ک.م.م.ک:
بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کۆکراونەتەوە، لانیکەم ١١ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی ورمێ، سنه و زیندانی ئێڤین لە تاران، بە تۆمەتگەلی بەغی، افساد فیالارض و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانیان بۆدەرچووە و ٨ هاوڵاتی دیکەش مەترسی دەرکردنی سزای قورس یان لەسێدارەدانیان لە سەره.
زۆرێک لەو هاووڵاتیانە لە سەردەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەستبەسەر کراون و له ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و بەبێ ڕەچاوکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوه، که بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان له لای بنەماڵەی ئەم زیندانییانە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
دۆسیەی پەخشان عەزیزی و وریشه مورادی، مێحراب عەبدوڵڵازادە و حەمید حسێننژاد حەیدەرانلو، دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حوکمەکان، بۆ لێکۆڵینەوەی دووباره ڕەوانەی دادگای باڵا کران. بەڵام حوکمی حاتەم ئۆزدەمیر (هاوڵاتی باکوری کوردستان) و یوسف ئەحمەدی لە لایەن دادگای باڵا پشتڕاستکرایەوە.
هەروەها دۆسیەی پێنج هاووڵاتیی دیکە، کە بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لە دادگای باڵا له پرۆسەیەکی تایبەتدا له ژێر لێکۆڵینەوەدان. ناسنامەی ئەو هاووڵاتیانە بریتین له: شاهین وەساف، ئازاد شوجاعی، ڕەسوڵ ئەحمەد محەمەد (خەڵکی باشووری کوردستان)، ئیدریس ئالی و ناسر بەیگزاده.
پێویستە بگوترێ کە عەلی قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بەیگزادە بابا میری، جوانمێر مامخوسرەوی، محەمەد فەرجی، ڕەئوف شێخ مەعروفی و سلێمان ئەدهەمی، هەشت هاووڵاتین کە لە دادگاکانی ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی سنە، بۆکان و ورمێ، بە تۆمەتگەلی بەغی، موحاڕەبه و افساد فیالارض، مەترسی داسەپاندنی سزای سێدارەیان له سەرە.
خ.ع
The post ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دوایین دۆخی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.