ئێران لەسەر شەترەنجی سیاسیی جیهاندا!

عەبدولڕەحمان گەورکی

جوگرافیای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش ئەوەی بچێتە ناو ساڵی 2025ەوە، هەوێنی پێشهاتەگەلێکی گرینگە کە سەرنجی هەموو لایەکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. رژێمی ئایینی ئێران کە نزیکەی ٤٥ ساڵە خەڵکی ئەم وڵاتە چەوساندۆتەوە، جگە لە بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە نهێنی هەوڵی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دەدات! ڕۆڵێکی حاشا هەڵنەگریشی لە شەڕی ئۆکرانیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ئایا چالاکیی تێکدەرانەی رژێمی ئێران باس لە کۆتاییەکانی ئەم رژێمە دەکات؟ ئایا دەوڵەتانی سازشتکاری رۆژئاوا دەست لە سازان لەگەڵ ئەم رژیمە هەڵدەگرن؟ ئایا شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە دەکات یان ئاشتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ پەیامی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا لەم ڕووەوە چییە؟ وە لە کۆتاییدا، چارەسەری ڕاستەقینە چییە و پێویستە چی بکرێت؟

ئەمانە پرسیارگەلێکن نەک هەر ناتوانرێت بێ وەڵام بهێڵرێنەوە، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی واقیعی وەڵام بدرێنەوە. ساڵی ٢٠٢٤ بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەمساڵ نزیکەی (70) وڵاتی جیهان هەڵبژاردنیان کرد. لە ئێرانیش نومایشی هەڵبژاردن بەڕێوەچووە و مەسعوود پزیشکیان لەلایەن عەلی خامنەییەوە وەک سەرۆکی حکومەت دەستنیشانکرا. بەڵام لەم چەند مانگەی ناوبراو بە سەرۆک کراوە، نزیکەی ٤٠٠ نەیار لەسێدارە دراون و گرانی و هەژاری و بێکاری لە ئێراندا پەرەی سەندووە. بەشێکی زۆری بودجەی وڵات بۆ هێزە سەربازییەکان و پڕۆژەکانی تەرخانکراوە. ئەمانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ئۆکرانیا و بەتایبەتی لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

هەڵبژاردنی ئەمریکا و تیرۆریزمی ڕژێمی ئێران!
ئەمساڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بە تایبەتی بۆ خەڵکی ئێران گرینگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. سەرباری کۆسپگەلێکی میدیایی و یاسایی و دادوەری کە خرایە بەردمی کاندیدی کۆماریخوازەکان لە ئەمریکا (دۆناڵد ترامپ) و هەروەها کردەوەی تیرۆریستیی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران بۆ تیرۆرکردنی، ترەمپ نەک هەر بە شێوەیەکی موعجیزەیی ڕزگاری بوو، بەڵکوو هەروەها بە جیاوازییەکی زۆرەوە، لە کاندیدی پارتی دیموکراتی ئەمریکای بردەوە و وەک ٤٧هەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا.

دادگای فیدراڵی ئەمریکا ڕایگەیاند کە رژێمی ئێران لە پشت تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٤دا بووە. وەزارەتی دادی ئەمریکا سەبارەت بە پیلانگێڕیی رژێمی ئێران بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: کەم ئەکتەر لە جیهاندا هەن کە وەک ئێران هەڕەشەیەکی جددی بن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا. کەسێکی سەر بە رژێمی ئێران، راسپێردرابوو بۆ پێکهێنانی تۆڕێک لە هاوکارانی تاوانکار، بۆ پێشخستنی پیلانەکانی تیرۆرکردن و لەوانە تیرۆری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی خەڵکی ئەمریکا. ئەسۆشێتدپرێس نووسیویەتی: (ئێف بی ئای) پلانی تیرۆرکردنی ترەمپی پووچەڵکردەوە کە لە لایەن کەسێکی بەکرێگیراوی رژێمی ئێرانەوە هەنگاوی بۆ نرابوو.

