ئەمەریکا داوای لەهەسەدە کردووە لە”کۆبانێ” بکشێتەوە

کۆبانێ

ئەمەریکا هەسەدەی ناچار کرد لەمەنبج بکشێتەوەو رادەستی گروپە چەکدارە سورییەکانی سەر بەتورکیای بکات، ئێستا هۆشداری داوە بەهەسەدە لەکۆبانی بکشێتەوە.

سەنتەری ڕەوابەت بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، لەڕاپۆرتیکدا ئاماژە بەململانێی ئەولەویەتیەکانی تورکیاو ئەولەویەتیەکانی ئەمەریکا دەکات لەسوریادا، یەکێک لەگرنگترین ئەو ناوچانەی ئەم ململانێیەی تیا دەرکەوتووە رۆژئاوای کوردستانە، کە دوای روخانی ئەسەد پێکدادان‌و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی تێدا ڕوویداوە، کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەرێوەبەری خۆسەری‌و هەسەدەیە، بەتایبەتی لەشارەکانی “مەنبج‌و تەل رەفعەت”. ئەم ناوچەیە، کە بە”رۆژئاڤا” ناودەبرێت، گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ تورکیاو ئەمەریکاش، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کاریگەریی لەسەر تورکیاو عێراق‌و سوریاش هەیە.

چەند کاتژمێرێک دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، هێزەکانی سوپای ئازادی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێت، هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن، ئەم شەڕانە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی ١٠٠ کەس لەهەردوولا، تا ئەمریکییەکان دەستوەردانیان کردو داوایان لەهێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد لەشاری مەنبەج بکشێنەوەو ڕادەستی چەکدارانی سوپای ئازادی بکەن.

ئەم پەرەسەندنە مەیدانییە، بووە مایەی بێزاری فەرماندەی هەسەدە (مەلزوم کۆبانێ)و رەخنەی لەم بڕیارەی ئەمەریکا گرت، چونکە هێزەکانی ناچار کرد شاری مەنبەج بەجێبهێڵن.

ئەمە لەکاتیكدایە کە ئەمەریکا هۆشداری داوە بە(هەسەدە) بۆ ئەوەی لەکۆبانێش پاشەکشە بکەن.

د.فەواز جەرجس، توێژەر لەزانکۆی لەندەن‌و شارەزا لەبواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەکەناڵی DWی ئەڵمانی راگەیاندوووە کە جەنراڵ مەزڵوم کۆبانێ رەخنەی لەئەمەریکا گرتووە لەبەرئەوەی پشتی تێکردون‌و لەبەردەم هەڕەشەکانی تورکیاو گروپە چەکدارە سورییەکانی سەر بەتورکیادا نەک وازی لێهێناون، بەڵکو هەسەدەیان ناچار کردووە لەمەنبج بکشێنەوە، ئەو دەڵێت “مەزڵوم رەخنەی گرتووە کە پنتاگۆن هۆشداری داوە بەهەسەدە دەستبەجێ لەمەنبەج بکشێنەوە، ئەگەر نەکشێنەوەو سەرپێچی بکەن، دەستبەردارتان دەبین. جەنرال کۆبانی سەری سوڕماوە کە ئەمەریکا دەستبەرداری کورد دەبێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا! بەڵام من سەیرم لەمەزڵوم کۆبانێ دێت بۆچی سەیری لێدێت ئەمەریکا وابکات، لەکاتێکدا ئەمەریکا هەمیشە دەستبەرداری ئەو هاوڕێ‌‌و هاوپەیمانانەی دەبێت کە دەبن بەبار بەسەریەوە، ئێستا تواناو هێزی تورکیا بێ ئەندازە گرنگ‌و جێی بایەخە بۆ ئەمەریکا، ئەمە جگە لەوەی تورکیا تاکە کەناڵی پەیوەندی ئەمەریکاشە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام. راستە ئەمەریکا لەنێوان چەکوشی هاوپەیمانی لەگەڵ هەسەدەو دەزگای پەیوەندی ستراتیجییە لەگەڵ تورکیا، بەڵام ئەوەی گۆڕاوە هاوسەنگی هێزە کە لەسەدا سەد لەبەرژەوەندی تورکیا گۆڕاوە. پێشبینی دەکرێ لەچەند هەفتەی داهاتوودا ئەمەریکا تیشکی سەوز بۆ تورکیا هەڵبکات، کەمپی زیندانیکراوەکانی داعش کۆنترۆڵ بکەن کە ئێستا بەدەست هەسەدەوەیە”.

دەشڵێت “ئەحمەد شەرع وا دەردەکەوێت کە جیهانبینی‌و روانینی بۆ جیهان تەواو گۆڕاوە، دوای روخانی ئەسەد، شێلگیرانە پەیام بۆ دنیا دەنێرێ کە نابین بەمەترسی بۆ جیهان‌، بەڕۆژئاوا دەڵێت هاوپەیمانی ئێوەین لەدژی ئێران‌و حزبوڵای لوبنان، ئەمە جگە لەوەی باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا، جێمس جێفری رایگەیاندووە کە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) لەپەیوەندی راستەوخۆدا بووە لەگەڵیداو خزمەتێکی زۆری بەئەمەریکا کردووە لەڕێگەی پێدانی زانیاری زۆر مەترسیدارو گرنگەوە کە بوونەتە هۆی ئاشکراکردنی شوێنی ئەبوبەکری بەغدادی‌و چەندین سەرکردەی دیکەی داعش‌و کوشتنیان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شام”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە تورکیاو سوپای ئازادی سوریای سەر بەتورکیا، هانی سەرۆک هۆزە عەرەبەکان دەدەن لەرەقەو حەسەکە بۆ ئەوەی لەدژی هەسەدە راپەڕن‌و فەرماندە عەرەبەکانی نێو هەسەدەش رادەکێشن بەلای خۆیان‌و هەیئەی تەحریری شامداو پێشبینی دەکرێ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات‌ کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان لەرۆژو هەفتەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی مەترسی ئەمنی زیاتر ببنەوە کاتێک ئەو گروپە چەکدارانەی لەلایەن تورکەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرش‌و پەلاماریان لەدژی هەسەدە دەست پێبکەنەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە