دەسەڵاتی ئایینیی لە ئێران بۆ لەسەر کارمانەوە، پەنای بردووەتە بەر بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی. ئەم رژێمە هەر لە بنەڕەتدا بە پەرۆشەوە نەبووە لەمەڕ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و بەرەوپێشەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵکی ئێران. هەر بۆیە رژێمێکی ناڕەوایە و خەڵکی ئێران خوازیاری رووخاندنین. کارنامەی ئەم رژێمە هەر لە سەرەتاوە لە فرەخوازی لە ژێر ناوی (ئیسلام) بەدەر نەبووە. لە کاتێکدا ئیسلام ئایینی رەحمەت و ئاشتی و دۆستایەتی و پێکەوەژیانە. چاوخشانێک بەسەر دۆخی ژیانی خەڵکی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەزهەبیی ئێران، ئەم راستییە دەردەخات.
زیاتر لە (120) هەزار کەس لە خەڵک لە ئێران لە سێدارە دراون و ملوێنان ئێرانی دەستبەسەر و ئەشکەنجە دراون. جێهێشتنی ئێران، زۆر جار بووەتە مانشێتی رۆژنامەکانی ئێران و جیهان. گرانی و هەژاری و بێکاری و دوورکەوتنەوەی رۆژ لە دوای رۆژ زیاتری کەمایەتییەکی زۆر کەم (واتا دەسەڵات) و زۆرینەیەکی هەرە زۆر (واتا خەڵکی ئێران) لەوانەن. هەموو ساڵێک بەشێکی زۆر لە بودجەی ئێران تەرخان دەکرێت بە پرۆژە سەربازییەکان. شەڕئەنگێزی و شەڕفرۆشتن لە لایەن رژێمی ئایینیی ئێران لە دەرەوەی سنووەرکان رۆژانە پەرەی سەندووە. تیرۆریزمی حکومەتیی رژێمی ئێران زۆر جار بووەتە مانشێتی میدیا نێودەوڵەتییەکان و هاوکات، پەسندکردنی بڕیارنامەی نوێی ئەنجوومەنی حوکمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم، بەر لە هەر شتێک دەرخەری ئەم راستییەیە کە ئەم رژێمە مەزهەبییە، هەمان رژێمە کە لە لایەن خومەینییەوە بونیات نراوە و لە سەر دەست و پەنجەی رەشی دەرەکی لە ئێران خرایە سەر حوکم. کەوایە بۆ دەرچوون لەم دۆخە، لە رووخاندنی ئەم رژێمە هیچ رێگایەکیتر نەماوەتەوە!
لەم دواییانەدا ئەنجوومەنی حوکمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بڕیاڕنامەیەکی لە لایەن 19 ئەندام لە کۆی 35 وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەن پەسند کرد. وڵاتانی ئامادەکاری رەشنوووەکە، بە دووبارە وتنەوەی ناتەواوبوونی بەردەوامی بەڵێنەکانی پادمانی، جەختیان کردە سەر پێویسیی ئاڕاستەکردنێکی تەواو تا بەهاری ساڵی 2025 کە مەبەست لەمکارە بریتی بوو لە پێشێلکارییەکانی پادمانی و پشت گوێ خستنەکانی رژێمی ئێران لەمەڕ داواکارییەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی. ئەم هەنگاوەی ئاژانس گەرچی دواکەوتووە، بەڵام هەنگاوێکی پیویستە بەرامبەر بەو رژێمەی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە، بە ئێستایشەوە، کە بە نەهێنی چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت و چارەنووسی گەلانی جیهان بە بارمتە بگرێت و بیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. رژێمی ئێران ساڵانێکی زۆرە بە کاری فریودەرانە بەرامبەر بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، خۆی لە سزادانی تایبەت بە پیتاندنی یورانیۆم بە رێژەی باڵا بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبای ئەتۆمی دزیوەتەوە. ئەم بڕیارنامەیە هاوکات دەرخەری بێ دەرەتانبوونی سیاسەتی سازان و دەمەقاڵەکردنانە لەگەڵ ئەم رژێمە لەمەڕ پرۆژەی دژەگەلیی بۆمبا درووستکردن.
شیاوی باسە کە لە بڕیارنامەکەدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکان لە ئاست دۆزینەوەی ئاسەواری یورانیۆم لە چوار ناوەندی رانەگەیەندراو لە ئێران و رەچاونەکردنی پەیماننامەی قەدەغەبوونی چەکی ناوکی (NPT) لە لایەن رژێمی ئێرانەوە، جەخت کراوەتە سەر ئەوە کە رژێمی ئێران دەبێ بە تەواوی و بە پەلە، هاوکاری بکات لەگەڵ ئاژانس و کرداری روونی هەبێت!
دەرهاویشتە دەرەکییەکانی پەسندکردن بڕیاڕنامەکە
ئەم بڕیاڕنامەیە لە راستیدا ئەم مەسجە دەدات بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە چیتر هەڵسوکەوتی ناڕوونی رژیم و بێ وڵام هێشتنەوەکانی رژێم ئێران قبووڵ ناکات و دەبێ بڕگەی چالاککردن (ماشە)، واتا دەستپێکردنەوەی ئوتوماتی سزاکان، دەست پێ بکاتەوە، یان ئەوە کە دۆسێیەی ناوکیی رژێم بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش کە ئەوەیش واتای ئەوەیە لە ژێر بڕگەی حەوتەمی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هەنگاو بنرێت بۆ دەستپێکردنەوەی 6 بڕیارنامەی پێشووی ئەم ئەنجوومەنە لە دژی رژێم.