دۆناڵد ترەمپ!
ڕژیمی ئێران دڵخۆش نییە بە کۆمارییەکان و بەتایبەت دۆناڵد ترەمپ. ترەمپ ئەو کەسە بوو کە فەرمانی کوشتنی (قاسم سولەیمانی)ی جێبەجێ کرد و لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ڕژێمی ئێران کشایەوە. ئەم ڕێوشوێنانە ئاماژەن بۆ هێڵی کاری داهاتووی کۆمارییەکان و بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ. هەربۆیە وەلی فەقیهی دەسەڵاتداری ئێران، جگە لە ڕەوتی رووخاندنی ڕژێمەکەی، لە ڕادەبەدەر نیگەرانە لە هاتنە سەر کاری دۆناڵد ترەمپ. لەبیرمان نەچێت کەسە نزیکەکانی ترامپ لە کابینەی پێشوودا، لە پشتیوانانی موقاومەتی ئێرانن کە ئەمەش نیگەرانییەکانی خامنەیی زیاتر کردووە! کەسایەتیی وەک مایک پێنس (جێگر)، جۆن بۆڵتۆن (راوێژکار)، مایک پۆمپیۆ (وەزیری دەرەوە)، ڕودی جولیانی (پارێزەری ترەمپ) و…

با ئاوڕێک لە رابردوو بدەینەوە. خامنەیی لە ٢٣ی جۆزەردانی 2019 لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن وتی: هیچ وەڵامێکم بۆ پەیامەکەی ترەمپ نییە و هیچ پەیامێکی پێ نادەم. چونکە ترەمپ بە شایستەی ئاڵوگۆڕکردنی پەیام نازانم”. خامنەیی بە ئاماژەدان بە قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ دانوستانی ڕاستگۆیانە لەگەڵ ئێران، بە بەڕێز ئابێی وت: ئێمە بە هیچ شێوەیەک باوەڕمان بەم شتە نییە. چونکە دانوستانی ڕاستگۆیانە لەلایەن کەسێکی وەک ترامپەوە دەرناچێت. لەم دیدارەدا خامنەیی هەروەها وتی: ئێمە پێمان وایە هیچ کام لە کێشەکانمان بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر نابێت. ئەمریکییەکان زۆرترین دوژمنایەتییان لەگەڵ ئێمەدا کرد و بەردەوامیشن لەم دوژمنایەتیکردنە”.

چەند نیشانەیەک لە پێشهاتەکانی داهاتوو!
میدیای تێلێگراف کە بنکەکەی لە لەندەنە، نووسیویەتی: هەڵبژاردنی ترامپ ڕژێمی ئێرانی مات کردووە. ئەم هەڵبژاردنە خراپترین سیناریۆی مومکینە بۆ خامنەیی و میلیشیا کێوییەکانی، واتە سوپای پاسداران. ئەم میدیایە نووسیویەتی: گەڕانەوەی ترامپ خراپترین کابوسی رژێمی ئێرانە و هەڕەشەیەکی ڕوونە بۆ سەر مانەوەی رژێم لە تاران. وەلی فەقێ بەرگەی گەڕانەوەی دوژمنەکەی بۆ کۆشکی سپی نەگرت. هەر بۆیەش لە مانگی ئەیلولدا فەرمانی تیرۆرکردنی ترامپی دەرکرد”.

میدیای فۆکس نیوز کە لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە، نووسیویەتی: ئێستا رژێمی ئێران دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیاوێک کە ساڵانێکە هەوڵی تیرۆرکردنی دەدات.

کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند: “برایان هوک باسی ئێرانی کرد وەک هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. بێگومان هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا گۆڕانکارییەکی بەرچاوە و کاریگەریی جیددی لەسەر دۆخی ئێران دەبێت. چونکە ئێران ناوەندی قەیرانەکانە لە ناوچەکە و تەنانەت لە جیهانیشدا. کوالیتی کاریگەریی سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە پەیوەستە بە پلان و سیاسەتی ترەمپ و ئەولەویەتەکانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەت و ئابووری ناوخۆیی ئەمریکا، شەڕی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، شەڕی ئیسرائیل و غەززە و لوبنان و ئاراستەی ستراتیژی ئەم دوو شەڕە. ئەوەی جێی گومان نییە ئەوەیە کە “خولی دووەم”ی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ زۆر جیاواز دەبێت لەگەڵ “خولی یەکەم”. هەر بۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت بەهۆی کاریگەرییەکانی بەسەر بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەمەریکاوە، هەوێنی پێشهاتە گرینگەکانە و ئەگەرێکی “چارەنووسساز”ە.

