هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدەو ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنی سەرۆکایەتییەکەی، دەڵێت “ئەم پارتە کوردییەی سوریا ئامادەیە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام سەبارەت بەئایندەی سوریا گفتوگۆ بکات”.
موسلیم بە بەشی تورکی بی بی سی راگەیاند هەیئەی تەحریری شام ئەم ماوەیە قسەی زۆر باشیان کردو چاوەڕێی ئەوە دەکەین ئەم قسانە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
راشیگەیاند “ئەگەر ئەم گروپە هەنگاوێک لەئێمە نزیک بێتەوە، ئێمە دوو هەنگاو بەرەو ئەوان دەنێین”.
موسلیم ڕەخنەی لە هێرشەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا (بەپاڵپشتی تورکیا) بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە لەناوچەکانی وەک منبج گرت، بەڵام لەهەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەنقەرە.
“یەکینەکانی پاراستنی گەل”ی سەر بەپەیەدە، پایەی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پێکدەهێنن.
ساڵح موسلیم لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2015 پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا هەبووەو تەنانەت گەشتێکی بۆ ئەنقەرە پایتەختی ئەم وڵاتە کردووە.
بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ناوی موسلیم خرایە لیستی “داواکراوان”ی وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە.
هەیئەی تەحریری شامیش وەک “گرووپێکی تیرۆریستی” لە تورکیا وەک زۆرێک لە وڵاتانی دیکە ناسراوە.
ساڵی ٢٠١٢ بەدەستپێشخەری پەیەدە، ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکهێنرا، کە ئێستا بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای بەدەستەوەیە.