دوابەدوا ئەمە، رژێمی ئێران، وەکارخستنی سانتریفیوژە پێشکەوتووەکانی راگەیاندووە و جەختی کردووتە سەر بەرنامەی ناوکی کە دەرخەری ئەوەیە کە رژێم تا چ رادیەکە بێ دەرەتانە و دەیەوێت لەم دۆخە خۆی بدزێتەوە و تا چ رادەیەک تۆقاوە لە قەیرانەکان و تا چ رادەیەک بەرەوڕووی قەیران بووەتەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و شکستی هێناوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوخۆیی و درەکییەکانیدا.
پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە پاسدار عەلی لاریجانیش لە رۆژی 30 گەڵاڕێزان، واتا رۆژێک بەر لە پەسندکردن بڕیارنامەکە، فریودەرانە و ترسنۆکانە لە دیمانەی لەگەڵ ماڵپەڕی خامنەیی روو لە حکومەتی ئەمریکا وتبووی : دوو رێگاتان زیاتر لە بەر نیە. یان ئەوەتا بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنامەکەی پێشوو، یان وەرن دووبارە رێکەوتننامەی نوێ واژۆ بکەن. ئێوەش مەرجەکانی ئێمە قبووڵ بکەن (ماڵپەڕی خەبەر ئۆنلاین 2ی سەرماوەز).
دەوری بێ هاوتای موقاومەتی ئێران لە ئاشکراکردنەکانی پرۆژە ئەتۆمییەکانی رژێمی ئێران
موقاومەتی ئیران لە ماوەی سێ دەیەر رابردوودا، بە ئاشکراکردنی چالاکییە شاراوەکانی تایبەت بە چەکی ناوکیی ئەم رژێمە، دەوری سەرەکیی هەبووە لە بە ئاگاکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. خانمی مریەم رەجەوی، رایگەیاندووە کە پەسندکردنی بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی حوکمی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی لە دژی رژێمی ئێران، دەرخەری راست و درووستبوون و وردبوون و رەوایەتی هەڵوێستەکانی موقاومەتی ئێرانە دەربارەی مەبەست و نەهێنیکارییەکانی ئەم رژێمە لەمەڕ چەکی ئەتۆمی. خانمی رەجەوەی هەروەها وتیشی: دوای تێپەڕبوونی 33 ساڵ بەسەر ئاشکراکردنەکانی تایبەت بە بەرنامەی ناوکیی رژیم لە لایەن موقاومەتی ئێرانەوە، بە تایبەت 22 ساڵ دوای ئاشکراکردنی ناوەندە سەرەکییەکانی نەتەنز و ئەراک، رژێمی ئێرن هەرگیز ئارەزوومەندانە پرۆژە نایاساییەکانی خۆی لەمەڕ چەکی ئەتۆم بە ئاژانس رانەگەیاندووە (راگەیاندراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران 2ی سەرماوەز).
تێچووی گشتیی رژێم بۆ پرۆژە ئەتۆمییەکان
پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی ناڕوونی رژێمی ئایینی تێچوویەکی زۆر قورسی خستۆتە سەر شانی خەڵکی ئێران. هەڵسەنگاندنەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم پرۆژانە زیاتر لە 2000 ملیارد دۆڵاری تێچووە. ئەم تێچووە لە کاتێکدایە کە زۆر لە دەزگا گرینگەکانی کۆمەڵگای ئێران بەرەوڕووی کێشەی ئابووری و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان بوونەتەوە.
دواوتە: هەنگاوێکی بەپەلە و پێویست!
ئەگەرچی گفتوگۆکردنەکانی رژێمی دیکتاتۆریی ئێران لەگەڵ شاندی ئاژانس بەردەوامە و وەزیری کاروبارەی دەرەوەی رژێم، عەباس عێراقچی وتوویەتی : ئەگەر رۆژئاوا بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی خۆی بۆ سزادانەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەوانەیە باسی ناوکیی لە ناوخۆی ئێران بەرەو ئاقاری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم هەنگاو بنێت. بەڵام ململانێکان گەیشتۆتە خاڵی هەستیار و لە ژێر کاریگەری هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکاندا، رژێمی ئێرانی تووشی قەیرانێکی جیدیی کردووە. ئەوەی نابێ بە جیدی وەربگیرێت، هەڕەشەکردنەکانی ئەم رژێمەیە و بەس!
پەسندکردنی بڕیاڕنامەکەی ئەم دواییانە، ئەگەرچی گرینگە، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ رێگریکردن لە گەشەسەندنی چالاکییە نایاساییە ئەتۆمییەکانی رژێمی ئێران. بۆ رێگریکردن لە تەیاربوونی ئەم رژێمە بە چەکی ناوکی، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەروەک خانمی مریەم رەجەوی وتی، بڕگەی چالاککردن (ماشە) لە بڕیاڕنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکار بخات و شەش بڕیاڕنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەربارەی پرۆژە ئەتۆمییەکانی رژێمی ئێران چالاک بکرێن.
نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، عەبدولڕەحمان گەورکی