یەكەم پەیامی بەشار ئەسەد لەدوای كەوتنی رژێمەكەی

بەشار ئەسەد

بەشار ئەسەد، سەرۆكی هەڵاتوی سوریا لەدوای كەوتنی رژێمەكەی یەكەم پەیامی بڵاوكردەوەو دەڵێت، رۆژێك دوای كەوتنی دیمەشق سوریای بەرەو روسیا جێهێشتوە.

 ئەمڕۆ دوشەممە، كەناڵی “سەرۆكایەتی سوریا” لە تەلەگرام پەیامێكی بە ناوی بەشار ئەسەد، سەرۆكی هەڵاتوی سوریا بڵاوكردەوەو تێیدا باس لە جێهشتنی سوریاو دەستبەرداربونی لە حوكم دەكات.

بەشار ئەسەد لە پەیامەكەیدا وتویەتی”بەشێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو وڵاتم جێ نەهێشت وەك ئەوەی بڵاوكراوەتەوە، هەروەها لە دوایین ساتەكانی شەڕدا وڵاتم جێ نەهێشتوە، بەڵكو تاوەكو سەرلەبەیانی رۆژی یەكشەممە 8ی دیسمبەری 2024 لە دیمەشق مامەوەو چاودێری بەرپرسیارێتییەكانی خۆمم كرد.”

بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوەشداوە “لەگەڵ بەرفراوانبونی كۆنترۆڵی تیرۆر لەناو دیمەشق، بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستە روسەكان چومە لازقیە تاوەكو لەوێوە چاودێری پڕۆسەكانی شەڕ بكەم.”

ئەوەشی خستۆتەڕو”لەگەڵ گەیشتنم بە بنكەی سەربازی حمەیمیم لە كاتەكانی بەیانیدا، رون بوەوە كە هێزەكان لە سەرجەم بەرەكانی شەڕ كشاونەتەوەو دوایین پێگەی سوپا كەوتوە، لەگەڵ خراپتربونی دۆخی مەیدانی لەو ناوچەیەو هەڵكشانی هێرش بۆ سەر ئەو بنكە سەربازییە روسییەش بە درۆن…مۆسكۆ داوا لە فەرماندەی بنكە سەربازییەكە كرد كە دەستبەجێ كاربكەن بۆ جێهێشتی سەلامەتانەی بنكەكە بەرەو روسیا لە ئێوارەی رۆژی 8ی دیسمبەر واتە رۆژێك لەدوای كەوتنی دیمەشق. “

جەختیشی كردۆتەوە “لەماوەی ئەو روداوانەدا، بابەتی پەنابەرێتی یاخود دەستبەرداربون لە دەسەڵات لەلایەن خۆم و هیچ كەسێك و لایەنێكی دیكەوە پێشنیار نەكرا، تاكە بژاردەی پێشنیاركراوە بەردەوامبون بو لەسەر شەڕ بۆ بەرگریكردن لەدژی هێرشی تیرۆریستی.”

بەشار ئەسەد رەتیشیكردۆتەوە كە لەبەرامبەر مانەوەی خۆی “هیچ سازشێكی لەسەر گەلی سوریا” كردبێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە “رۆژێك لە رۆژان لەو كەسانە نەبوم كە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆست بدەم بۆ شەخسی خۆم، بەڵكو پێموابوە من خاوەن پڕۆژەیەكی نیشتمانیم…كاتێك دەوڵەت كەوتە دەست تیرۆر و توانای ئەوە نەما هیچ شتێك پێشكەش بكرێت، پۆست دەبێتە شتێكی بەتاڵ و بێ ماناو هیچ واتایەك نامێنێتەوە بۆ ماوەی بەرپرس لە پۆستەكەدا، ئەوەش بەهیچ شێوەیەك واتای ئەوە دەستبەرداربون لە ئینتیمای نیشتمانی رەسەن بۆ سوریاو گەلەكەی نایەت، بەڵكو ئینتیمایەكە كە هیچ پۆست و دۆخێك نایگۆڕێت و پڕە لە هیوا بۆ گەڕانەوەی سوریایەكی ئازاد و سەربەخۆ.”

سه رچاوه:  ئاوێنە

لێدوانێک بەجێ بهێلە