رووخاندنی رژێمی ویلایەتی فەقیهی!
لەناوچوونی رژێمی مەزهەبی لە ئێران، لە لوتکەی قەیرانانەکانی رژێمی ئێراندایە. خەڵکی ئێران ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت و لێی بێزارن. هەروەک چۆن لە دیکتاتۆریی پاشایەتی بێزار بوون و ڕووخاندیان. وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار نیگەرانە لەمجۆرە توڕەییە و هەموو چالاکی و هەوڵەکانی لە هەردوو دیوی سنوورەکاندا لەم ڕوانگەیەوەیە. هەڵگیرسانی شەڕ لەدەرەوەی سنوورەکان و هەناردەکردنی بیری کۆنەپەرستانەی خۆی بۆ وڵاتانی دیکە و پەرەپێدانی تیرۆر و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمیش هەر بۆ هەمان مەبەستە. ئێستا هەموو ئەم قەیران و پێشهاتانە، زەنگی کۆتایی ئەم دەسەڵاتەیان لێداوە و ئێستا کاتی رووخاندنی دەسەڵاتی ئایینیی ئێران هاتووە. خامنەیی باش دەزانێت کە رووخاندنی ڕژێمەکەی لەسەر دەستی خەڵکی ئێڕان دەبیت و نەک لەسەر دەستی حکومەتە دەرەکییەکان.
هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر ئێران!

هەرچەندە لە خولی پێشوودا، ترامپ رێککەوتننامەی ئەتۆم لەگەڵ رژێمی ئێرانی دڕاند و لە رێککەوتننامەکە پاشەکشەی کرد و هەرچەند فەرمانی کوژرانی (قاسم سلێمانی)ی دەرکرد و ئێستایشی لەگەڵدا بێت لێی پەشیمان نیە شانازی بەو کارە مێژووییەوە دەکات، برایان هوک، بەرپرسێکی ئیدارەی پێشووی ترامپ ڕایگەیاند: “سەرۆک ترامپ هیچ حەزی بە گۆڕینی رژێمی ئێران نییە و وەک لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا چەندین جار دووبارەی کردەووەتەوە، بڕیار سەبارەت بە داهاتووی ئێران لای گەلی ئێرانە”. هەربۆیە یەکەم دەرەنجامی دەستبەکاربوونی ترامپ دەتوانێت ئەوە بێت کە “ترامپ لە بنەڕەتدا دژی تێوەگلانی ئەمریکایە لە شەڕە دوورەکاندا”. چونکە ئامادە نییە تێچووی مرۆیی و ماددی بۆ پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بدات. هوک وتی: “ترامپ دەزانێت هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕژێمی ئێرانە” هوک لەم چاوپێکەوتنەدا وتیشی: “ئامانجی ئیدارەی نوێی ترامپ گۆشەگیرکردنی حکومەتی ئێران دەبێت”. (سی ئێن ئێن، ١٧ی گەڵاڕێزانی 2024)

لەبیرمان نەچێت کە موقاومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە وتوویەتی و پێی وایە “ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران کاری خەڵک و موقاومەتی ئێرانە” و هەرگیز چاوی لە دەوڵەتانی دەرەکی نەبووە بۆ گۆڕینی رژێم لە ئێران و دروشمی موقاومەت “سەربەخۆیی” بووە و بە کردەوەش کاری بۆ کردووە.

دوا وشە!
کاتێک ئەم دوو ستراتیژییە لە تەنیشت یەک دادەنێین و بەراوەردیان دەکەین، سەرەڕای جیاوازییەکانیان، یەکدەگرنەوە. ئامرازی سەرەکی ترامپ لە پێوەندی لەگەڵ ڕژێمی ئایینی ئێران کە تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردنی لەسەر خاکی ئەمریکا داوە، زیندووکردنەوەی “زۆرترین گوشار” و ئەگەری لێدانی هێزە نیابەتییەکانی رژێمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانە. ڕژێمی دەسەڵاتدار لە ئێرانیش ئاگاداری حەزی بەهێزی ترامپە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی فرەرەهەند و هەمەلایەنە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە خامنەیی زۆر باش دەزانێت کە خەڵک و موقاومەتی ئێران لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی و هەرچەندە ڕەنگە درەنگ و زوویی هەڵبگرێت، بەڵام بێ ئەملاوئەولایە و حەتمییە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە