کارەساتێک لە ئەسەدئاباد: توندوتیژی خێزانی بووە هۆی کوژرانی منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵان

‏ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕووداوێکی دڵتەزێن لە شاری ئەسەدئاباد، پیاوێکی تەمەن ٣٦ ساڵ بە ناسنامەی مەزاهێر محەمەدی کوروش، به هۆی ناکۆکی خێزانییەوە، دوو منداڵە بچووکەکەی و هاوسەرەکەی، بە سەختی خستە بەر توندوتیژییەوە. لەم ڕووداوەدا کچێکی تەمەن ٧ ساڵ بە ناوی ئایسا (عارفە) محەممەدی کوروش، بە هۆی لێدانی چەقۆ و تەقینەوەیەک لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە، گیانی لەدەست داوە؛ هەروەها عەلی ئەسغەر، برای تەمەن ١٠ ساڵانیشی بریندار بووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆمەتبار دوای ئەم کارە توندوتیژییە، ئاگری لە ماڵەکەی بەرداوە و خۆیشی تووشی سووتانی توند بووە.

ئەم کارەساتە تاڵە، جارێکی دیکە پێویستیی مامەڵەکردن لەگەڵ توندوتیژی خێزانی و پاڵپشتیکردنی ژنان و منداڵانمان بیردەخاتەوە.
توندوتیژی دژی ژنان تەنیا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر نەوەکانی داهاتوو هەیە. کۆمەڵگایەک کە ژنان تووشی چەوساندنەوە و توندوتیژی بن، ڕێگری لە پێشکەوتن و گەشەکردنی ئەو کۆمەڵگایه دەکرێت. ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان و ڕەخساندنی کەشێکی سەلامەت بۆیان، ئەرکێکی ئینسانی و کۆمەڵایەتییە. ڕێگریکردن لە توندوتیژی پێویستی بە ڕاهێنان، بنیاتنانی کولتوور و پشتگیرییەکی هەمەلایەنە هەیە بۆ قوربانییەکان.

خ.ع

The post کارەساتێک لە ئەسەدئاباد: توندوتیژی خێزانی بووە هۆی کوژرانی منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵان appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە