چارەنوسی سوریا و ناچەکە لە دەستی عفریت دایە!

ابراهیم حسێن

تەواوی ناوچەکە و بە تایبەتی سوریا مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانیێەکی جیوسیاسی جیددی کۆنەپەرەستانەیە و بە سەراژێربوونەوەی لێشاوی گەلەی تیرۆریست و هەمەجی ئیسلامیە جۆراوجۆرەکانی ژێر عەبای ئۆردوغان و ئەمریکا لە جۆری تەحریری شام و گروپەکانی تری ئیسلامی و کەوتنی ئەسەد و سوپاکەی، ئیتر چارەنوسی ئەو کۆمەلگەیە و خەڵکەکەی کەوتۆتە دەستی عەفریتەوە. پەردەیەکی تری سینارۆیەکی ڕەشی تری چەندین ساڵە لەو وڵاتەدا بەسەر مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێشدا دەکرێتەوە کە دەتوانێ کۆمەلگە و مرۆڤایەتی دوچاری بەرەوپاشگەرانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەعنەوی گەورە بکاتەوە لە تەواوی ناچەکەدا.

چاوپێەکەوتنی bbc لەگەڵ محمد جۆلانی ئاماژەی ئەوەن کە ئەم جنسانە لە چ کونێکەوە هاتون و کێ دەپارێزن، بەلگەیەکی تری سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە ئەم ئیسلامە هەمجیە کوڕی شەرعی بەرژەوەندی سیاسی و جیوسیاسی کێن لە دنیادا و لەلایەکی ترەوە ئەو ڕاستیەی کە ڕۆژئاوا و ئەمریکا نەک هەرکێشەیان لەگەڵ مرۆڤکوژی و هەمەجیەت و تیرۆریست بوونی هیچ کەس و هێزێکدا نیە بۆ ئەوەی چارەنوسی خەڵکی ڕادەست بکەن بەڵکو ڕێکوڕەوان بۆ ڕێكخستنەوەیەکی کۆنەپەپەرستانەی دنیا و ناچەکە پێویستیان هێزی کۆنەپەرەستی ئیسلامی سیاسی هەیە، پێویستیان بە هێزی هەمەجی و کۆنەپەرستی وەکو داعش و تەحریری شام و قاعیدە و تاڵیبان هەیە. پێویستیان بە ئیخوانیزم و وەهابیزم هەیە. سیناریۆی هێنانە دەسەڵاتی ئیخوانیزم و وەهابیزمێکی دڵخوازی تورکیای ئۆردوغانی و بە مارکەی غەربی و گوێ لە مشتی ڕۆژئاوا و ئەمریکا، هەرچەندە دڕەندە و دڵڕەق و مرۆڤکوژ و تیرۆریست بێت، هەرچەندە دژی ژن و مەدەنیەت و لانیکەمی پێوەرەکانی مەدەنەیەتی مرۆڤایەتی بێت، ئەگەر لە ژێر عەبای ديموکراسیدا بێت و بەرژەوەندیەکانی ئەوان لە ژێر سایەی کوشتن و تیرۆری پیرۆز و اللە و اکبر دا پیادە بکات، دەکرێ لە قیتاری دیموکراسیدا بێت و هیچ کێشەیەکی نیە. دەکرێ تالیبان بیت بازاڕ و بازرگانی تریاک و حەشیش و شەریعەی شەلاق و بەردەبارانکردنی ژن پیادە بکەیت و دۆست و پاسەوانی بەرژەوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوای دیموکرات بیت.

ئیمپراتۆریەکی ئیخوانی- وەهابی ئۆردۆغانی بە موبارەکەی ڕۆژئاوا کە ئامادە بێت بازاڕی بێمافی و کاری هەرزان و چەوسانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچەرخێنێ و پێ لە مەرجەکانی ڕۆژئاوا لەو ناوچەیە نەترازێنێ، هەرچەندە بۆ میلۆنان مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژن و لاو کابوسێک بێت بەڵام بۆ ئەو ئەمریکاو ئەوروپا و هاوپەیمانە جیهانیەکانی خەون و ئارەزویەکی واقیعیانە. کەسانێک کە لەو باوەرەدا بوون کە وێرانکردنی ڕۆژهەڵات لە پێناو ئەوەیە کە داری بێبەری لیبڕالیزم و پەرلەمانتاریزم بڕیارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سەوز بکەن، دوای چەندین دەهە لە وێرانکاری مەدەنیەت لە ڕۆژهەڵات وباڵادەستی ئەو بزوتنەوە هار و درەندە دژی ژیان و مەدەنیەتە کە لە ژێر عەبای ئەو باںگەشە پوچانەی دنیای دیموکرات پەڕوباڵیان گرت و مرۆڤایەتیان لەو بەشەی دنیا بەو ڕۆژەی ئێستا گەیاند، لە باشترین حاڵەتدا دەبێ تەنیا دەتوانن لۆمەی خۆیان بکەن.

ئەگەرئالای جیهادی قێزەونی ئیسلامی گەلەی ئیسلامیە کەللەشەق و مۆرڤکوژەکانی ئیسلامی سیاسی لەم شکڵە توندەیدا ئامرازی ڕێکخستەوەیەکی کۆنەپەرەستانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەوا لە داهاتودا دەتوانن بە خەیاڵی ڕاحەت ئەو کۆمەڵگایانە بۆ دەورەیەکی درێژماوەتر ڕادەستی ئیسلامی رامکراوی جۆری ئۆردۆغانی و وەهابی بکەن.

ئیتر نەک هەر ئازادی و خۆشگوزەرانیەکی پایەدار بەڵکو تەنانەت ڕاوەستانێکی جیددی بۆ بەرگری لە مەدەنیەت و لانیکەمەکانی ژیانێکی مرۆڤانە کاری سۆسیالیزم و چینی کرێکارە. هەر قەترەیەک خوێن و هەر گیانێک کە لەم دۆزەخە دەپژێ و دەکوژێتەوە و هەر هەناسەساردی و بێدرەتانیەک کە مرۆڤی ئەمرۆ لە سوریا و غەززەوە تا دڵی پایتەختەکانی دنیای دیموکرات تاقی دەکاتەوە، باجی لاوازی جوڵانەوەی جیهانی سۆسیالیستی کرێکاریە لە مەیدانی جەنگ لەسەر دەسەڵات و لەدەستگرتنی چارەنوسی کۆمەڵگە و لە پێناو پێناو ڕزگاریەکی سۆسیالیستی.

٨.١٢.٢٠٢٤

لێدوانێک بەجێ بهێلە