڕشگێڕانی لە ئێرانی بەدیلگیراودا بەدی دێت.

خانمی (مریەم رەجەوی)یش پیرۆزبایی رووخاندنی دیکتاتۆری سوریا لە خەڵکی سوریا و ئێران و خەڵکی ناوچەکە کرد و وتیشی: “قوڵایی ستراتیژی”ی دیکتاتۆریی ئایینی لە ئێران رووخاوە و پێویستە لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە فڕێ بدرێتە دەرەوە. کورتکردنەوەی دەست و پەنجەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە عێراق و وڵاتانیتری ناوچەکە، داخوازییەکی لە مێژینەی موقاومەتی ئێران بووە. ئەمە پێشەکییە بۆ رزگارکردنی گەلی ئێران لە فاشیزمی ئایینی.

خانمی مریەم رەجەوی وێڕای پیرۆزبایی لە گەلی برا، سوریا و بەتایبەت گەنجانی شۆڕشگێڕ و زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەدان هەزار شەهیدی شۆڕشی سوریا، جەختی لەوە کردەوە: “لەگەڵ رووخاندنی ئەو رژێمە کە ماوەی 45 ساڵە هاوکاری فاشیزمی ئایینی بووە بۆ ئەنجامدانی گەورەترین تاوانەکانی لە دژی گەلی سوریا و گەلی فەلەستین و لوبنان، سەردەمی تاریکایی لە ناوچەکە دەگۆڕێت و سەردەمی رووخاندنی رژێمی ئاخوندان گەیشتووە. خانمی رەجەوی هەروەها وتی: بۆ گەلەکەمان و بنەماڵەی دڵسوتاوی 120 هەزار شەهیدی رێگای ئازادی کە لە ژێر ستەم و سەرکوتی ئاخوندان، ئەم سەرکەوتنە، دەرمانی دڵی دڵانە کە بە چاوی خۆیان سەرکەوتنی گەلی سوریا دەبینن. هەر ئەو خەڵکەی، خامنەی و سوپای پاسدارانی، راستەوخۆ دەستیان لە کوشتنی لانیکەم نیو ملیۆن کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکەدا هەبووە.

***

لێدوانێک بەجێ بهێلە